لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

عیبڕانییه‌كان 19:10-39

عیبڕانییه‌كان 19:10-39 PNTZS

بۆیه‌ برایان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی متمانه‌مان هه‌یه‌ بۆ چوونه‌ نێو هه‌ره‌پارساگا به‌ خوێنی ئیشۆع، به‌ ڕێگایه‌كی نوێ و زیندوو له‌ نێو په‌رده‌دا بۆمانی كرده‌وه‌، واتا جه‌سته‌ی خۆی، هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاهینێكی به‌رزمان هه‌یه‌ به‌سه‌ر ماڵی خوداوه‌، با به‌ دڵێكی ڕاست به‌ متمانه‌ی باوه‌ڕ بچینه‌ پێش خودا كه‌ دڵمان پرژێندراو بێت تاكو له‌ ویژادانی خراپ پاک بێته‌وه‌ و له‌شمان به‌ ئاوێكی پاک شۆردرا بێت. با بێ دوودڵی ده‌ست بگرین به‌ دانپیانانی هیوامان، چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ڵێنی داوه‌ سه‌رڕاسته‌. با ئامۆژگاریی یه‌كتری بكه‌ین بۆ هاندان له‌سه‌ر خۆشویستن و كاری چاک. با واز له‌ كۆبوونه‌وه‌كانمان نه‌هێنین، وه‌ک هه‌ندێک له‌سه‌ری ڕاهاتوون، به‌ڵكو ئامۆژگاریی یه‌كتری بكه‌ین، زیاتریش كه‌ ده‌بینن ڕۆژه‌كه‌ نزیک ده‌بێته‌وه‌. چونكه‌ دوای ئه‌وه‌ی ڕه‌وامان ناسی، ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بووین له‌وه‌ی به‌ ئه‌نقه‌ست گوناه‌ بكه‌ین، ئه‌وا قوربانی بۆ گوناه‌ نامێنێت، به‌ڵكو چاوه‌ڕێكردنی حوكمدانی ترسناک و ئاگری بڵێسه‌دار كه‌ خه‌ریكه‌ دژه‌كانی خودا ده‌خوات. ئه‌وه‌ی سه‌رپێچی ته‌وراتی مووشێی كردووه‌، بێبه‌زه‌ییانه‌ به‌ گه‌واهیی دوو یان سێیان ده‌مرێت. ده‌بێ شایانی سزای چه‌ند خراپتره‌ ئه‌وه‌ی پێشێلی ڕۆڵه‌ی خودای كردووه‌ و خوێنی په‌یمان به‌ گڵاو داده‌نێت كه‌ پارسای كردووه‌، سووكایه‌تیش به‌ ڕووحی به‌خشش ده‌كات؟ چونكه‌ ئه‌مه‌ ده‌ناسین كه‌ ئه‌مه‌ی فه‌رمووه‌: “تۆڵه‌سه‌ندن هی منه‌، منم سزا ده‌ده‌م، په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رموێ”. هه‌روه‌ها: “په‌روه‌ردگار حوكم به‌سه‌ر گه‌لی خۆی ده‌دات”. كه‌وتنه‌ نێو ده‌ستی خودای زیندوو‌ ترسناكه! به‌ڵام ڕۆژانی پێشترتان به‌ یاد بێته‌وه‌ كه‌ ڕووناک بوونه‌وه‌ و ئارامتان گرت له‌ تێكۆشانی ئازاری زۆر. له‌ لایه‌ک تووشی جنێو و ته‌نگانه‌ی ئاشكرا هاتوون، له‌ لایه‌كی دیكه‌ به‌شداری ئه‌وانه‌ن كه‌ وایان پێ ده‌كرێت. هاوسۆزیی منی به‌ندكراوانتان كرد، كاتێ سامانتان تاڵان كرا به‌ خۆشییه‌وه‌ په‌سه‌ندتان كرد، ده‌زانن له‌ ئاسماناندا سامانی باشترتان هه‌یه‌ و ده‌مێنێته‌وه‌. كه‌واته‌ متمانه‌تان فڕێ مه‌ده‌ن كه‌ پاداشتی مه‌زنه‌. چونكه‌ پێویستیتان به‌ دانبه‌خۆداگرتن هه‌یه‌، تاكو كه‌ به‌ خواستی خوداتان كرد، به‌ڵێنه‌كه‌ به‌ده‌ست بهێنن. چونكه‌ دوای ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م، “ئه‌وه‌ی دێت، دێت و دواناكه‌وێت. خوداناس به‌ باوه‌ڕ ده‌ژیێت، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌، ئه‌وه‌ جێی ڕه‌زامه‌ندی من نابێت”. جا ئێمه‌ سه‌ر به‌و هه‌ڵگه‌ڕاوانه‌ نین كه‌ بۆ له‌ناوچوونن، به‌ڵكو سه‌ر به‌ باوه‌ڕین بۆ ڕزگاریی خۆمان.