لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

عیبڕانییه‌كان 17:11-40

عیبڕانییه‌كان 17:11-40 PNTZS

به‌ باوه‌ڕ ئه‌وڕاهه‌م، كاتێ خودا خستییه‌ ئه‌زموونه‌وه‌، ئسخه‌قی تاقانه‌كه‌ی وه‌ک قوربانی پێشكه‌ش كرد. ئه‌وه‌ی به‌ به‌ڵێنه‌كان وه‌ریگرت، كه‌ پێی وترا: “له‌ ئسخه‌قه‌وه‌ وه‌چه‌ت ناوده‌بردرێت”. ئه‌وڕاهه‌م داینابوو كه‌ خودا ده‌توانێت مردوو هه‌ستێنێته‌وه‌، له‌وه‌شه‌وه‌ به‌ مه‌جازییانه‌ ئسخه‌قی وه‌رگرته‌وه‌. به‌ باوه‌ڕ ئسخه‌ق یاقوو و عیسۆی داڕشت كرد، بۆ داهاتووه‌كان. به‌ باوه‌ڕ یاقوو له‌ سه‌ره‌مه‌رگیدا هه‌ریه‌كه‌ له‌ كوڕه‌كانی یۆسپی داڕشت كرد و خۆی له‌سه‌ر ده‌سكی گۆچانه‌كه‌یدا دا و كڕنۆشی برد. به‌ باوه‌ڕ یۆسپ له‌ سه‌ره‌مه‌رگیدا باسی ده‌رچوونی نه‌وه‌ی ئیسڕائیلی كرد و ده‌رباره‌ی ئێسقانه‌كانی ڕایسپاردن. به‌ باوه‌ڕ كاتێ مووشێ له‌دایكبوو، سێ مانگ دایبابی شاردییانه‌وه‌، چونكه‌ بینییان كوڕه‌كه‌ جوانه‌، له‌ فه‌رمانی پاشا نه‌ترسان. به‌ باوه‌ڕ كاتێ مووشێ گه‌وره‌ بوو، نه‌یویست به‌ كوڕی كچی پڕعون ناوببردرێت. به‌لایه‌وه‌ باشتر بوو له‌گه‌ڵ گه‌لی خودا سووكایه‌تی پێ بكرێت، له‌وه‌ی له‌زه‌تێكی كاتیی له‌ گوناهدا هه‌بێت. ئه‌و شووره‌یی مه‌سیح به‌ سامانێكی مه‌زنتری دانا له‌ گه‌نجینه‌كانی میسڕ، چونكه‌ ده‌ڕوانیه‌ پاداشت. به‌ باوه‌ڕ میسڕی به‌جێهێشت و له‌ تووڕه‌یی پاشا نه‌ترسا. دانی به‌خۆیدا گرت وه‌ک ئه‌وه‌ ببینێ كه‌ نه‌بینراوه‌. به‌ باوه‌ڕ په‌سخه‌ی كرد و خوێنه‌كه‌ی پرژاند، نه‌وه‌ک له‌ناوبه‌ری نۆبه‌ره‌ ده‌ستیان لێ بدات. به‌ باوه‌ڕ به‌ ده‌ریای سووردا په‌ڕینه‌وه‌ وه‌ک به‌ وشكانیدا، به‌ڵام میسڕییه‌كان كاتێ ویستیان بیكه‌ن نوقوم بوون. به‌ باوه‌ڕ شووراكانی ئه‌ریخو ڕووخان، دوای ئه‌وه‌ی حه‌وت ڕۆژ به‌ ده‌وریدا سووڕانه‌وه‌. به‌ باوه‌ڕ ڕاخه‌وی داوێنپیس له‌گه‌ڵ یاخیبووان له‌ناونه‌چوو، چونكه‌ پێشوازییه‌كی ئاشتییانه‌ی له‌ سیخوڕه‌كان كرد. چی دیكه‌ش بڵێم؟ چونكه‌ كاتم نییه‌ باسی جیدعون و باڕه‌ق و شیمشون و نه‌پته‌خ و داوید و شمووئێل و پێغه‌مبه‌ران بكه‌م، كه‌وا به‌ باوه‌ڕ پاشایه‌تییه‌كانیان به‌زاند، دادپه‌روه‌رییان هێنایه‌ كایه‌وه‌، به‌ڵێنه‌كانیان به‌ده‌ستهێنا، ده‌می شێریان داخست، هێزی ئاگریان كوژانده‌وه‌، له‌ تیخی شمشێر ده‌رباز بوون، له‌ لاوازیدا به‌هێزبوون، له‌ جه‌نگدا توند بوون، له‌شكری بێگانه‌یان گه‌ڕانده‌وه‌. هه‌ندێک ژن مردووه‌كانیان به‌ هه‌ستانه‌وه‌ وه‌رگرته‌وه‌. به‌ڵام خه‌ڵكی دیكه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ دران و ڕزگارییان نه‌ویست، تاكو هه‌ستانه‌وه‌یه‌كی باشتریان ده‌ست بكه‌وێت. هه‌ندێكی دیكه‌ كه‌وتنه‌ ئه‌زموونی سووكایه‌تی و به‌ر قامچیدان، هه‌روه‌ها كۆت و زیندان. به‌ردباران كران، كه‌رت كران، به‌ زه‌بری شمشێر كوژران. به‌ پێستی كاوڕ و بزن گه‌ڕێندراون، نه‌بوون و چه‌وسێنراوه‌ و زه‌لیل كران جیهان شایانی ئه‌وان نه‌بوو. ده‌ربه‌ده‌ری بیابان و شاخ و ئه‌شكه‌وت و كون و كه‌له‌به‌ری زه‌وی بوون. هه‌موو ئه‌وانه‌ش گه‌واهیی بۆ باوه‌ڕیان ده‌درێت، به‌ڵام به‌ڵێنیان ده‌ست نه‌كه‌وت. چونكه‌ خودا پێشتر شتێكی باشتری بۆمان بینی، تاكو بێ ئێمه‌ ته‌واو نه‌بن.