لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار 21

21
1 كاتێ لێیان جیابووینه‌وه‌، به‌ ده‌ریادا ڕێک به‌ره‌و كووس ڕۆیشتین. ڕۆژی پاشتر بۆ ڕۆدس له‌وێشه‌وه‌ بۆ پاترا. 2 له‌وێ كه‌شتییه‌كمان بینی ده‌چووه‌ پۆنیقێ، سواربووین و ڕۆیشتین. 3 ئینجا سه‌ردانی قوبڕسمان كرد و به‌لای چه‌پدا به‌جێمان هێشت، به‌ره‌و سوریا ده‌چووین و گه‌یشتینه‌ سووڕ، چونكه‌ كه‌شتییه‌كه‌ باره‌كه‌ی له‌وێ داده‌گرت. 4 له‌وێ قوتابییه‌كانمان بینی و حه‌وت ڕۆژ ماینه‌وه‌، به‌ ڕووح تكایان له‌ پۆڵۆس ده‌كرد سه‌رنه‌كه‌وێته‌ یروشلایم. 5 به‌ڵام كاتێ ماوه‌مان ته‌واو بوو، ده‌رچووین و به‌ڕێكه‌وتین، هه‌موویان تاكو ده‌ره‌وه‌ی شار به‌ ژن و منداڵیانه‌وه‌ ڕه‌وانه‌یان كردین. له‌ كه‌ناره‌كه‌ چۆكمان دادا و نوێژمان كرد. 6 پاشان ماڵئاواییمان له‌ یه‌كتری كرد و سواری كه‌شتییه‌كه‌ بووین، ئه‌وانیش گه‌ڕانه‌وه‌ ماڵه‌كانیان.
7 كه‌ له‌ سووڕه‌وه‌ گه‌شتی نێو ده‌ریاكه‌مان كۆتایی پێ هات، گه‌یشتینه‌ ته‌لمیئوس، سڵاومان له‌ برایان كرد و ڕۆژێک له‌لایان ماینه‌وه‌. 8 بۆ به‌یانی هاتینه‌ قه‌یسه‌ڕییه‌ و چووینه‌ ماڵی پیلیپوسی موژده‌ده‌ر، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ حه‌وته‌كه‌، له‌لای ماینه‌وه‌. 9 ئه‌م چوار كچی پاكیزه‌ی هه‌بوو پێشبینییان ده‌كرد. 10 كه‌ چه‌ندین ڕۆژ ماینه‌وه‌، پێغه‌مبه‌رێک به‌ ناوی ئاگابۆس له‌ ئیهوودوه‌ هات. 11 هاته‌ لامان و پشتێنه‌كه‌ی پۆڵۆسی برد، ده‌ست و پێی خۆی به‌سته‌وه‌ و وتی: “ڕووحی پارسا ئه‌مه‌ ده‌فه‌رمووێ: خاوه‌نی ئه‌م پشتێنه‌، جووه‌كان ئاوا له‌ یروشلایم ده‌یبه‌ستنه‌وه‌ و ده‌یده‌نه‌ ده‌ست نه‌ته‌وه‌كان”. 12 كاتێ ئه‌مه‌مان بیست، ئێمه‌ و دانیشتووانی ئه‌وێ، لێی پاڕاینه‌وه‌ نه‌چێته‌ یروشلایم. 13 پۆڵۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “چیتانه‌، ده‌گریێن و دڵم ده‌شكێنن؟ ئاماده‌م نه‌ک ته‌نها به‌ند بكرێم، به‌ڵكو له‌پێناوی ناوی ئیشۆعی په‌روه‌ردگار له‌ یروشلایم بشمرم”. 14 كه‌ قه‌ناعه‌تی نه‌هات، بێده‌نگ بووین و وتمان: “با به‌ خواستی په‌روه‌ردگار بێت”. 15 دوای ئه‌و ڕۆژانه‌ ئاماده‌كاریمان كرد و سه‌ركه‌وتینه‌ یروشلایم. 16 هه‌ندێک قوتابی قه‌یسه‌ڕییه‌ش له‌گه‌ڵمان هاتن و ئێمه‌یان برده‌ لای مه‌ناسۆن، كه‌ قوبڕسییه‌ و قوتابییه‌كی كۆنه‌، تاكو له‌لای بمێنینه‌وه‌.
17 كاتێ گه‌یشتینه‌ یروشلایم، برایان به‌ خۆشییه‌وه‌ پێشوازییان لێكردین. 18 ڕۆژێک دواتر پۆڵۆس له‌گه‌ڵمان هاته‌ لای یاقوو، هه‌موو پیرانیش ئاماده‌بوون. 19 پۆڵۆس سڵاوی لێكردن و یه‌ک به‌ یه‌كی ئه‌وه‌ی پێ ڕاگه‌یاندن كه‌ خودا له‌نێو نه‌ته‌وه‌كاندا به‌هۆی ڕاژه‌كه‌ی كردی. 20 كه‌ گوێیان لێبوو، خودایان شكۆدار كرد و پێیان وت: “برا تۆ ده‌بینیت به‌ هه‌زاران هه‌ن له‌نێو جووه‌كاندا باوه‌ڕیان هێناوه‌ و هه‌موو دڵگه‌رمی ته‌وراتن. 21 وایان بیستووه‌ كه‌ تۆ هه‌موو ئه‌و جووانه‌ی له‌نێو نه‌ته‌وه‌كاندان فێری هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌كه‌یت له‌ مووشێ و پێیان ده‌ڵێی كوڕانیان خروسه‌بڕان نه‌كه‌ن و به‌گوێره‌ی نه‌ریت نه‌ژین. 22 كه‌واته‌ چی بكرێت؟ هه‌ر ده‌بێ جه‌ماوه‌ر كۆ ببنه‌وه‌، بێگومان ده‌بیستن كه‌ تۆ هاتوویت، 23 جا ئه‌وه‌ بكه‌ كه‌ پێت ده‌ڵێین: چوار پیاومان له‌لایه‌ نه‌زریان له‌سه‌ره‌. 