كردار 1:12-11
كردار 1:12-11 PNTZS
له‌و كاته‌دا شا هیڕوودس ده‌ستی درێژكرد بۆ ئه‌زیه‌ت دانی چه‌ند كه‌سێكی وارگه. یاقووی برای یوخه‌ننه‌نی به شمشێر كوشت. كه بینی ئه‌مه جێی ڕه‌زامه‌ندی جووه‌كانه، په‌تڕۆسیشی گرت، ئه‌مه‌ش له ڕۆژانی فه‌تیره‌دا بوو. كاتێ گرتی، خستییه زیندان، بۆ پاسه‌وانیكردنی ڕاده‌ستی چوار كۆمه‌ڵی چوار سه‌ربازیی كرد، به‌ته‌مابوو دوای په‌سخه بیهێنێته به‌رده‌م گه‌ل. بۆیه كه په‌تڕۆس زیندان كرابوو، وارگه به گوڕ له پێناوی ئه‌و نوێژیان بۆ خودا ده‌كرد. به‌ڵام كاتێ هیڕوودس به‌ته‌مابوو بیهێنێته ده‌ره‌وه، له‌و شه‌وه‌دا په‌تڕۆس له‌نێوان دوو سه‌ربازدا نووستبوو، به دوو زنجیر به‌سترابووه‌وه، له‌به‌رده‌رگاش پاسه‌وان هه‌بوو، پاسه‌وانیی زیندانه‌كه‌یان ده‌كرد. له‌پڕ فریشته‌یه‌كی په‌روه‌ردگار هات و ڕووناكی له‌نێو خانووه‌كه‌دا دره‌وشایه‌وه، جا كه‌له‌كه‌ی په‌تڕۆسی جوڵاند و خه‌به‌ری كرده‌وه‌و فه‌رمووی: “خێرا هه‌سته!”. ئیتر زنجیره‌كان له ده‌سته‌كانی كه‌وتن. فریشته‌كه پێی فه‌رموو: “پشتێنه‌كه‌ت ببه‌سته و سۆله‌كانت له پێ بكه!” ئه‌ویش كردی. ئینجا پێی فه‌رموو: “كراسه‌كه‌ت له‌به‌ربكه و دوام بكه‌وه”. ئه‌ویش ده‌رچوو و دوای كه‌وت، نه‌یده‌زانی ئه‌وه‌ی به‌هۆی فریشته‌كه‌وه ڕووده‌دات ڕاسته، به‌ڵكو وایده‌زانی بینینێک ده‌بینێت. پاسه‌وانگه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌میان بڕی و گه‌یشتنه ده‌روازه ئاسنینه‌كه‌ی به‌ره‌و شار، له خۆیه‌وه بۆیان كرایه‌وه، ده‌رچوون و شه‌قامێكیان بڕی، یه‌كسه‌ر فریشته‌كه به‌جێیهێشت. ئینجا په‌تڕۆس به‌خۆیدا هاته‌وه و وتی: “ئێستا به ڕاستی زانیم كه په‌روه‌ردگار فریشته‌كه‌ی نارد و له ده‌ستی هیڕوودس و هه‌موو ئه‌وه‌ی گه‌لی جوو چاوه‌ڕێی بوو ده‌ربازی كردم”.





