کردار 4

4
پەترۆس و یۆحەنا لە ئەنجومەنی باڵادا
1کاتێک پەترۆس و یۆحەنا قسەیان بۆ خەڵکەکە دەکرد، کاهینان و سەرۆکی پاسەوانی پەرستگا و سەدوقییەکان هاتنە لایان، 2زۆر لێیان پەست بوون، چونکە خەڵکیان فێردەکرد و دەیانگوت کە مردووان زیندوو دەبنەوە هەروەک چۆن عیسا زیندووبووەوە. 3بۆیە پەترۆس و یۆحەنایان گرت و لەبەر ئەوەی دەمەو ئێوارە بوو، هەتا بەیانی لە زیندانیان کردن. 4بەڵام زۆر لەوانەی گوێیان لە قسەکان بوو باوەڕیان هێنا و ژمارەی پیاوان گەیشتە پێنج هەزار.
5بۆ بەیانی پێشەوایان و پیران و مامۆستایانی تەورات لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە، 6لەگەڵ حەنای سەرۆکی کاهینان و قەیافا و یۆحەنا و ئەسکەندەر و هەموو ئەوانەی لە تیرەی سەرۆکی کاهینان بوون. 7پەترۆس و یۆحەنایان لە ناوەڕاست ڕاگرت و پرسیاریان لێکردن: «بە چ هێزێک و بە چ ناوێک ئەمەتان کرد؟»
8لەو کاتەدا پەترۆس پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز، پێی گوتن: «ئەی پێشەوایانی گەل و ئەی پیران، 9ئەگەر ئەمڕۆ لەسەر چاکەیەک کە بۆ پەککەوتەیەک کراوە، لێکۆڵینەوەمان لەگەڵ دەکەن و لێمان دەپرسن کە بە چی چاک بووەتەوە، 10ئەوا با لەلای هەمووتان و هەموو گەلی ئیسرائیل زانراو بێت، بە ناوی عیسای مەسیحی ناسیرەیی، ئەم ئیفلیجە کە بەو تەندروستییە لەبەردەمتان ڕاوەستاوە چاک بووەوە، بە ناوی ئەو عیسایەی کە ئێوە لە خاچتان دا و خوداش لەناو مردووان هەڵیستاندەوە. 11ئەمە
«﴿ئەو بەردەیە کە ئێوەی وەستا ڕەتتان کردەوە،
ئەوەی بوو بە گرنگترین بەردی بناغە#4‏:11 بەردێکی گەورەیە کە لە گۆشەی دیوار دادەنرێت، لەو بەردانە بەهێزترە کە لە دیوارەکە بەکاردێت و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی دیوارەکە.‏‏.﴾#4‏:11 زەبوورەکان 118‏:22‏‏
12بێجگە لە عیسا ڕزگاربوون بە کەسی دیکە نییە، چونکە لەژێر ئاسماندا ناوێکی دیکە بە مرۆڤەکان نەدراوە کە بە هۆیەوە بتوانین ڕزگار بین.»
13کاتێک ئازایەتی پەترۆس و یۆحەنایان بینی و زانییان خەڵکێکی نەخوێندەوار#4‏:13 دەرچووی قوتابخانەی ئایینی بۆ مامۆستایەتی تەورات نین.‏ و سادەن، سەرسام بوون و بۆیان دەرکەوت کە ئەم پیاوانە پێشتر لەگەڵ عیسادا بوون. 14بەڵام کاتێک ئەو پیاوەشیان بینی لەگەڵیان ڕاوەستابوو، ئەوەی چاک بووەوە، هیچیان نەبوو وەڵامی پێ بدەنەوە. 15ئەوسا فەرمانیان پێدان لە ئەنجومەنی باڵا#4‏:15 ئەنجومەنی باڵای جولەکە کە لە یۆنانی پێی گوتراوە سەنهەدرین‏، باڵاترین دەسەڵاتی جولەکە بووە کە دەسەڵاتی دەرکردنی بڕیاری ئایینی و شارستانی و تاوانبارکردنی هەبووە.‏ بچنە دەرەوە و لەناو خۆیاندا کەوتنە گفتوگۆ: 16«چی لەم پیاوانە بکەین؟ ئاشکرایە بۆ هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم کە نیشانەیەکی بەرچاو لە ڕێگەی ئەمانەوە کراوە، ناتوانین نکۆڵی لێ بکەین. 17بەڵام نەوەک زیاتر لەنێو گەل بڵاو بێتەوە، هەڕەشەیان لێ دەکەین ئیتر لەلای کەس باسی ئەم ناوە نەکەن.»