24 بیانبه‌ و له‌گه‌ڵیان خۆت بێگه‌رد بكه‌وه‌ و نرخی سه‌رتاشینه‌كه‌یان بۆ بده‌، ئه‌وسا هه‌مووان ده‌زانن ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی تۆ پێیان ووتراوه‌ ڕاست نییه‌، تۆش به‌ پاراستنی ته‌ورات ڕه‌فتار ده‌كه‌یت. 25 ده‌رباره‌ی نه‌ته‌وه‌كانیش كه‌ باوه‌ڕیان هێناوه‌، په‌یامێكمان ناردووه‌ و فه‌رمانمان كرد خۆیان له‌ قوربانی بت و له‌ خوێن، له‌ خنكاو و له‌ داوێنپیسی بپارێزن”. 26 بۆ به‌یانی پۆڵۆس پیاوه‌كانی برد و له‌گه‌ڵیان خۆی بێگه‌رد كرده‌وه‌، چووه‌ نێو په‌رستگا تاكو تێبینی بدات بۆ كۆتایی هاتنی ڕۆژانی بێگه‌ردبوونه‌وه‌، تاكو له‌ جیاتی هه‌ر یه‌كێكیان قوربانییه‌كه‌ی بكات.
27 كاتێ خه‌ریک بوو حه‌وت ڕۆژه‌كه‌ ته‌واو بێت، جووه‌كانی ئاسیا له‌نێو په‌رستگا بینییان، هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌یان جۆش دا و گرتییان، 28 هاواریان ده‌كرد: “پیاوانی ئیسڕائیل فریابكه‌ون! ئه‌مه‌ ئه‌و پیاوه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌موو شوێنێک دژ به‌ گه‌ل و ته‌ورات و ئه‌م شوێنه‌ هه‌موو خه‌ڵک فێرده‌كات، ته‌نانه‌ت یۆنانیشی هێناوته‌ په‌رستگا و ئه‌م شوێنه‌ پارسا‌یه‌ی گڵاو كرد!” 29 چونكه‌ ترۆپیمۆسی خه‌ڵكی ئه‌پیسۆسییان له‌ شاره‌كه‌دا له‌گه‌ڵی بینیبوو، وایانزانی پۆڵۆس له‌گه‌ڵ خۆی هێناویه‌تییه‌ په‌رستگا. 30 ئینجا هه‌موو شاره‌كه‌ وروژا، خه‌ڵكه‌كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ڕژان و پۆڵۆسیان گرت، ڕایانكێشایه‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌رستگا و یه‌كسه‌ر ده‌رگاكان داخران. 31 كاتێ هه‌وڵی كوشتنیان ده‌دا، هه‌واڵ به‌ فه‌رمانده‌ی هێز درا كه‌ هه‌موو یروشلایم شڵه‌ژاوه‌. 32 یه‌كسه‌ر سه‌رباز و سه‌رپه‌لی برد و ڕایكرده‌ لایان. كه‌ فه‌رمانده‌ و سه‌ربازه‌كانیان بینی له‌ لێدانی پۆڵۆس وه‌ستان.
33 ئیتر فه‌رمانده‌كه‌ نزیكبووه‌وه‌ و گرتی، فه‌رمانی دا به‌ دوو زنجیر بیبه‌ستنه‌وه‌، ئینجا پرسی كرد ئاخۆ كێیه‌؟ و چی كردووه‌؟ 34 به‌ڵام له‌نێو كۆمه‌ڵه‌كه‌ هه‌ندێک هاواری شتێكیان ده‌كرد و هه‌ندێک شتێكی دیكه‌. جا به‌هۆی ئاژاوه‌ نه‌یتوانی ڕاستییه‌كه‌ بزانێت، فه‌رمانی دا ببردرێته‌ سه‌ربازگه‌. 35 كاتێ له‌سه‌ر قاڵدرمه‌كان بوو، له‌به‌ر تووندوتیژی كۆمه‌ڵه‌كه‌ سه‌رباز هه‌ڵیانگرت. 36 چونكه‌ جه‌ماوه‌ری گه‌ل دوای كه‌وتبوون و هاواریان ده‌كرد: “له‌ ناوی ببه‌!”.
37 خه‌ریک بوو پۆڵۆس بچێته‌ سه‌ربازگاكه‌، به‌ فه‌رمانده‌كه‌ی وت: “ده‌توانم شتێكت پێ بڵێم؟” وتی: “یۆنانی ده‌زانیت؟ 38 تۆ پیاوه‌ میسڕییه‌كه‌ نیت ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر ئاژاوه‌یه‌كت نایه‌وه‌ و به‌ چوار هه‌زار بكوژه‌وه‌ به‌ره‌و بیابان ده‌رچوو؟” 39 پۆڵۆس وتی: “من پیاوێكی جووی ته‌رسوسی قیلیقیام. داوات لێ ده‌كه‌م ڕێگام بده‌ی قسه‌ بۆ گه‌له‌كه‌ بكه‌م”. 40 كه‌ ڕێگای دا، پۆڵۆس له‌سه‌ر قاڵدرمه‌كان ڕاوه‌ستا، به‌ ده‌ست ئاماژه‌ی بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ كرد. كاتێ بێده‌نگ بوون، به‌ زمانی عیبری قسه‌ی بۆ كردن و وتی:

دیاریکراوەکانی ئێستا:

كردار 21: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە