لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یاقوو 12:1-18

یاقوو 12:1-18 PNTZS

به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ به‌رگه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ ده‌گرێت، چونكه‌ كه‌ سه‌لمێندرا “تاجی ژیان” وه‌رده‌گرێت، ئه‌وه‌ی خودا به‌ڵێنی پێ داوه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی خۆشیان ده‌وێت. با كه‌س كاتێ تاقی ده‌كرێته‌وه‌ نه‌ڵێت: “له‌لایه‌ن خوداوه‌ تاقی ده‌كرێمه‌وه‌”. چونكه‌ خودا به‌ خراپه‌ تاقی ناكرێته‌وه‌، كه‌سیش تاقی ناكاته‌وه‌. به‌ڵكو هه‌ر كه‌سێک به‌و هه‌وه‌سه‌ی هه‌یه‌تی تاقی ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر پێی ڕاكێشرا و هه‌ڵخه‌ڵه‌تا. كه‌ هه‌وه‌س سک بكات گوناهی لێ ده‌بێت، گوناهیش كه‌ گه‌شه‌ی كرد مه‌رگ به‌رهه‌م دێنێت. برایانی خۆشه‌ویستم، هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن. هه‌موو به‌خشینێكی چاک و هه‌موو به‌هره‌یه‌كی ته‌واو له‌لایه‌ن سه‌ره‌وه‌یه‌، له‌لای باوكی ڕووناكییه‌كانه‌وه‌ دێته‌ خواره‌وه‌، ئه‌وه‌ی ناگۆڕێت و سێبه‌ری خولانه‌وه‌ی نییه‌. خواستی له‌سه‌ر بوو كه‌وا به‌ وشه‌ی ڕه‌وا له‌دایكببین، تاكو ببینه‌ نۆبه‌ره‌ی ئافریده‌كانی.