2
هاتنی ڕۆحی پیرۆز
1کە ڕۆژی پەنجایەمین#2:1 پەنجایەمین ڕۆژ لەدوای جەژنی پەسخە، هەروەها ڕۆژی جەژنی دروێنەیە، بڕوانە دەرچوون 23:16–34:22 و دواوتار 16:9-12. هات، هەموو باوەڕداران پێکەوە لە یەک شوێندا بوون، 2لەناکاو دەنگێک لە ئاسمانەوە وەک ڕەشەبا هات، ئەو ماڵەی پڕکرد کە تێیدا دانیشتبوون. 3ئینجا چەند زمانێکی دابەشبوو وەک ئاگر بۆیان دەرکەوت و لەسەر هەریەکەیان نیشتەوە. 4جا هەموویان پڕبوون لە ڕۆحی پیرۆز و دەستیان پێکرد بە زمانەکانی دیکە بدوێن، وەک ڕۆح پێی بەخشین.
5لەو کاتەدا جولەکەی لەخواترسی هەموو نەتەوەکانی ژێر ئاسمان لە ئۆرشەلیم مابوونەوە. 6کاتێک دەنگەکە هات، خەڵک کۆبوونەوە و بووە پەشێوی، چونکە هەریەکەیان گوێی لە زمانی خۆی دەبوو پێی دەدوان. 7حەپەسابوون و بە سەرسامییەوە گوتیان: «باشە هەموو ئەوانەی قسە دەکەن جەلیلی نین؟ 8ئەی چۆن هەریەکەمان گوێی لە زمانی دایکیی خۆی دەبێت؟ 9ئێمەی خەڵکی پەرتیا و میدیا و ئیلامی، دانیشتووانی میسۆپۆتامیا، یەهودیا و کەپەدۆکیا، پۆنتۆس و ئاسیا، 10فریجیا و پامفیلیا، میسر و ناوچەکانی لیبیای ڕووەو کورێن#2:10 گەورەترین شار لە وڵاتی لیبیا لەم سەردەمەدا.، هەروەها میوانەکانی ڕۆما، 11جولەکە و ئەوانەشی ببوون بە جولەکە، کریتی و عەرەب، ئەوەتا گوێمان لێیانە بە زمانی خۆمان باسی کردارە مەزنەکانی خودا دەکەن.» 12هەموو سەرسام و حەپەسا بوون، بە یەکتریان دەگوت: «دەبێ ئەمە واتای چی بێت؟»
13هەندێکی دیکە بە گاڵتە پێکردنەوە دەیانگوت: «شەرابی نوێیان زۆر خواردووەتەوە.»
یەکەم وتاری پەترۆس
14پەترۆس لەگەڵ یازدە نێردراوەکەی دیکەی عیسا ڕاوەستا، بە دەنگی بەرز بە خەڵکی ڕاگەیاند: «ئەی پیاوانی جولەکە و هەموو ئەوانەی لە ئۆرشەلیم دانیشتوون، با ئەمە لەلاتان زانراو بێت و گوێ لە قسەکانم بگرن، 15چونکە وەک بیردەکەنەوە ئەمانە سەرخۆش نین، لەبەر ئەوەی هێشتا کاتژمێر نۆی#2:15 یۆنانی: کاتژمێری سێیەم. بەیانییە! 16بەڵکو لە ڕێگەی پێغەمبەر یۆئێلەوە گوتراوە:
17«﴿خودا دەفەرموێ، لە ڕۆژانی کۆتاییدا
ڕۆحم بەسەر هەموو خەڵکدا دەڕێژم.
کوڕان و کچانتان پەیامی خودا ڕادەگەیەنن،
گەنجانتان بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت،
پیرەمێردەکانتان خەون دەبینن.
18تەنانەت بەسەر بەندە و کەنیزەکانیشم،
لەو ڕۆژانەدا ڕۆحی خۆم دەبارێنم و
ئەوانیش پەیامی خودا ڕادەگەیەنن.
19لە سەرەوە لە ئاسمان پەرجوو#2:19 پەرجوو: موعجیزە. و
لە خوارەوە لەسەر زەوی نیشانە دەکەم:
خوێن و ئاگر و ستوونی دووکەڵ.
20خۆر دەبێتە تاریکی و
مانگیش دەبێتە خوێن،
بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و شکۆداری یەزدان بێت.
21جا هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە،
ڕزگاری دەبێت.﴾#2:21 یۆئێل 2:28-32
22«پیاوانی ئیسرائیل، گوێ لەم قسانە بگرن: عیسای ناسیرەیی پیاوێکە بۆتان سەلمێنرا، بە پەرجوو و کاری مەزن و نیشانە لەلایەن خوداوە لایەنگری کراوە، کە خودا لە ڕێگەی ئەوەوە لەنێوتان ئەنجامی دا، وەک خۆتان دەزانن. 23ئەم بەگوێرەی خواستی بڕیارلەسەردراو و زانینی پێشووی خودا داتانە دەست، بە دەستی گوناهباران لە خاچتان دا و کوشتتان. 24بەڵام خودا هەڵیستاندەوە و لە ئازاری مردن ئازادی کرد، لەبەر ئەوەی نەدەکرا لە چنگیدا بمێنێتەوە. 25سەبارەت بە ئەو داود گوتوویەتی:
«﴿هەمیشە یەزدانم لەبەردەمم دەبینی،
لەبەر ئەوەی لەلای دەستەڕاستمەوەیە، ناهەژێم.
