لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 1:20-20

یوخه‌ننه‌ن 1:20-20 PNTZS

له‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌دا، هێشتا تاریک بوو، مه‌ریه‌می مه‌گدانی هاته‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ و بینی به‌رده‌كه‌ له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ گلۆر كراوه‌ته‌وه‌. ئه‌ویش ڕایكرد و هاته‌ لای شیمعون په‌تڕۆس و ئه‌و قوتابییه‌كه‌ی دیكه‌ كه‌ ئیشۆع خۆشیده‌ویست، پێی وتن: “گه‌وره‌یان له‌ گۆڕه‌كه‌دا بردووه‌ و نازانین له‌كوێ دایانناوه‌!” ئینجا په‌تڕۆس و قوتابییه‌كه‌ی دیكه‌ ده‌رچوون و هاتنه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌. هه‌ردووكیان به‌یه‌كه‌وه‌ ڕایان ده‌كرد، قوتابییه‌كه‌ی دیكه‌ پێش په‌تڕۆس كه‌وت و یه‌كه‌م گه‌یشته‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌. دانه‌ویه‌وه‌ و بینی كفنه‌كه‌ دانراوه‌، به‌ڵام نه‌چووه‌ ژووره‌وه‌. ئینجا شیمعون په‌تڕۆس كه‌ دوایكه‌وتبوو هات و چووه‌ نێو گۆڕه‌كه‌، بینی كفنه‌كه‌ دانراوه‌. ده‌سته‌سڕه‌كه‌ش كه‌ به‌سه‌ری ئیشۆعه‌وه‌ بوو له‌گه‌ڵ كه‌تانه‌كه‌ دانه‌نرابوو، به‌ڵكو به‌ جیا له‌ جێیه‌ک پێچراوه‌ته‌وه‌. ئه‌وسا قوتابییه‌كه‌ی دیكه‌ش كه‌ یه‌كه‌مجار هاتبووه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ چووه‌ ژووره‌وه‌. بینی و باوه‌ڕی هێنا. چونكه‌ هێشتا له‌ په‌رتووكه‌كان تێنه‌گه‌یشتبوون كه‌ ده‌بێ له‌نێوان مردوواندا هه‌ستێته‌وه‌. ئینجا دوو قوتابییه‌كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ شوێنی خۆیان. به‌ڵام مه‌ریه‌م له‌لای گۆڕه‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕاوه‌ستابوو ده‌گریا. كاتێ ده‌گریا بۆ گۆڕه‌كه‌ دانه‌ویه‌وه‌، بینی دوو فریشته‌ به‌ جلی سپییه‌وه‌ له‌و شوێنه‌ی جه‌سته‌ی ئیشۆعی لێ دانرابوو دانیشتوون، یه‌كێک له‌لای سه‌ریه‌وه‌ ئه‌وی دیكه‌ له‌لای پێی. پێیان فه‌رموو: “خانم، بۆ ده‌گریت؟” پێی وتن: “گه‌وره‌میان بردووه‌، نازانم له‌كوێ دایانناوه‌!”. كه‌ ئه‌مه‌ی وت ئاوڕی دایه‌وه‌ دوای خۆی، بینی ئیشۆع ڕاوه‌ستاوه‌، به‌ڵام نه‌یزانی ئیشۆعه‌. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “خانم! بۆ ده‌گریت؟ به‌دوای كێدا ده‌گه‌ڕێیت؟” وایزانی باخه‌وانه‌كه‌یه‌، پێی وت: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر تۆ بردووته‌ پێم بڵێ له‌كوێ داتناوه‌ تاكو بیبه‌مه‌وه‌”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “مه‌ریه‌م!” ئه‌ویش ئاوڕی دایه‌وه‌ و وتی: “ڕابۆنی!”، واتا: “مامۆستا”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ده‌ستم لێ مه‌ده‌، چونكه‌ هێشتا بۆ لای باوكم به‌رز نه‌بوومه‌ته‌وه‌. به‌ڵام بڕۆ لای برایانم و پێیان بڵێ: من به‌رز ده‌بمه‌وه‌ بۆ لای باوكم و باوكتان، خوداوه‌ندم و خوداوه‌ندتان”. مه‌ریه‌می مه‌گدانی هات و به‌ قوتابییه‌كانی ڕاگه‌یاند كه‌ په‌روه‌ردگاری بینیوه‌! ئه‌وه‌شی پێ ووتن كه‌ پێی فه‌رمووبوو. ئێواره‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ی سه‌ره‌تای هه‌فته‌، له‌ ترسی جووه‌كان ئه‌و شوێنه‌ی قوتابییه‌كانی لێبوو ده‌رگاكانی داخرابوو، ئیشۆع هات و له‌ناوه‌ڕاستدا ڕاوه‌ستا و پێی فه‌رموون: “ئاشتیتان لێ بێ!” كه‌ ئه‌مه‌ی وت، ده‌ستی و كه‌له‌كه‌ی پیشاندان، جا قوتابییه‌كان كه‌ په‌روه‌ردگاریان بینی دڵشادبوون.