لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 1:11-27

یوخه‌ننه‌ن 1:11-27 PNTZS

پیاوێک به‌ ناوی له‌عازڕ له‌ بتعه‌نیا نه‌خۆش بوو، خه‌ڵكی گونده‌كه‌ی مه‌ریه‌م و مه‌رتای خوشكی بوو. مه‌ریه‌م ئه‌وه‌بوو كه‌ په‌روه‌ردگاری به‌ بۆن چه‌وركرد و به‌ پرچی پێیه‌كانی سڕییه‌وه‌، له‌عازه‌ڕی براشی نه‌خۆش بوو. خوشكه‌كان هه‌واڵیان بۆ نارد و وتیان: “گه‌وره‌م، ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی خۆشتده‌وێت نه‌خۆشه‌”. كاتێ ئیشۆع ئه‌مه‌ی بیست فه‌رمووی: “ئه‌م نه‌خۆشییه‌ بۆ مه‌رگ نییه‌، به‌ڵكو بۆ شكۆداری خودایه‌، تاكو به‌هۆیه‌وه‌ ڕۆڵه‌ی خودا شكۆدار بێت”. ئیشۆعیش مه‌رتا و خوشكه‌كه‌ی و له‌عازه‌ڕی خۆشده‌ویست، بۆیه‌ كاتێ بیستی نه‌خۆشه‌، له‌و شوێنه‌ی لێیبوو دوو ڕۆژ مایه‌وه‌. دوای ئه‌مه‌ به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “با بچینه‌وه‌ ئیهوود”. قوتابییه‌كان پێیان وت: “ڕابی، ئێستا جوو به‌ته‌مابوون به‌ردبارانت بكه‌ن، دیسان ده‌چیته‌وه‌ ئه‌وێ؟” ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ئایا ڕۆژ دوازده‌ كاژێر نییه‌؟ ئه‌وه‌ی به‌ ڕۆژ ڕێ بكات ساتمه‌ ناكات، چونكه‌ ڕووناكی ئه‌م جیهانه‌ ده‌بینێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ شه‌و ڕێ بكات ساتمه‌ ده‌كات، چونكه‌ ڕووناكیی تێدا نییه‌”. ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، پاشان پێی فه‌رموون: “له‌عازه‌ڕی خۆشه‌ویستمان نووست، به‌ڵام ده‌چم تاكو به‌خه‌به‌ری بهێنمه‌وه‌”. قوتابییه‌كان وتیان: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر نووستووه‌، ئه‌وا چاكده‌بێته‌وه‌”. ئیشۆع باسی مه‌رگی ئه‌وی كرد، به‌ڵام ئه‌وان وایانزانی باسی نووستنی خه‌وتن ده‌كات. ئیتر ئیشۆع به‌ ئاشكرا پێی فه‌رموون: “له‌عازه‌ڕ مرد. له‌به‌ر ئێوه‌ دڵشادم كه‌ له‌وێ نه‌بووم، تاكو باوه‌ڕ بهێنن. به‌ڵام با بڕۆینه‌ لای!” تۆما كه‌ به‌ دووانه‌ بانگ ده‌كرا، به‌ قوتابییه‌ هاوه‌ڵه‌كانی وت: “با ئێمه‌ش بڕۆین تاكو له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بمرین!”. كاتێ ئیشۆع هات، زانی وا چوار ڕۆژه‌ له‌ گۆڕدایه‌. بتعه‌نیاش نزیكه‌ی پازده‌ تیرهاوێژ له‌ یروشلایمه‌وه‌ دوور بوو. زۆر جوو هاتنه‌ لای مه‌رتا و مه‌ریه‌م تاكو سه‌ره‌خۆشی براكه‌یان لێ بكه‌ن. كاتێ مه‌رتا بیستی ئیشۆع هاتووه‌، به‌ره‌وپیری چوو، مه‌ریه‌میش له‌ ماڵ مایه‌وه‌. ئینجا مه‌رتا به‌ ئیشۆعی وت: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر لێره‌ بووای، براكه‌م نه‌ده‌مرد! به‌ڵام من ئێستاش ده‌زانم هه‌رچی له‌ خودا داوا بكه‌یت، خودا ده‌تداتێ”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “براكه‌ت هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌”. مه‌رتاش پێی وت: “ده‌زانم له‌ هه‌ستانه‌وه‌ی ڕۆژی دوایی هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “منم هه‌ستانه‌وه‌ و ژیان. ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت، ئه‌گه‌ر بشمرێت ده‌ژیێته‌وه‌. هه‌ر كه‌سێكیش كه‌ زیندووه‌ و باوه‌ڕم پێ بهێنێت تاهه‌تایه‌ نامرێت. باوه‌ڕ به‌مه‌ ده‌كه‌یت؟” پێی وت: “به‌ڵێ گه‌وره‌م. باوه‌ڕم هێناوه‌ كه‌ تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت، ڕۆڵه‌ی خودای، ئه‌وه‌ی بۆ جیهان دێت”.