لۆقا 9

9
1 دوازده‌كه‌‌ی بانگكرد، هێز و ده‌سه‌ڵاتی پێدان به‌سه‌ر هه‌موو شه‌یتانه‌كان و نه‌خۆشییه‌كان، بۆ چاكبوونه‌وه‌، 2 ناردنی تاكو موژده‌ی پاشایه‌تی خودا بده‌ن و نه‌خۆش چاكبكه‌نه‌وه‌. 3 پێی فه‌رموون: “بۆ ڕێگا هیچ هه‌ڵمه‌گرن، نه‌ گۆچان و نه‌ توره‌گه‌، نه‌ نان و نه‌ زیو، كه‌سیش دوو كراسی نه‌بێت. 4 چوونه‌ هه‌ر ماڵێک له‌وێ بمێننه‌وه‌ و له‌وێوه‌ ده‌رچن. 5 هه‌ر كه‌سێک په‌سه‌ندتان نه‌كات، له‌و شاره‌ ده‌رچن و تۆزی پێشتان بته‌كێنن، بۆ گه‌واهی له‌سه‌ریان”. 6 كاتێ ده‌رچوون و به‌ گونده‌كاندا ده‌گه‌ڕان، موژده‌یان ده‌دا و له‌ هه‌موو لایه‌ک خه‌ڵكیان چاكده‌كرده‌وه‌.
7 هیڕوودسی تیترارک هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی بیسته‌وه‌ كه‌ ڕوویده‌دا و سه‌ری سوڕما، چونكه‌ هه‌ندێک ده‌یانووت: “یوخه‌ننه‌ن له‌نێو مردووان هه‌ستاوه‌ته‌وه‌”. 8 هه‌ندێكیش ده‌یانووت: “ئیلییا ده‌ركه‌وتووه‌”. كه‌سانی دیكه‌ش: “یه‌كێک له‌ پێغه‌مبه‌رانی كۆنه‌ هه‌ستاوه‌ته‌وه‌”. 9 هیڕوودسیش وتی: “خۆم سه‌ری یوخه‌ننه‌نم لێكرده‌وه‌، ئه‌ی ئه‌مه‌ كێیه‌ شتی وا ده‌رباه‌ری ده‌بیستم؟” بۆیه‌ هه‌وڵی ده‌دا بیبینێت.
10 كاتێ په‌یامبه‌ران گه‌ڕانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی كردبوویان بۆ ئیشۆعیان گێڕایه‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وانی برد و به‌ ته‌نیا بۆ شارێک چوو ناوی به‌یتسه‌یده‌ن بوو. 11 كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ زانییان، دوای كه‌وتن، ئه‌ویش پێشوازی لێكردن و باسی پاشایه‌تی خودای بۆ فه‌رموون، ئه‌وانه‌ی پێویستییان به‌ چاكبوونه‌وه‌ بوو چاكیكردنه‌وه‌. 12 كاتێ ڕۆژ به‌ره‌و ئاوابوون ده‌چوو، دوازده‌كه‌ هاتن و پێیان وت: “كۆمه‌ڵه‌كه‌ به‌ڕێبكه‌ با بڕۆنه‌ گوند و دێیه‌كانی ده‌وروبه‌رمان، تاكو له‌وێ بمێننه‌وه‌ و خواردنیش په‌یدا بكه‌ن، چونكه‌ لێره‌ له‌ شوێنێكی چۆڵداین”. 13 پێی فه‌رموون: “ئێوه‌ شتێكیان بده‌نێ با بیخۆن”. وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “له‌ پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییه‌، مه‌گه‌ر بڕۆین بۆ هه‌موو گه‌له‌كه‌ نان بكڕین”. 14 چونكه‌ نزیكه‌ی پێنج هه‌زار پیاو ده‌بوون. ئینجا به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “به‌ كۆمه‌ڵ دایاننیشێنن، هه‌ریه‌كه‌ په‌نجا په‌نجا”. 15 جا وایان كرد و هه‌موویان دانیشاندن. 16 ئینجا پێنج نانه‌كه‌ و دوو ماسییه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و چاوی هه‌ڵبریه‌ ئاسمان و داڕشتی كردن و له‌تیكردن، دایه‌ قوتابییه‌كان تاكو له‌به‌رده‌می خه‌ڵكه‌كه‌ی دابنێن. 17 هه‌موو خواردیان و تێربوون. له‌و له‌ته‌نانه‌ی لێیان مایه‌وه‌ دوازده‌ سه‌به‌ته‌ هه‌ڵگیرایه‌وه‌.
