لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 17:11-46

یوخه‌ننه‌ن 17:11-46 PNTZS

كاتێ ئیشۆع هات، زانی وا چوار ڕۆژه‌ له‌ گۆڕدایه‌. بتعه‌نیاش نزیكه‌ی پازده‌ تیرهاوێژ له‌ یروشلایمه‌وه‌ دوور بوو. زۆر جوو هاتنه‌ لای مه‌رتا و مه‌ریه‌م تاكو سه‌ره‌خۆشی براكه‌یان لێ بكه‌ن. كاتێ مه‌رتا بیستی ئیشۆع هاتووه‌، به‌ره‌وپیری چوو، مه‌ریه‌میش له‌ ماڵ مایه‌وه‌. ئینجا مه‌رتا به‌ ئیشۆعی وت: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر لێره‌ بووای، براكه‌م نه‌ده‌مرد! به‌ڵام من ئێستاش ده‌زانم هه‌رچی له‌ خودا داوا بكه‌یت، خودا ده‌تداتێ”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “براكه‌ت هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌”. مه‌رتاش پێی وت: “ده‌زانم له‌ هه‌ستانه‌وه‌ی ڕۆژی دوایی هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “منم هه‌ستانه‌وه‌ و ژیان. ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت، ئه‌گه‌ر بشمرێت ده‌ژیێته‌وه‌. هه‌ر كه‌سێكیش كه‌ زیندووه‌ و باوه‌ڕم پێ بهێنێت تاهه‌تایه‌ نامرێت. باوه‌ڕ به‌مه‌ ده‌كه‌یت؟” پێی وت: “به‌ڵێ گه‌وره‌م. باوه‌ڕم هێناوه‌ كه‌ تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت، ڕۆڵه‌ی خودای، ئه‌وه‌ی بۆ جیهان دێت”. كه‌ ئه‌مه‌ی وت، چوو مه‌ریه‌می خوشكی بانگكرد و به‌ نهێنی وتی: “ڕابی هاتووه‌، بانگت ده‌كات”. ئه‌ویش كه‌ ئه‌مه‌ی بیست خێرا هه‌ستا و هاته‌ لای. ئیشۆع هێشتا نه‌هاتبووه‌ نێو گونده‌كه‌، به‌ڵكو له‌و شوێنه‌ بوو كه‌ مه‌رتای لێ بینی. ئه‌و جووانه‌ی له‌ ماڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵی بوون و دڵنه‌واییان ده‌كرد، بینییان مه‌ریه‌م خێرا هه‌ستا و چووه‌ ده‌ره‌وه‌، دوای كه‌وتن و وتیان: “دیاره‌ ده‌چێته‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ تاكو له‌وێ بگریێت”. كاتێ مه‌ریه‌م گه‌یشته‌ ئه‌و شوێنه‌ی ئیشۆعی لێبوو و ئه‌وی بینی، به‌سه‌ر پێیدا كه‌وت و پێی وت: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر لێره‌ بووای، براكه‌م نه‌ده‌مرد”. ئیشۆعیش كه‌ بینی ده‌گریێت و ئه‌و جووانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی هاتبوون ده‌گریێن، كاری له‌ ڕووحی كرد و په‌شۆكا، فه‌رمووی: “له‌كوێتان داناوه‌؟” پێیان وت: “گه‌وره‌م، وه‌ره‌ و ببینه‌”. ئیشۆع گریا. جووه‌كانیش وتیان: “سه‌یركه‌ن چه‌ند خۆشیده‌ویست!” هه‌ندێكیان وتیان: “ئه‌مه‌ كه‌ چاوی نابیناكه‌ی كرده‌وه‌، ئایا نه‌یده‌توانی وای بكردایه‌ ئه‌میش نه‌مردایه‌؟”. دیسان ئیشۆع له‌ ناخه‌وه‌ كاری تێكرد و هاته‌ لای گۆڕه‌كه‌، كه‌ ئه‌شكه‌وتێک بوو به‌ردێكی پێوه‌ نرابوو. ئیشۆع فه‌رمووی: “به‌رده‌كه‌ لاده‌ن”. مه‌رتای خوشكی مردووه‌كه‌ پێی وت: “گه‌وره‌م، بۆنی كردووه‌، چونكه‌ چوار ڕۆژه‌”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ئه‌ی پێم نه‌ووتی: ئه‌گه‌ر باوه‌ڕ بهێنیت شكۆی خودا ده‌بینیت؟” ئه‌وسا به‌رده‌كه‌یان لابرد، ئیشۆعیش چاوی هه‌ڵبڕیه‌ سه‌ره‌وه‌ و فه‌رمووی: “باوكه‌، سوپاست ده‌كه‌م كه‌ گوێت لێ گرتم. زانیم كه‌ تۆ هه‌میشه‌ گوێم لێ ده‌گریت. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی له‌م ناوه‌ ڕاوه‌ستاون ئه‌مه‌م وت، تاكو باوه‌ڕ بهێنن كه‌ تۆ منت ناردووه‌”. كه‌ ئه‌مه‌ی فه‌رموو به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد: “له‌عازه‌ڕ، وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌!” ئه‌وسا مردووه‌كه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌ست و قاچی به‌ كفن به‌سترابوو، ڕووشی به‌ ده‌سماڵێک پێچرابوو. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “بیكه‌نه‌وه‌، با بڕوات”. زۆر له‌ جووه‌كان، كه‌ بۆ لای مه‌ریه‌م هاتبوون، كاتێ ئه‌وه‌یان بینی كه‌ ئیشۆع كردی، باوه‌ڕیان پێی هێنا. به‌ڵام هه‌ندێكیان چوونه‌ لای په‌ڕیشییه‌كان و ئه‌وه‌ی ئیشۆع كردبووی پێیان وتن.