لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یه‌كه‌م په‌تڕۆس 2

2
1 بۆیه‌ هه‌موو ڕق و هه‌موو فێڵ و ڕووپامایی و ئیره‌یی و هه‌موو زه‌مكردنێک دابكه‌نن. 2 وه‌ک ساوای تازه‌ له‌دایكبوو، ئاره‌زووتان له‌ شیری ڕووحیی پاک بێت، تاكو به‌مه‌ بۆ ڕزگاری گه‌شه‌ بكه‌ن، 3 ئه‌گه‌ر په‌روه‌ردگاری چاكتان تام كردووه‌.
4 ئه‌وه‌ی دێنه‌ لای، به‌ردێكی زیندووه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن خودا بژارده‌یه‌ و گرانبه‌هایه‌ 5 ئێوه‌ش وه‌ک به‌ردی زیندوو له‌ خانوویه‌كی ڕووحی بنیادنراو بن، بۆ كاهینیه‌تیی پارسا، بۆ پێشكه‌شكردنی قوربانیی ڕووحیی كه‌ به‌ ئیشۆعی مه‌سیحه‌وه‌ لای خودا په‌سه‌ندن. 6 چونكه‌ له‌ سیپاره‌كه‌دا هاتووه‌: “ئه‌وه‌تا من به‌ردێک له‌ سهیۆن داده‌مه‌زرێنم، قولینچكی هه‌ڵبژێردراو و گرانبه‌ها، ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی پێ بهێنێت شه‌رمه‌زار نابێت”. 7 بۆیه‌ بۆ ئێوه‌ كه‌ باوه‌ڕتان هێناوه‌ ئه‌م به‌رده‌ گرانبه‌هایه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وانه‌ی گوێڕایه‌ڵ نین، “ئه‌و به‌رده‌ی بنیادنه‌ران ڕه‌تیان كرده‌وه‌، بووه‌ به‌ردی قولینچک” 8 هه‌روه‌ها: “به‌ردی ساتمه‌كردن وتاشه‌به‌ردی ته‌گه‌ره‌كردنه‌. ئه‌وانه‌ی ساتمه‌ ده‌كه‌ن گوێڕایه‌ڵی وشه‌كه‌ نین، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ چاره‌نووسیان”. 9 به‌ڵام ئێوه‌ ڕه‌گه‌زێكی بژارده‌ن، كاهینیه‌تیی شاهانه‌، نه‌ته‌وه‌یه‌كی پارسا، گه‌لی تایبه‌ت، تاكو چاكییه‌كانی ئه‌وه‌ ڕابگه‌ێنن كه‌ بانگی كردوون له‌ تاریكییه‌وه‌ بۆ ڕووناكییه‌ سه‌یره‌كه‌ی. 10 كه‌ پێشتر گه‌ل نه‌بوون، به‌ڵام ئێستا ئێوه‌ گه‌لی خودان، پێشتر به‌زه‌ییتان وه‌رنه‌گرتبوو، به‌ڵام ئێستا به‌زه‌ییتان وه‌رگرت.
11 خۆشه‌ویستان، وه‌ک نامۆ و بێگانه‌ داواتان لێ ده‌كه‌م له‌ هه‌وه‌سه‌كانی له‌ش دوور بكه‌ونه‌وه‌، كه‌ دژی ده‌روون ده‌جه‌نگێت. 12 با له‌نێو نه‌ته‌وه‌كاندا ڕه‌وشتتان باش بێت، تاكو كاتێ بوختانتان پێ ده‌كه‌ن گوایه‌ ئێوه‌ به‌دكارن، كرده‌وه‌ چاكه‌كانتان ببینن و له‌ ڕۆژی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی خوداش ئه‌وان شكۆداری بكه‌ن. 13 له‌به‌ر په‌روه‌ردگار ملكه‌چی هه‌موو ده‌زگایه‌كی مرۆڤانه‌ بن: بۆ پاشا وه‌ک ده‌سه‌ڵاتدار، 14 یان بۆ پارێزگاران وه‌ک په‌یامبه‌ری ئه‌و بۆ سزادانی به‌دكاران و ستایشی چاكه‌كاران. 15 چونكه‌ خواستی خودا ئاوایه‌ به‌ چاكه‌كاری نه‌زانیی گێله‌كان بێده‌نگ بكه‌ن. 16 وه‌ک ئازاد، به‌ڵام نه‌ک ئازادیی په‌رده‌ی به‌دكاری بێت، به‌ڵكو وه‌ک به‌نده‌ی خودا بژین. 17 ڕێز له‌ هه‌مووان بگرن، هاوباوه‌ڕانتان خۆشبووێ، له‌ خودا بترسن، ڕێز له‌ پاشا بگرن.
18 ئه‌ی كۆیله‌كان، به‌ هه‌موو ترسه‌وه‌ ملكه‌چی گه‌وره‌كانتان بن، نه‌ک ته‌نها بۆ چاک و دڵنه‌رمه‌كان، به‌ڵكو بۆ تونده‌كانیش، 19 چونكه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێک له‌به‌ر ویژدانی به‌رامبه‌ر خودا به‌رگه‌ی ژانی ئازاری سته‌مكاری بگرێت، ئه‌وه‌ جێی ستایشه‌. 20 چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌تان كرد و لێتان درا و به‌رگه‌تان گرت، ئه‌مه‌ چ شانازییه‌كه‌؟ به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاكه‌ بكه‌ن و له‌ ئازاردا به‌رگه‌تان گرت، ئه‌وه‌ جێی ستایشه‌ له‌لای خودا. 21 چونكه‌ بۆ ئه‌مه‌ بانگكراون، چونكه‌ مه‌سیحیش له‌ پێناومان ئازاری چێژت و نموونه‌ی بۆ به‌جێهێشتین، تاكو به‌ هه‌نگاوه‌كانیدا بڕۆین. 22 “ئه‌وه‌ی هیچ گوناهێكی نه‌كردبوو، فێڵی له‌سه‌ر زاری نه‌بوو”. 23 ئه‌وه‌ی جنێوی پێ ده‌درا و جنێوی نه‌ده‌دایه‌وه‌، ئازار ده‌درا و هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو خۆی ده‌دایه‌ ده‌ست ئه‌وه‌ی حوكمی دادپه‌روه‌رانه‌یه‌. 24 ئه‌وه‌ی خودی خۆی له‌ له‌شیدا له‌سه‌ر ته‌خته‌دار گوناهه‌كانی هه‌ڵگرتین، تاكو سه‌باره‌ت به‌ گوناه‌ بمرین و بۆ خوداناسی بژین. ئه‌وه‌ی به‌ قامچی لێدانه‌كه‌ی چاكبوونه‌وه‌. 25 چونكه‌ ئێوه‌ وه‌ک كاوڕی ونبوو وابوون، به‌ڵام ئێستا گه‌ڕانه‌وه‌ لای شوان و چاودێری گیانتان.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

یه‌كه‌م په‌تڕۆس 2: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە