لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یه‌كه‌م په‌تڕۆس 11:2-24

یه‌كه‌م په‌تڕۆس 11:2-24 PNTZS

خۆشه‌ویستان، وه‌ک نامۆ و بێگانه‌ داواتان لێ ده‌كه‌م له‌ هه‌وه‌سه‌كانی له‌ش دوور بكه‌ونه‌وه‌، كه‌ دژی ده‌روون ده‌جه‌نگێت. با له‌نێو نه‌ته‌وه‌كاندا ڕه‌وشتتان باش بێت، تاكو كاتێ بوختانتان پێ ده‌كه‌ن گوایه‌ ئێوه‌ به‌دكارن، كرده‌وه‌ چاكه‌كانتان ببینن و له‌ ڕۆژی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی خوداش ئه‌وان شكۆداری بكه‌ن. له‌به‌ر په‌روه‌ردگار ملكه‌چی هه‌موو ده‌زگایه‌كی مرۆڤانه‌ بن: بۆ پاشا وه‌ک ده‌سه‌ڵاتدار، یان بۆ پارێزگاران وه‌ک په‌یامبه‌ری ئه‌و بۆ سزادانی به‌دكاران و ستایشی چاكه‌كاران. چونكه‌ خواستی خودا ئاوایه‌ به‌ چاكه‌كاری نه‌زانیی گێله‌كان بێده‌نگ بكه‌ن. وه‌ک ئازاد، به‌ڵام نه‌ک ئازادیی په‌رده‌ی به‌دكاری بێت، به‌ڵكو وه‌ک به‌نده‌ی خودا بژین. ڕێز له‌ هه‌مووان بگرن، هاوباوه‌ڕانتان خۆشبووێ، له‌ خودا بترسن، ڕێز له‌ پاشا بگرن. ئه‌ی كۆیله‌كان، به‌ هه‌موو ترسه‌وه‌ ملكه‌چی گه‌وره‌كانتان بن، نه‌ک ته‌نها بۆ چاک و دڵنه‌رمه‌كان، به‌ڵكو بۆ تونده‌كانیش، چونكه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێک له‌به‌ر ویژدانی به‌رامبه‌ر خودا به‌رگه‌ی ژانی ئازاری سته‌مكاری بگرێت، ئه‌وه‌ جێی ستایشه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌تان كرد و لێتان درا و به‌رگه‌تان گرت، ئه‌مه‌ چ شانازییه‌كه‌؟ به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاكه‌ بكه‌ن و له‌ ئازاردا به‌رگه‌تان گرت، ئه‌وه‌ جێی ستایشه‌ له‌لای خودا. چونكه‌ بۆ ئه‌مه‌ بانگكراون، چونكه‌ مه‌سیحیش له‌ پێناومان ئازاری چێژت و نموونه‌ی بۆ به‌جێهێشتین، تاكو به‌ هه‌نگاوه‌كانیدا بڕۆین. “ئه‌وه‌ی هیچ گوناهێكی نه‌كردبوو، فێڵی له‌سه‌ر زاری نه‌بوو”. ئه‌وه‌ی جنێوی پێ ده‌درا و جنێوی نه‌ده‌دایه‌وه‌، ئازار ده‌درا و هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو خۆی ده‌دایه‌ ده‌ست ئه‌وه‌ی حوكمی دادپه‌روه‌رانه‌یه‌. ئه‌وه‌ی خودی خۆی له‌ له‌شیدا له‌سه‌ر ته‌خته‌دار گوناهه‌كانی هه‌ڵگرتین، تاكو سه‌باره‌ت به‌ گوناه‌ بمرین و بۆ خوداناسی بژین. ئه‌وه‌ی به‌ قامچی لێدانه‌كه‌ی چاكبوونه‌وه‌.