26بۆیە دڵشادم و زارم خۆشی دەردەبڕێت،
تەنانەت جەستەم لە هیوادا نیشتەجێ دەبێت،
27چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا#2:27 یۆنانی: هادیس: بڕوانە پەراوێزی مەتا 11:23. بەجێناهێڵیت،
هەروەها ڕێگا نادەیت دڵسۆزەکەی تۆ لەناو گۆڕ بۆگەن بێت.
28ڕێگاکانی ژیانت پێ ناساندم،
تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە.﴾#2:28 زەبوورەکان 16:8-11
29«برایان، با بە ڕاشکاوی پێتان بڵێم کە داودی باوکمان مرد و نێژرا، گۆڕەکەشی تاکو ئەمڕۆ لەلامانە. 30ئەویش کە پێغەمبەر بوو، دەیزانی خودا سوێندی خواردووە و بەڵێنی پێداوە کە لە بەری پشتی ئەو لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت. 31پێشبینیی کرد و باسی هەستانەوەی مەسیحەکەی#2:31 بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ مەشیخ یان مەشیح. بە زمانی یۆنانی دەبێتە کریستۆس، کە بە واتای (دەستنیشانکراو) لەلای خودا دێت کە ڕزگارکەری گەلەکەیەتی. بڕوانە یەکەم ساموئێل 16. کرد، کە نە لە جیهانی مردوواندا بەجێهێڵرا و نە جەستەشی بۆگەن بوو. 32ئەم عیسایە خودا هەڵیستاندەوە، ئێمەش هەموومان شایەتین بۆی. 33ئینجا بۆ لای دەستەڕاستی خودا بەرزکرایەوە کە بەڵێنی ڕۆحی پیرۆزی لە باوکەوە وەرگرت، ئەمەی ڕژاند کە ئێوە دەیبینن و دەیبیستن. 34داود بۆ ئاسمان بەرز نەکرایەوە، بەڵکو خۆی دەڵێت:
«﴿یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو:
”لە دەستەڕاستم دابنیشە
35هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ#2:35 تەختەپێ: لەبەر بەرزی ئاستی کورسی مێزێکی بچووکە دەخرێتە ژێر پێ. بۆ پێیەکانت.“﴾#2:35 زەبوورەکان 110:1
36«بۆیە با هەموو ماڵی ئیسرائیل بە دڵنیاییەوە بزانن کە ئەم عیسایەی ئێوە لە خاچتان دا، خودا کردی بە مەسیحی خاوەن شکۆ.»
37کاتێک ئامادەبووان گوێیان لەم قسانە بوو، کاری کردە سەر دڵیان، بە پەترۆس و نێردراوانی دیکەیان گوت: «برایان، چی بکەین؟»
38پەترۆس وەڵامی دانەوە: «تۆبە بکەن، با هەریەکەتان بە ناوی عیسای مەسیحەوە لە ئاو هەڵبکێشرێت بۆ لێخۆشبوونی گوناهەکانتان و ڕۆحی پیرۆز بە دیاری وەردەگرن. 39ئەم بەڵێنەش بۆ خۆتان و منداڵەکانتان و بۆ هەموو ئەوانەیە کە دوورن#2:39 ئەوانەی دوورن: مەبەستی لەوانەیە کە لە نەتەوەکانی دیکەن و یەزدان بانگیان دەکات. و یەزدانی پەروەردگارمان بانگیان دەکات.»
40بە زۆر قسەی دیکەش ئاگاداری کردنەوە و لێیان پاڕایەوە: «خۆتان لەم نەوە لار و چەوتە ڕزگار بکەن.» 41ئەوانەی کە قسەکەیان وەرگرت لە ئاو هەڵکێشران، لەو ڕۆژەدا نزیکەی سێ هەزار کەس هاتنە ڕیزی باوەڕدارانەوە.
هاوبەشیی باوەڕداران
42ئیتر ئەوان پەیوەستبوون لەسەر فێرکردنی نێردراوان و هاوبەشییەتی#2:42 پێکەوە ژیان و بەشداریکردنی یەکتر لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە.، لەتکردنی نان#2:42 پێکەوە نانخواردن و دواتریش یادکردنەوەی شێوی مەسیح. بڕوانە یەکەم کۆرنسۆس 11:23. و نوێژکردن. 43هەموو لە ناخەوە سام دایگرتبوون، چونکە زۆر پەرجوو و نیشانە لەسەر دەستی نێردراوان کران. 44باوەڕداران هەموو پێکەوە بوون و لە هەرچی هەیانبوو هاوبەش بوون. 45ماڵوموڵکی خۆیان دەفرۆشت و بەگوێرەی پێویستی هەریەکەیان دابەشیان دەکرد. 46ڕۆژانە بە یەک دڵ بەردەوام لە حەوشەکانی پەرستگا دەبوون، لە ماڵەکاندا نانیان لەتدەکرد، بە خۆشی و دڵپاکییەوە پێکەوە نانیان دەخوارد، 47ستایشی خودایان دەکرد و لەلای هەموو خەڵک پەسەند بوون. مەسیحی خاوەن شکۆش ڕۆژانە ئەوانەی دەهێنایە پاڵیان کە ڕزگاریان دەبوو.