18 كاتێ ئیشۆع به‌ ته‌نیا نوێژی ده‌كرد، قوتابییه‌كان له‌گه‌ڵی بوون، لێی پرسین و فه‌رمووی: “خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌ڵێن من كێم؟” 19 وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و وتیان: “یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار، هه‌ندێكیش ئیلییا، خه‌ڵكی دیكه‌ش پێغه‌مبه‌رێكی كۆنه‌كانه‌ هه‌ستاوه‌ته‌وه‌”. 20 پێی فه‌رموون: “ئه‌ی ئێوه‌، ده‌ڵێن من كێم؟” په‌تڕۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “مه‌سیحی خودا!”. 21 ئه‌ویش ئاگاداری كردنه‌وه‌ و ڕایسپاردن ئه‌مه‌ به‌ كه‌س نه‌ڵێن. 22 هه‌روه‌ها فه‌رمووی: “ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێت زۆر ئازار بچێژێت و پیران و كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ڕه‌تی بكه‌نه‌وه‌، بكوژرێت و له‌ ڕۆژی سێیه‌م هه‌ستێته‌وه‌”.
23 ئینجا به‌ هه‌مووانی فه‌رموو: “ئه‌گه‌ر یه‌كێک ویستی دوام بكه‌وێت، با نكۆڵی له‌ خۆی بكات و ڕۆژانه‌ خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت و دوام بكه‌وێت. 24 چونكه‌ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت خۆی ڕزگار بكات ده‌یدۆڕێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی من خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری ده‌كات. 25 چونكه‌ چی به‌كه‌ڵكی مرۆڤ دێت ئه‌گه‌ر هه‌موو جیهان بباته‌وه‌ و خۆی بدۆڕێنێت یان له‌ ده‌ستی بدات؟ 26 چونكه‌ ئه‌وه‌ی شه‌رمی به‌ من و به‌ وته‌كانم بێت، ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش شه‌رمی پێی ده‌بێت، كاتێ به‌ شكۆی خۆی و باوک و فریشته‌ پارسا‌كانه‌وه‌ دێته‌وه‌. 27 ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: هه‌ندێک له‌وانه‌ی لێره‌ ڕاوه‌ستاون مه‌رگ ناچێژن تاكو پاشایه‌تیی خودا ده‌بینن”.
28 نزیكه‌ی هه‌شت ڕۆژ دوای ئه‌م فه‌رموودانه‌، په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌ن و یاقووی برد و سه‌ركه‌وته‌ سه‌ر چیایه‌ک تاكو نوێژ بكات. 29 كاتێ نوێژی ده‌كرد، شێوه‌ی ڕووخساری گۆڕا و جله‌كانی سپی بریسكه‌دار هه‌ڵگه‌ڕان. 30 دوو پیاویش له‌گه‌ڵی ده‌دووان، مووشێ و ئیلییا بوون. 31 به‌ شكۆوه‌ ده‌ركه‌وتن و له‌باره‌ی ده‌رچوونه‌كه‌ی كه‌ خه‌ریكبوو له‌ یروشلایم ته‌واوی بكات قسه‌یان كرد. 32 به‌ڵام په‌تڕۆس و هاوڕێیانی خه‌و چاوی قورس كردبوون، كاتێ خه‌به‌ریان‌ بووه‌وه‌ شكۆی ئه‌و و دوو پیاوه‌كه‌یان بینی كه‌ له‌گه‌ڵی ڕاوه‌ستابوون. 