لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 1:6-21

یوخه‌ننه‌ن 1:6-21 PNTZS

دوای ئه‌مه‌ ئیشۆع چووه‌ ئه‌وبه‌ری ده‌ریای گلیلا، كه‌ ده‌ریای ته‌به‌ریه‌یه‌، كۆمه‌ڵانێكی زۆر دوای كه‌وتن، چونكه‌ ئه‌و نیشانانه‌یان بینیبوو كه‌ له‌ نه‌خۆشه‌كاندا ده‌یكرد. ئینجا ئیشۆع چووه‌ سه‌ر شاخێک و له‌وێ له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی دانیشت. جه‌ژنی په‌سخه‌ی جوو نزیک بوو. ئیشۆعیش چاوی هه‌ڵبڕی و كۆمه‌ڵانێكی زۆری بینی ده‌هاتنه‌ لای، به‌ پیلیپوسی فه‌رموو: “له‌كوێ نان بكڕین بۆئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ بخۆن؟” ئه‌مه‌ی فه‌رموو تاكو تاقیی بكاته‌وه‌، چونكه‌ خۆی زانی به‌ نیازه‌ چی بكات. پیلیپوس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “بایی دوو سه‌د دیناریش نان به‌شیان ناكات، ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌كه‌یان كه‌مێكی به‌ركه‌وێت”. یه‌كێک له‌ قوتابییه‌كانی كه‌ ئه‌ندراوسی برای شیمعون په‌تڕۆس بوو پێی وت: “كوڕێک لێره‌یه‌ پێنج نانی جۆ و دوو ماسی پێیه‌. به‌ڵام ئه‌ونده‌ چییه‌ بۆ ئه‌م هه‌مووه‌؟” ئیشۆع فه‌رمووی: “خه‌ڵكه‌كه‌ دابنیشێنن”. ئه‌و شوێنه‌ گیایه‌كی زۆری لێبوو، جا پیاوه‌كان كه‌ پێنج هه‌زار ده‌بوون دانیشتن. ئیشۆعیش نانه‌كانی برد و سوپاسی كرد، به‌سه‌ر قوتابیه‌كان دابه‌شیكرد، قوتابیه‌كانیش به‌سه‌ر دانیشتووان دابه‌شیان كرد، ماسیه‌كانیش هه‌ر ئاوا، ئه‌وه‌نده‌ی ویستیان. كاتێ تێربوون، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “ئه‌و له‌ته‌نانه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ كۆی بكه‌نه‌وه‌ تاكو هیچ به‌ فیڕۆ نه‌ڕوات”. ئه‌وانیش كۆیان كرده‌وه‌ و دوازده‌ سه‌به‌ته‌یان پڕ كرد له‌و له‌ته‌نانه‌ی ئه‌و پێنج نانه‌ جۆیه‌ی له‌ نانخۆران مابووه‌وه‌. كاتێ خه‌ڵكه‌كه‌ بینییان ئیشۆع چ په‌رجوێكی كرد، وتیان: “به‌ ڕاستی ئه‌مه‌ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌یه‌كه‌ وا بۆ جیهان دێت!”. به‌ڵام ئیشۆع زانی ئه‌وان به‌ نیازن بێن و بیگرن تاكو بیكه‌نه‌ پاشا، دیسان به‌ ته‌نیا چووه‌ سه‌ر شاخ. كاتێ ئێواره‌ داهات قوتابییه‌كانی بۆ لای ده‌ریاكه‌ چوونه‌ خواره‌وه‌، سواری كه‌شتیێک بوون و به‌ ده‌ریادا بۆ كپه‌ڕناخوم كه‌وتنه‌ڕێ. تاریک داهات و ئیشۆع هه‌ر نه‌هاته‌ لایان. ڕه‌شه‌بایه‌كی مه‌زن هه‌ڵیكرد و ده‌ریا هه‌ڵچوو. كه‌ نزیكه‌ی بیست و پێنج تاكو سی تیرهاوێژ سه‌وڵیان لێدابوو، ئیشۆعیان بینی به‌سه‌ر ئاوه‌كه‌دا ڕێده‌كات و له‌ كه‌شتیه‌كه‌ نزیک ده‌بێته‌وه‌، جا ترسان. پێی فه‌رموون: “منم، مه‌ترسن!” كه‌ ڕازی بوون سواری كه‌شتیه‌كه‌ی بكه‌ن، یه‌كسه‌ر كه‌شتیه‌كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌و كه‌ناره‌ی بۆی ده‌چوون.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان