لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووه‌م قۆرنتێ 3:1-11

دووه‌م قۆرنتێ 3:1-11 PNTZS

پیرۆزه‌ خودا، باوكی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان، باوكی میهره‌بانی و خوداوه‌ندی هه‌موو دڵنه‌واییه‌ک، ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو ته‌نگانه‌یه‌كماندا دڵنه‌واییمان ده‌كات، تاكو بتوانین به‌و دڵنه‌واییه‌ی له‌ خوداوه‌ دڵنه‌وایی كراین، دڵنه‌وایی ئه‌وانه‌ بكه‌ین كه‌ له‌ هه‌ر ته‌نگانه‌یه‌كدان. چونكه‌ وه‌ک ئازاره‌كانی مه‌سیح تیاماندا زیاد ده‌بێت، به‌هۆی مه‌سیحه‌وه‌ دڵنه‌واییشمان زیاد ده‌بێت. ئه‌گه‌ر تووشی ته‌نگانه‌ ده‌بین ئه‌وا بۆ دڵنه‌وایی و ڕزگاریتانه‌، ئه‌گه‌ر دڵنه‌وایی كرابین ئه‌وا بۆ دڵنه‌واییتانه‌، ئه‌وه‌ی كاریگه‌ره‌ له‌ ئێوه‌دا دانبه‌خۆداگرتنه‌ بۆ هه‌مان ئه‌و ئازارانه‌ی كه‌ ئێمه‌ش ده‌یچێژین. جا هیوامان بۆ ئێوه‌ جێگیره‌. ده‌زانین وه‌ک له‌ ئازاردا به‌شدارن، له‌ دڵنه‌واییش ئاوان. برایان، نامانه‌وێت ئه‌و ته‌نگانه‌ی له‌ ئاسیا به‌سه‌رمان هات له‌لاتان شاراوه‌ بێت، كه‌ زۆر له‌ سه‌رووی توانا بارگران بووین، تا ئه‌وه‌ی له‌ ژیان بێ هووده‌ بووین. به‌ڵام له‌ خۆماندا هه‌ستمان كرد حوكمی مه‌رگمان بۆ دراوه‌، تاكو پشت به‌ خۆمان نه‌به‌ستین، به‌ڵكو به‌و خودایه‌ی مردووان هه‌ڵده‌ستێنێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی له‌ مه‌رگێكی ئاوا گه‌وره‌ ده‌ربازی كردین و ده‌ربازمان ده‌كات. هیوامان پێی هه‌یه‌ كه‌ دواتریش ده‌ربازمان ده‌كات، ئێوه‌ش به‌ نوێژه‌كانتان یارمه‌تیده‌رن بۆ ئێمه‌، تاكو كه‌سانێكی زۆر له‌ پێناوی ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌و به‌خششه‌ی پێمان دراوه‌ سوپاسی خودا بكه‌ن.