33 كاتێ لێی جیا ده‌بوونه‌وه‌، په‌تڕۆس به‌ ئیشۆعی وت: “ڕابی، پێمان باشه‌ لێره‌ بین. با سێ كه‌پر هه‌ڵبده‌ین، یه‌كێک بۆ تۆ، یه‌كێک بۆ مووشێ، یه‌كێكیش بۆ ئیلییا”. نه‌یده‌زانی چی ده‌ڵێت. 34 كاتێ ئه‌م قسانه‌ی ده‌كرد، هه‌ورێک هات و سێبه‌ری خسته‌ سه‌ریان، كه‌ كه‌وتنه‌ نێو هه‌وره‌كه‌، ترسان. 35 ده‌نگێک له‌ نێو هه‌وره‌كه‌وه‌ هات و فه‌رمووی: “ئه‌مه‌یه‌ ڕۆڵه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌م، گوێی لێ بگرن”. 36 كه‌ ده‌نگه‌كه‌ دووا، ئیشۆع به‌ ته‌نیا بینرا. ئه‌وانیش بێده‌نگ بوون و له‌و ڕۆژانه‌دا له‌لای كه‌س باسی ئه‌و شتانه‌یان نه‌كرد كه‌ بینییان.
37 بۆ به‌یانی، كه‌ له‌ چیاكه‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌، كۆمه‌ڵێكی زۆر تووشی بوون. 38 له‌نێوان كۆمه‌ڵه‌كه‌دا پیاوێک هاواری كرد: “ڕابی، لێت ده‌پاڕێمه‌وه‌ ته‌ماشای كوڕه‌كه‌م بكه‌، چونكه‌ تاقه‌ كوڕمه‌. 39 ڕووحێک ده‌یبات و له‌ناكاو هاوار ده‌كات، خووگرتی ده‌كات و كه‌ف ده‌كات، به‌ زه‌حمه‌ت وازی لێ ده‌هێنێت و برینداری ده‌كات. 40 له‌ قوتابییه‌كانت پاڕامه‌وه‌ تاكو ده‌ریبكه‌ن، به‌ڵام نه‌یانتوانی”. 41 ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئه‌ی نه‌وه‌ی بێباوه‌ڕ و چه‌وت، تا كه‌ی له‌گه‌ڵتان بم و به‌رگه‌تان بگرم؟ كوڕه‌كه‌ت بهێنه‌ ئێره‌!”. 42 كاتێ كوڕه‌كه‌ ده‌هات، شه‌یتانه‌كه‌ ڕایته‌كاند و خووگرتی كرد، ئیشۆعیش له‌ ڕووحه‌ گڵاوه‌كه‌ی ڕاخوڕی و كوڕه‌كه‌ی چاككرده‌وه‌، ڕاده‌ستی باوكی كرد. 43 هه‌موو له‌ مه‌زنایه‌تیی خودا سه‌رسام بوون. كاتێ هه‌موو سه‌رسام مابوون له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی ئیشۆع كردی، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: 44 “با ئه‌م وته‌یه‌ بچێته‌ گوێتانه‌وه‌: وا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ستی خه‌ڵک ده‌كرێت”. 45 به‌ڵام ئه‌وان ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ تێنه‌گه‌یشتن، لێیان شاردرابووه‌وه‌ تاكو حاڵی نه‌بن، ترسان ده‌رباه‌ری ئه‌م فه‌ردمووده‌یه‌ پرسیشی لێ بكه‌ن.
46 بیركردنه‌وه‌یه‌ک له‌نێوانیان په‌یدا بوو، كامیان مه‌زنتره‌؟ 47 ئیشۆع به‌ ئه‌ندێشه‌یانی زانی، منداڵێكی هێنا و له‌لای خۆی ڕایگرت، 48 پێی فه‌رموون: “ئه‌وه‌ی به‌ ناوی منه‌وه‌ ئه‌م منداڵه‌ په‌سه‌ند بكات، ئه‌وا منی په‌سه‌ند كردووه‌، ئه‌وه‌ش من په‌سه‌ند بكات، ئاوا ئه‌وه‌ی په‌سه‌ند كردووه‌ كه‌ ناردوومی. چونكه‌ بچووكترینی هه‌مووتان مه‌زنتره‌”.
49 یوخه‌ننه‌ن وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “ڕابی، یه‌كێكمان بینی به‌ ناوی تۆوه‌ شه‌یتانی ده‌رده‌كرد، نه‌مانهێشت چونكه‌ له‌گه‌ڵمان دوات ناكه‌وێت”. 50 ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “قه‌ده‌غه‌ی لێ مه‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی دژمان نه‌بێت، له‌گه‌ڵمانه‌”.
51 كه‌ ڕۆژانی به‌رزكردنه‌وه‌ی نزیكبووه‌وه‌، ڕووی خۆی چه‌سپاند تا به‌ره‌و یروشلایم بڕوات. 52 په‌یامبه‌ری له‌پێش خۆی نارد، ئه‌وانیش ڕۆیشتن و چوونه‌ گوندێكی شمرنیه‌كان تاكو شوێنی بۆ ئاماده‌ بكه‌ن، 53 به‌ڵام پێشوازییان لێ نه‌كرد، چونكه‌ به‌ره‌و یروشلایم ده‌چوو. 54 كاتێ یاقوو و یوخه‌ننه‌نی قوتابییانی ئه‌وه‌یان بینی، وتیان: “په‌روه‌ردگار، ده‌ته‌وێ داوا بكه‌ین له‌ ئاسمانه‌وه‌ ئاگر بێته‌ خواره‌وه‌ و له‌ناویان ببات، وه‌كو ئیلییا وای كرد؟” 55 ئاوڕی دایه‌وه‌ و سه‌رزه‌نشتی كردن و فه‌رمووی: “ئێوه‌ نازانن له‌ چ ڕووحێكن!”. 56 چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ نه‌هاتووه‌ تاكو گیانی خه‌ڵكی له‌ناوببات، به‌ڵكو بۆئه‌وه‌ی ڕزگاری بكات” ئینجا چوونه‌ گوندێكی دیكه‌.
57 كاتێ به‌ ڕێگادا ده‌ڕۆیشتن، یه‌كێک پێی وت: “گه‌وره‌م، بۆ كوێ بڕۆیت دوات ده‌كه‌وم”. 58 ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ڕێوی كونی هه‌یه‌ و باڵنده‌ی ئاسمانیش هێلانه‌، به‌ڵام ڕۆڵه‌ی مرۆڤ جێیه‌كی نییه‌ سه‌ری لێ دابنێت”. 59 به‌ یه‌كێكی دیكه‌ی فه‌رموو: “دوام بكه‌وه‌”. ئه‌مه‌یان وتی: “گه‌وره‌م، ڕێگام بده‌ یه‌كه‌مجار بچم باوكم بنێژم”. 60 ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “با مردووان مردووه‌كانیان بنێژن، به‌ڵام تۆ بڕۆ بانگه‌وازی پاشایه‌تی خودا بكه‌”. 61 یه‌كێكی دیكه‌ش وتی: “گه‌وره‌م، دوات ده‌كه‌وم، به‌ڵام جارێ لێم گه‌ڕێ با ماڵئاوایی له‌ خانه‌واده‌كه‌م بكه‌م”. 62 ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “كه‌سێک ده‌ست له‌سه‌ر گاسن دابنێت و ئاوڕ له‌ دواوه‌ بداته‌وه‌، به‌كه‌ڵكی پاشایه‌تیی خودا نایه‌ت”.

S'ha seleccionat:

لۆقا 9: PNTZS

Subratllat

Comparteix

Copia

None

Vols que els teus subratllats es desin a tots els teus dispositius? Registra't o inicia sessió