لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

قولسێ 1:3-14

قولسێ 1:3-14 PNTZS

بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ مه‌سیحدا هه‌ستاونه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌و شتانه‌ی سه‌ره‌وه‌ كۆشش بكه‌ن، له‌وێ مه‌سیح له‌لای ڕاستی خودا دانیشتووه‌. بایه‌خ به‌و شتانه‌ی سه‌ره‌وه‌ بده‌ن، نه‌ک ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر زه‌وین، چونكه‌ ئێوه‌ مردن، ژیانیشتان له‌گه‌ڵ مه‌سیح له‌ خوداوه‌ شاردراوه‌ته‌وه‌. كاتێ مه‌سیح ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ژیانمانه‌، ئه‌وسا ئێوه‌ش له‌گه‌ڵیدا له‌ شكۆمه‌ندیدا ده‌رده‌كه‌ون. كه‌واته‌ ئاره‌زووه‌ جه‌سته‌ییه‌كانتان له‌سه‌ر زه‌وی بمرێنن: داوێنپیسی، گڵاوی، هه‌وه‌س، ئاره‌زووی به‌د، چڵێسی كه‌ بتپه‌رستییه‌، به‌هۆیانه‌وه‌ تووڕه‌یی خودا دێته‌ سه‌ر ڕۆڵه‌كانی یاخیبوون. كه‌ ئێوه‌ش جاران ئاوا ڕه‌فتارتان ده‌كرد، كاتێ تیایاندا ده‌ژیان. به‌ڵام ئێستا هه‌موو ئه‌وانه‌ فڕێبده‌ن: تووڕه‌یی، هه‌ڵچوون، كینه‌، كفركردن، قسه‌ی ناشیرین له‌ زارتان. له‌گه‌ڵ یه‌كتری درۆ مه‌كه‌ن، چونكه‌ مرۆڤی كۆن و كرده‌وه‌كانیتان داكه‌ندووه‌ و نوێتان پۆشیوه‌، ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی وێنه‌ی ئافرێنه‌ره‌كه‌ی به‌ ناسینی نوێ بوه‌ته‌وه‌. له‌وێدا جوو و یۆنانی نییه‌، خروسه‌بڕاو و خروسه‌نه‌بڕاو، به‌ربه‌ری و سكیتی، كۆیله‌ و ئازاد نییه‌، به‌ڵكو مه‌سیح هه‌مووه‌ و له‌ هه‌موودایه‌. بۆیه‌ وه‌كو بژارده‌ی خودا، پارسا و خۆشه‌ویست، میهره‌بانی و نیانی و خاكساری و دڵنه‌رمی و پشوودرێژی بپۆشن. به‌رگه‌ی یه‌كتری بگرن، ئه‌گه‌ر یه‌كێک سكاڵای له‌سه‌ر یه‌كێک هه‌بوو، له‌ یه‌كتر خۆشبن. وه‌ک په‌روه‌ردگار لێتان خۆشبوو، ئێوه‌ش ئه‌وا بكه‌ن. له‌ سه‌رووی هه‌موو ئه‌مانه‌ش خۆشویستن بپۆشن، كه‌ پشتێنی ته‌واویه‌.