لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

عیبڕانییه‌كان 1:6-20

عیبڕانییه‌كان 1:6-20 PNTZS

بۆیه‌ كه‌ وازمان له‌ فێركردنی سه‌ره‌تایی ده‌رباره‌ی مه‌سیح هێنا، تا به‌ره‌و پێگه‌یشتن بڕۆین، دیسان بناغه‌ڕێژی ناكه‌ین بۆ تۆبه‌كردن له‌ كرداره‌ مردووه‌كان و باوه‌ڕهێنان به‌ خودا، فێركردنی عه‌مادكردن و ده‌ست له‌سه‌ر دانان، هه‌ستانه‌وه‌ی مردووان و سزادانی جاویدانی. ئه‌گه‌ر خودا ڕێگا بدات ئه‌مه‌ش ده‌كه‌ین. چونكه‌ ئه‌وانه‌ی جارێک ڕووناک كراونه‌ته‌وه‌ و تامی به‌هره‌ ئاسمانیه‌كانیان كردووه‌ و به‌شدار بوونه‌ له‌ ڕووحی پارسا، هه‌روه‌ها تامی وشه‌ی باشی خودا و هێزه‌كانی ڕۆژگاری داهاتوویان كردووه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌، ئه‌وا ناكرێ بۆ تۆبه‌كردن نوێ بكرێنه‌وه‌، چونكه‌ بۆ خۆیان ڕۆڵه‌ی خودا له‌خاچده‌ده‌نه‌وه‌ و ڕیسوای ده‌كه‌ن. چونكه‌ زه‌وی له‌و بارانه‌ی خوارده‌وه‌ كه‌ چه‌ندین جار دێته‌ سه‌ری، ڕووه‌كێک ده‌دات كه‌ گونجاوه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی بۆیان كێڵدراوه‌، له‌ خوداشه‌وه‌ داڕشتی ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر دڕک و داڵی به‌رهه‌م هێنا، ئه‌وا ناڕه‌وا و نزیكی نه‌فره‌ته‌، كۆتاییه‌كه‌ی سووتانه‌. خۆشه‌ویستان، هه‌رچه‌نده‌ ئاوا قسه‌ ده‌كه‌ین، دڵنیا بووین ده‌رباره‌ی ئێوه‌ ڕه‌وشێكی باشتر هه‌یه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ڕزگاری. چونكه‌ خودا سته‌مكار نییه‌ تاكو له‌یاد بكات، كاری ئێوه‌ و ئه‌و خۆشویستنه‌ی بۆ ناوی ئه‌و ده‌رتانبڕی له‌ ڕاژه‌كردنی پارساكان و هه‌روا ڕاژه‌ش ده‌كه‌ن. ئێمه‌ش ده‌خوازین هه‌ر یه‌كێكتان هه‌مان دڵگه‌رمی ده‌ربخات بۆ دڵنیایی ته‌واوی هیوا تا كۆتایی، تاكو ته‌مبه‌ڵ نه‌بن، به‌ڵكو لاسایی ئه‌وانه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ باوه‌ڕ و ئارامگرتن میراتگری به‌ڵێنه‌كانن. كاتێ خودا به‌ڵێنی به‌ ئه‌وڕاهه‌م دا، سوێندی به‌خۆی خوارد، چونكه‌ كه‌سی مه‌زنتری نه‌بوو سوێندی پێ بخوات، فه‌رمووی: “داڕشتت ده‌كه‌م، نه‌وه‌كه‌ت چه‌ندباره‌ ده‌كه‌م”. ئا به‌م شێوه‌یه‌ ئارامی گرت و ئینجا به‌ڵێنه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا. چونكه‌ خه‌ڵک سوێند به‌ مه‌زنتر ده‌خۆن، كۆتایی هه‌موو ده‌مه‌قاڵه‌یه‌ک بۆ چه‌سپاندن سوێنده‌. ئاواش خودا ویستی ئه‌و خواسته‌ نه‌گۆڕه‌ی خۆی زیاتر به‌ میراتگرانی به‌ڵێن پیشان بدات، ئه‌مه‌شی به‌ سوێند چه‌سپاند. به‌ دوو شتی نه‌گۆڕ كه‌ خودا تیایاندا درۆ ناكات، بۆ ئه‌وه‌ی دڵنه‌وایی به‌هێزمان هه‌بێت، ئێمه‌ كه‌ په‌نامان برده‌ به‌ر ده‌ستگرتن به‌و هیوایه‌ی كه‌ له‌پێشمانه‌. ئه‌م هیوایه‌ وه‌ک له‌نگه‌ر بۆ ده‌روونمانه‌، جێگیر و ڕاگره‌. ده‌چێته‌ نێو په‌رده‌ش، له‌وێدا ئیشۆع پێشتر و له‌پێناوی ئێمه‌ چووه‌ نێویه‌وه‌، تاهه‌تایه‌ بووه‌ كاهینی باڵا، له‌ پله‌ی مه‌لكزده‌ق.