18ئینجا بانگیان کردن و فەرمانیان پێدان کە بە هیچ شێوەیەک بە ناوی عیسا دەم نەکەنەوە و کەسیش فێرنەکەن. 19بەڵام پەترۆس و یۆحەنا وەڵامیان دایەوە: «بەلای خوداوە کامیان دروستترە: گوێ لە ئێوە بگرین یان لە ئەو؟ ئێوە حوکم بدەن! 20بەڵام ئێمە ئەوەی بینیومانە و بیستوومانە ناتوانین باسی نەکەین.»
21دوای هەڕەشەی زیاتر، بەریاندان. نەیانزانی چۆن سزایان بدەن، لەبەر ئەوەی هەموو ستایشی خودایان دەکرد بەهۆی ئەوەی ڕوویدابوو، 22چونکە ئەو پیاوەی ئەم نیشانەی چاکبوونەوەی بەسەرهاتبوو لە چل ساڵ زیاتر بوو.
نوێژی باوەڕداران
23کە پەترۆس و یۆحەنا بەربوون، هاتنە لای هاوڕێیەکانیان و ئەو شتانەی کاهینانی باڵا و پیران پێیان گوتبوون بۆیان گێڕانەوە. 24کاتێک هاوڕێیەکانیان ئەمەیان بیست، هەموویان بە یەک دەنگ هاواریان بۆ خودا کرد: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆی دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە. 25لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆز لەسەر زاری داودی باوکمان و بەندەی خۆت فەرمووت:
«﴿بۆچی نەتەوەکان دەوروژێن و
گەلان پیلان لە شتی پووچ دەگێڕن؟
26پاشایانی زەوی خۆیان ڕێک دەخەن،
سەرۆکەکانیان پێکەوە کۆدەبنەوە
لە دژی یەزدان و مەسیحەکەی#4‏:26 یۆنانی: کریستۆس‏. واتا مەسیح، هەروەها (دەستنیشانت کرد) لە ئایەتی 27، ئەوەی بە دەستی پێغەمبەر و بە ڕێگای چەورکردن بە ڕۆن بۆ پاشایەتی دەستنیشان کراوە، بڕوانە یەکەم ساموئێل 9‏:16؛ 16‏:12.‏‏‏.﴾#4‏:26 زەبوورەکان 2‏:1‏-2‏‏
27لەبەر ئەوەی بە ڕاستی لەم شارەدا، هێرۆدس و پیلاتۆسی پۆنتی و ناجولەکەکان و گەلی ئیسرائیل لە دژی عیسای خزمەتکاری پیرۆزت یەکیانگرت، ئەوەی کە دەستنیشانت کرد. 28ئەو کارەیان ئەنجام دا کە هێز و خواستی تۆ پێشوەخت نەخشەیان بۆ کێشابوو کە دەبێت ڕووبدەن. 29ئێستاش ئەی یەزدان، سەیری هەڕەشەکانیان بکە، توانای ئەوە بە خزمەتکارەکانت ببەخشە کە بەوپەڕی ئازایەتییەوە بە وشەکانت بدوێن. 30دەستت درێژ بکە تاکو چاکبوونەوە و نیشانە و پەرجوو بە ناوی عیسای خزمەتکاری پیرۆزتەوە بکرێت.»
31کاتێک لە خودا دەپاڕانەوە، ئەو شوێنەی کە تێدا کۆببوونەوە هاتە لەرزین و هەموویان پڕبوون لە ڕۆحی پیرۆز، بە چاونەترسییەوە پەیامی خودایان ڕادەگەیاند.
پێکەوە ژیان
32کۆمەڵی باوەڕداران یەک دڵ و گیان بوون، کەس نەیدەگوت ئەوەی هەیەتی هی خۆیەتی، بەڵکو لە هەموو شتێکدا هاوبەش بوون. 33نێردراوان بە هێزێکی گەورەوە شایەتی هەستانەوەی عیسای خاوەن شکۆیان دەدا، نیعمەتێکی#4‏:33 نیعمەت بەخشینێکی خودایە بە مرۆڤ بەبێ شایستەبوونی پێی دەبەخشێت. گەورەش بەسەر هەموویانەوە بوو. 34کەسی نەبوونیان تێدا نەبوو، چونکە هەموو ئەوانەی خاوەن کێڵگە و ماڵ بوون دەیانفرۆشت، پارەکەیان دەهێنا و 35لەبەرپێی نێردراوان دایاندەنا، ئەوانیش بەگوێرەی پێویستی کەسەکان دابەشیان دەکرد.
36یەکێک لەوان پیاوێک بوو بە ناوی یوسف کە لێڤییەکی قوبرسی بوو. نێردراوان پێیان دەگوت بەرناباس کە بە واتای «کوڕی هاندەر» دێت. 37کێڵگەیەکی هەبوو، فرۆشتی و پارەکەی هێنا، خستییە بەرپێی نێردراوان.

S'ha seleccionat:

کردار 4: KSS

Subratllat

Comparteix

Copia

None

Vols que els teus subratllats es desin a tots els teus dispositius? Registra't o inicia sessió