لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 1:19-18

یوخه‌ننه‌ن 1:19-18 PNTZS

ئیتر پیڵاتوس ئیشۆعی برد و دایه‌ به‌ر قامچی. سه‌ربازه‌كان تاجێكیان له‌ دڕک چنی و خستیانه‌ سه‌ر سه‌ری و جلێكی ئه‌رخه‌وانییان له‌به‌ر كرد و ده‌یانووت: “سڵاو، ئه‌ی پاشای جوو!”، زللـه‌یان لێی ده‌دا. دیسان پیڵاتوس چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و پێی وتن: “بۆتانی ده‌هێنمه‌ ده‌ره‌وه‌ تاكو بزانن من یه‌ک خراپه‌ی تێدا نابینم!” ئیشۆع به‌ تاجی دڕكاوی و جلی ئه‌رخه‌وانییه‌وه‌ چووه‌ ده‌ره‌وه‌، پیڵاتوس پێی وتن: “ئه‌مه‌ كابراكه‌یه‌!” كاتێ كاهینانی باڵا و ڕاژه‌وانان بینییان، هاواریان كرد و وتیان: “له‌خاچی بده‌! له‌خاچی بده‌!” پیڵاتوس پێی وتن: “ئێوه‌ بیبه‌ن و له‌خاچی بده‌ن، چونكه‌ خراپه‌ی تێدا نابینم”. جووه‌كان وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “ته‌وراتمان هه‌یه‌. به‌گوێره‌ی ته‌وراتمان ده‌بێت بمرێت، چونكه‌ خۆی كردووه‌ته‌ ڕۆڵه‌ی خودا”. كاتێ پیڵاتوس ئه‌م قسه‌یه‌ی بیست زیاتر ترسا. گه‌ڕایه‌وه‌ نێو كۆشكه‌كه‌ و به‌ ئیشۆعی وت: “خه‌ڵكی كوێی؟” به‌ڵام ئیشۆع هیچ وه‌ڵامێكی نه‌دایه‌وه‌. پیڵاتوس پێی وت: “قسه‌م بۆ ناكه‌یت؟ نازانیت ده‌سه‌ڵاتم هه‌یه‌ له‌خاچت بده‌م یان ئازادت بكه‌م؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “هه‌رگیز هیچ ده‌سه‌ڵاتێكت به‌سه‌ر منه‌وه‌ نییه‌، ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ره‌وه‌ پێت نه‌درابێت. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی منی ڕاده‌ستی تۆی كردووه‌ گوناهه‌كه‌ی مه‌زنتره‌”. له‌م كاته‌وه‌ ئیتر پیڵاتوس هه‌وڵی ده‌دا ئازادی بكات، به‌ڵام جووه‌كان هاواریان ده‌كرد و ده‌یانووت: “ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ئازاد بكه‌یت، دۆستی قه‌یسه‌ڕ نیت. هه‌ر كه‌سێک خۆی بكاته‌ پاشا، به‌ره‌نگاریی قه‌یسه‌ڕ ده‌كات”. كاتێ پیڵاتوس ئه‌م قسه‌یه‌ی بیست، ئیشۆعی برده‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌سه‌ر ته‌ختی دادوه‌ری دانیشت، له‌ شوێنێک پێی ده‌ووترێ به‌ردڕێژكراو، به‌ عیبریش گپپتا. ڕۆژی ئاماده‌كاری په‌سخه‌ بوو، نزیكه‌ی كاژێر شه‌ش بوو، به‌ جووه‌كانی وت: “ئه‌وه‌تا پاشاكه‌تان”. ئه‌وانیش هاواریان كرد: “بیبه‌! بیبه‌! له‌خاچی بده‌!” پیڵاتوس پێی وتن: “پاشاكه‌تان له‌خاچ بده‌م؟” كاهینانی باڵا وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “جگه‌ له‌ قه‌یسه‌ڕ پاشامان نییه‌”. ئیتر دایه‌ ده‌ستیان تاكو له‌خاچ بدرێت. ئه‌وانیش ئیشۆعیان برد. به‌ خۆی خاچه‌كه‌ی هه‌ڵگرتبوو، ده‌رچوو بۆ ئه‌و شوێنه‌ی پێی ده‌ووترێ “شوێنی كاسه‌سه‌ر”، به‌ عیبریش پێی ده‌ووترێ “گاغولتا”. له‌وێ له‌گه‌ڵ دوو كه‌سی دیكه‌ له‌خاچیان دا، هه‌ریه‌كه‌ له‌ لایه‌كییه‌وه‌، ئیشۆعیش له‌ناوه‌ڕاست.