لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 16:19-42

یوخه‌ننه‌ن 16:19-42 PNTZS

ئیتر دایه‌ ده‌ستیان تاكو له‌خاچ بدرێت. ئه‌وانیش ئیشۆعیان برد. به‌ خۆی خاچه‌كه‌ی هه‌ڵگرتبوو، ده‌رچوو بۆ ئه‌و شوێنه‌ی پێی ده‌ووترێ “شوێنی كاسه‌سه‌ر”، به‌ عیبریش پێی ده‌ووترێ “گاغولتا”. له‌وێ له‌گه‌ڵ دوو كه‌سی دیكه‌ له‌خاچیان دا، هه‌ریه‌كه‌ له‌ لایه‌كییه‌وه‌، ئیشۆعیش له‌ناوه‌ڕاست. پیڵاتوسیش ناونیشانێكی نووسی و له‌سه‌ر خاچه‌كه‌ی دانا، نووسرابوو: “ئیشۆعی ناسڕه‌تی، پاشای جوو”. جووێكی زۆر ناونیشانه‌كه‌یان خوێنده‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و شوێنه‌ی تێدا له‌خاچدرابوو له‌ شار نزیک بوو. به‌ عیبری و به‌ یۆنانی و به‌ لاتینی نووسرابوو. كاهینانی باڵای جووه‌كان به‌ پیڵاتوسیان وت: “مه‌نووسه‌: پاشای جوو، به‌ڵكو ئه‌و خۆی وتی: من پاشای جووم!”. پیڵاتوس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ئه‌وه‌ی نووسیومه‌، نووسیومه‌”. كاتێک سه‌ربازه‌كان ئیشۆعیان له‌خاچدا، پۆشاكه‌كانیان برد و كردیانه‌ چوار پارچه‌، بۆ هه‌ر سه‌ربازێک پارچه‌یه‌ک. كراسه‌كه‌شیان برد، كراسه‌كه‌ بێ دروومان بوو، له‌سه‌رڕا یه‌ک پارچه‌ چنرابوو. جا به‌ یه‌كتریان وت: “با نه‌یدڕێنین، تیروپشكی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین بۆ كێ ده‌بێت”. تاكو سیپاره‌كه‌ بێته‌ دی كه‌ فه‌رموویه‌تی: {پۆشاكه‌كه‌م نێوان خۆیان دابه‌شكرد و له‌سه‌ر كراسه‌كه‌م تیروپشكیان كرد} . جا سه‌ربازه‌كان ئه‌مه‌یان كرد. له‌لای خاچه‌كه‌ی ئیشۆع، دایكی و پووری و مه‌ریه‌می ژنی كلۆپا و مه‌ریه‌می مه‌گدانی ڕاوه‌ستابوون. كاتێ ئیشۆع دایكی بینی و ئه‌و قوتابییه‌ش كه‌ خۆشیده‌ویست له‌لای ڕاوه‌ستاوه‌، به‌ دایكی فه‌رموو: “خانم، ئه‌وه‌تا كوڕی تۆ”. ئینجا به‌ قوتابییه‌كه‌شی فه‌رموو: “ئه‌وه‌تا دایكی تۆ”. ئیتر له‌و كاته‌وه‌ قوتابییه‌كه‌ بردییه‌وه‌ ماڵی خۆی. دوای ئه‌مه‌، ئیشۆع بینی كه‌وا هه‌موو شتێک ته‌واو بوو و تاكو سیپاره‌كه‌ بێته‌ دی، فه‌رمووی: “تینوومه‌”. گۆزه‌یه‌كی پڕ له‌ سركه‌ دانرابوو، هه‌وریه‌كی پڕ له‌ سركه‌یان خسته‌ سه‌ر قامیشێک و به‌رزیان كرده‌وه‌ بۆ ده‌می. كاتێ ئیشۆع تامی سركه‌كه‌ی كرد، فه‌رمووی: “ته‌واو بوو”. ئینجا سه‌ری دانه‌واند و ڕووحی سپارد. ئینجا جووه‌كان داوایان له‌ پیڵاتوس كرد قاچی له‌خاچدراوان بشكێندرێت و هه‌ڵبگیردرێن، چونكه‌ ڕۆژی ئاماده‌كاری بوو، ئه‌و شه‌ممه‌یه‌ ڕۆژێكی مه‌زن بوو، تاكو ته‌رمه‌كان له‌ شه‌ممه‌دا له‌سه‌ر خاچ نه‌مێنن. ئینجا سه‌ربازه‌كان هاتن و هه‌ردوو قاچی ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م و ئه‌وی دیكه‌یان شكاند كه‌ له‌گه‌ڵیدا له‌خاچدرابوون. به‌ڵام كاتێ هاتنه‌ لای ئیشۆع بینییان وا مردووه‌، قاچییان نه‌شكاند. به‌ڵام یه‌كێک له‌ سه‌ربازه‌كان ڕمێكی له‌ كه‌له‌كه‌ی دا، یه‌كسه‌ر خوێن و ئاو ده‌رچوو. ئه‌وه‌ی بینی گه‌واهیی دا، گه‌واهییه‌كه‌شی ڕه‌وایه‌، خۆشی ده‌زانێت كه‌ ڕه‌وا ده‌ڵێت، تاكو ئێوه‌ باوه‌ڕ بهێنن. چونكه‌ ئه‌مه‌ ڕوویدا تاكو سیپاره‌كه‌ بێته‌ دی كه‌ ده‌فه‌رمووێ: {ئێسقانێكی ئه‌و ناشكێندرێت} . هه‌روه‌ها سیپاره‌یه‌كی دیكه‌ش ده‌فه‌مرووێ: {ته‌ماشای ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ڕمیان لێداوه‌} . ئینجا‌ یۆسپی خه‌ڵكی ڕه‌متا كه‌ له‌ ترسی جوو به‌ نهێنی قوتابی ئیشۆع بوو، داوای له‌ پیڵاتوس كرد تاكو جه‌سته‌ی ئیشۆع ببات، پیڵاتوسیش ڕێی دا. جا هات و جه‌سته‌ی ئیشۆعی برد. نیقادیمۆسیش هات، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مجار به‌ شه‌و هاته‌ لای ئیشۆع. له‌گه‌ڵ خۆی نزیكه‌ی سه‌د مه‌ننا موڕی تێكه‌ڵاو به‌ عودی هێنا. جا جه‌سته‌ی ئیشۆعیان برد و به‌ كه‌تان له‌گه‌ڵ بۆن پێچایانه‌وه‌، وه‌ک نه‌ریتی جوو له‌ كفنكردن. له‌و شوێنه‌ی ئیشۆعی تێدا له‌خاچدرا باخێک هه‌بوو، له‌ باخه‌كه‌شدا گۆڕێكی نوێی هه‌بوو كه‌سی تێدا نه‌نێژرابوو. له‌به‌ر ڕۆژی ئاماده‌كاری جووه‌كان ئیشۆعیان له‌وێ دانا، چونكه‌ گۆڕه‌كه‌ نزیک بوو.