لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار 16:13-41

كردار 16:13-41 PNTZS

پۆڵۆس هه‌ستا و به‌ ده‌ست ئاماژه‌ی كرد، وتی: “پیاوانی ئیسڕائیل و ئه‌وانه‌ی له‌ خودا ده‌ترسن، گوێبگرن! خودای ئه‌م گه‌له‌ی ئیسڕائیل باوكانمانی هه‌ڵبژارد و له‌ كاتی ئاواره‌بوونیان له‌ خاكی میسڕدا گه‌لی پایه‌ به‌رز كرد، به‌ بازووێكی به‌رزیشه‌وه‌ له‌وێ ده‌ریهێنان. نزیكه‌ی چل ساڵیش له‌ چۆڵه‌وانی به‌رگه‌ی گرتن. ئینجا حه‌وت نه‌ته‌وه‌ی له‌ زه‌ویی كه‌نعان له‌ناوبرد و زه‌وییه‌كه‌یانی به‌ تیروپشک دابه‌ش كردن. ئه‌مه‌ هه‌مووی نزیكه‌ی چوار سه‌د و په‌نجا ساڵی خایاند. دوای ئه‌مه‌ خودا دادوه‌ری بۆ دانان تاكو شمووئێل پێغه‌مبه‌ر. ئینجا داوای پاشایان كرد، خوداش شاوولی كوڕی قیشی پێدان، پیاوێكه‌ له‌ تیره‌ی بنیامین، بۆ ماوه‌ی چل ساڵ فه‌رمانڕه‌وایی كردن. پاشان لایبرد و داویدی كرده‌ پاشایان، ئه‌وه‌ی گه‌واهیی بۆ دا و فه‌رمووی: {ده‌بینم داویدی كوڕی ئیشه‌ی، پیاوێكه‌ به‌ دڵی خۆمه‌، ئه‌وه‌ی هه‌موو خواستی من جێبه‌جێ ده‌كات} . له‌ نه‌وه‌ی ئه‌مه‌وه‌، خودا به‌گوێره‌ی به‌ڵێنه‌كه‌ی ئیشۆعی ڕزگاریده‌ری بۆ ئیسڕائیل هێنا. پێش هاتنی ئیشۆع، یوخه‌ننه‌ن بانگه‌وازی عه‌مادكردنی تۆبه‌ی بۆ هه‌موو گه‌لی ئیسڕائیلی كرد. كاتێ یوخه‌ننه‌ن كۆششه‌كه‌ی ته‌واو ده‌كرد، وتی: واده‌زانن من كێم؟ من ئه‌و نیم. ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی دوای من دێت، ئه‌وه‌ی من شایانی ئه‌وه‌ نیم سۆله‌كانی پێی بكه‌مه‌وه‌. خه‌ڵكینه‌، برایان، كوڕانی پشتی ئه‌وڕاهه‌م و ئه‌وانه‌ی له‌نێوتاندا له‌ خودا ده‌ترسن، په‌یامی ئه‌م ڕزگارییه‌ بۆ ئێوه‌ هاتووه‌. چونكه‌ دانیشتوانی یروشلایم و سه‌رۆكه‌كانیان ئه‌مه‌یان نه‌ناسی، كاتێ تاوانباریان كرد، وته‌ی پێغه‌مبه‌رانیان هێنایه‌ دی كه‌ هه‌موو شه‌ممه‌یه‌ک ده‌خوێندرێته‌وه‌. جا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هیچ هۆیه‌كیان بۆ مردن نه‌دۆزییه‌وه‌، داوایان له‌ پیڵاتوس كرد بیكوژێت. دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان ته‌واو كرد كه‌ له‌سه‌ری نووسراوه‌، له‌ ته‌خته‌داره‌كه‌ هێنایانه‌ خواره‌وه‌ و خستیانه‌ گۆڕ. به‌ڵام خودا له‌نێو مردووان هه‌ستاندیه‌وه‌‌، ڕۆژانێكی زۆریش بۆ ئه‌وانه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ له‌ گلیلاوه‌ تاكو یروشلایم له‌گه‌ڵیدا هاتبوون. ئێستا ئه‌وان گه‌واهیده‌ری ئه‌ون بۆ گه‌له‌كه‌. ئێمه‌ش موژده‌ی ئه‌و به‌ڵێنه‌تان پێ ده‌ده‌ین كه‌ بۆ باوكانمان هات، ئه‌وه‌ی خودا بۆ ئێمه‌ی وه‌چه‌ی ئه‌وان هێنایه‌ دی، به‌ هه‌ستانه‌وه‌ی ئیشۆع، وه‌ک له‌ په‌سنیی دووه‌مدا نووسراوه‌: {تۆ ڕۆڵه‌ی منی، من ئه‌مڕۆ بوومه‌ باوكت} . سه‌باره‌ت به‌وه‌ی خودا له‌نێو مردووان هه‌ستاندیه‌وه‌‌ و ئیتر بۆ بۆگه‌نی ناگه‌ڕێته‌وه‌، ئاوای فه‌رمووه‌: {ئه‌و به‌ڵێنه‌ پارسا و مسۆگه‌ره‌تان ده‌ده‌مێ كه‌ به‌ داویدم دابوو} . بۆیه‌ له‌ په‌سنیێكی دیكه‌ ده‌فه‌رمووێ: {ڕێ ناده‌یت تاقانه‌ پارساكه‌ت بۆگه‌نی ببینێت} . چونكه‌ داوید دوای ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی مه‌به‌ستی خودا ڕاژه‌ی نه‌وه‌ی خۆی كرد، نووست و چووه‌ پاڵ باوكانی، بۆگه‌نیشی بینی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی خودا هه‌ستاندیه‌وه‌‌ بۆگه‌نی نه‌بینی. بۆیه‌ برایان، با له‌لاتان زانراو بێت، به‌هۆیه‌وه‌ بانگه‌وازی به‌خشینی گوناه‌ به‌ ئێوه‌ درا و به‌ باوه‌ڕهێنان به‌م، بێتاوان ده‌كرێن له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی نه‌تانتوانی به‌ ته‌وراتی مووشێ لێی بێتاوان بكرێن. جا ئاگاداربن، ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ران وتوویانه‌ به‌سه‌رتاندا نه‌یه‌ت: {ئه‌ی گاڵته‌جاڕه‌كان سه‌یر بكه‌ن، سه‌رسام بن و له‌ناوبچن، چونكه‌ له‌ ڕۆژانی ئێوه‌دا كارێک ده‌كه‌م، كه‌ هه‌رگیز باوه‌ڕ ناكه‌ن ئه‌گه‌ر بۆتان باس بكرێت} ”.

وەڵامەکان بۆ فەرمی نووسینەوەی سۆرانی کوردی؟؟؟ ویدیو بۆ كردار 13:16-41 شێوەکاری؟؟؟