لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یاقوو 2:1-18

یاقوو 2:1-18 PNTZS

برایانم، به‌وپه‌ڕی شادی دابنێن، كاتێ ده‌كه‌ونه‌ جۆره‌ها تاقیكردنه‌وه‌، ده‌زانن ئه‌زموونی باوه‌ڕتان دانبه‌خۆداگرتن دروست ده‌كات. با دانبه‌خۆداگرتن ته‌واو كاری خۆی هه‌بێت، تاكو ته‌واو و پێگه‌یشتوو بن، كه‌موكوڕیتان له‌ شتێک نه‌بێت. ئه‌گه‌ر یه‌كێكتان له‌ دانایی كه‌موكوڕی هه‌یه‌، با داوا له‌ خودا بكات، كه‌ به‌ دڵفراوانی به‌ هه‌مووان ده‌به‌خشێت و گله‌ییش ناكات، پێشی ده‌به‌خشرێت. به‌ڵام با به‌ باوه‌ڕه‌وه‌ داوا بكات و هه‌رگیز گومان نه‌كات، چونكه‌ ئه‌وه‌ی گومان ده‌كات وه‌ک شه‌پۆلی ده‌ریا وایه‌، با ده‌یهێنێت و ده‌یبات. ئه‌و مرۆڤه‌ با بیرنه‌كاته‌وه‌ شتێک له‌ په‌روه‌ردگار وه‌رده‌گرێت، چونكه‌ مرۆڤی ڕاڕا، له‌ هه‌موو ڕێگاكانی جێگیر نییه‌. با برای پایه‌نزم شانازی به‌ به‌رزییه‌كه‌ی بكات، ده‌وڵه‌مه‌ندیش به‌ نزمییه‌كه‌ی، چونكه‌ وه‌ک گوڵی گژوگیا له‌ناوده‌چێت. چونكه‌ خۆر به‌ گه‌رمییه‌كه‌ی هه‌ڵهات، گژوگیا وشک بوو و گوڵه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌ری و دیمه‌نی جوانی نه‌ما. به‌ هه‌مان شێوه‌، ده‌وڵه‌مه‌ند له‌ ڕێگاكانی له‌ناوده‌چێت. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ به‌رگه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ ده‌گرێت، چونكه‌ كه‌ سه‌لمێندرا “تاجی ژیان” وه‌رده‌گرێت، ئه‌وه‌ی خودا به‌ڵێنی پێ داوه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی خۆشیان ده‌وێت. با كه‌س كاتێ تاقی ده‌كرێته‌وه‌ نه‌ڵێت: “له‌لایه‌ن خوداوه‌ تاقی ده‌كرێمه‌وه‌”. چونكه‌ خودا به‌ خراپه‌ تاقی ناكرێته‌وه‌، كه‌سیش تاقی ناكاته‌وه‌. به‌ڵكو هه‌ر كه‌سێک به‌و هه‌وه‌سه‌ی هه‌یه‌تی تاقی ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر پێی ڕاكێشرا و هه‌ڵخه‌ڵه‌تا. كه‌ هه‌وه‌س سک بكات گوناهی لێ ده‌بێت، گوناهیش كه‌ گه‌شه‌ی كرد مه‌رگ به‌رهه‌م دێنێت. برایانی خۆشه‌ویستم، هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن. هه‌موو به‌خشینێكی چاک و هه‌موو به‌هره‌یه‌كی ته‌واو له‌لایه‌ن سه‌ره‌وه‌یه‌، له‌لای باوكی ڕووناكییه‌كانه‌وه‌ دێته‌ خواره‌وه‌، ئه‌وه‌ی ناگۆڕێت و سێبه‌ری خولانه‌وه‌ی نییه‌. خواستی له‌سه‌ر بوو كه‌وا به‌ وشه‌ی ڕه‌وا له‌دایكببین، تاكو ببینه‌ نۆبه‌ره‌ی ئافریده‌كانی.