لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 32:6-59

یوخه‌ننه‌ن 32:6-59 PNTZS

ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: مووشێ نه‌بوو نانه‌كه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ دانێ، به‌ڵكو باوكمه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ نانی ڕاسته‌قینه‌تان ده‌داتێ. چونكه‌ نانی خودا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌ و ژیان ده‌به‌خشێته‌ جیهان”. پێیان وت: “گه‌وره‌م، هه‌موو كاتێ ئه‌و نانه‌مان بده‌رێ”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “منم نانی ژیان. ئه‌وه‌ی بێته‌ لام هه‌رگیز برسیی نابێت، ئه‌وه‌ش باوه‌ڕم پێ بهێنێت هه‌رگیز تینووی نابێت. به‌ڵام پێم وتن: منتان بینی و باوه‌ڕیش ناهێنن. هه‌ر كه‌سێک باوک ده‌یداته‌ من دێته‌ لام، ئه‌وه‌ش بێته‌ لام، ده‌ری ناكه‌م. چونكه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوم، نه‌ک تاكو به‌ خواستی خۆم بكه‌م، به‌ڵكو خواستی ئه‌وه‌ی ناردوومی. ئه‌مه‌ش خواستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناردوومی: هه‌ر كه‌سێكی پێداوم نه‌یدۆڕێنم، به‌ڵكو له‌ ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه‌. چونكه‌ خواستی باوكم ئه‌مه‌یه‌: هه‌ر كه‌سێک ڕۆڵه‌ ببینێت و باوه‌ڕی پێ بهێنێت ژیانی جاویدانیی ده‌‌بێت، منیش له‌ ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه‌”. جووه‌كان بۆڵه‌بۆڵیان له‌سه‌ر ده‌كرد، چونكه‌ فه‌رمووی: “منم ئه‌و نانه‌ی له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌”. وتیان: “ئه‌مه‌ ئیشۆعی كوڕی یۆسپ نییه‌، كه‌ باوک و دایكی ده‌ناسین؟ چۆن ده‌ڵێت له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوم؟” ئیشۆعیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “له‌ نێو خۆتان بۆڵه‌بۆڵ مه‌كه‌ن. كه‌س ناتوانێت بێته‌ لام ئه‌گه‌ر باوک ڕاینه‌كێشێت، ئه‌وه‌ی ناردوومی، منیش له‌ ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه‌. له‌ پێغه‌مبه‌راندا نووسراوه‌: {هه‌موو له‌ خوداوه‌ فێرده‌بن} . جا ئه‌وه‌ی له‌ باوكه‌وه‌ بیستبێتی و فێربووبێت دێته‌ لام. كه‌س باوكی نه‌بینیوه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ خوداوه‌یه‌، ئه‌وه‌ باوكی بینیوه‌. ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت ژیانی جاویدانیی هه‌یه‌. منم نانی ژیان. باوباپیرانتان له‌ بیاباندا مه‌نیان خوارد و مردن. ئه‌مه‌ ئه‌و نانه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌، تاكو ئه‌وه‌ی لێی بخوات نه‌مرێت. منم ئه‌و نانه‌ زیندووه‌ی كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێک له‌م نانه‌ بخوات تاهه‌تایه‌ ده‌ژیێت. ئه‌و نانه‌ش كه‌ بۆ ژیانی جیهان ده‌یبه‌خشم، جه‌سته‌مه‌”. جوو له‌نێو خۆیان ده‌مه‌قاڵه‌یان بوو و ده‌یانووت: “ئه‌مه‌ چۆن ده‌توانێ جه‌سته‌ی خۆیمان بداتێ بیخۆین؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر جه‌سته‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ نه‌خۆن و خوێنی نه‌خۆنه‌وه‌، ژیان له‌ ناختاندا نابێت. ئه‌وه‌ی جه‌سته‌م بخوات و خوێنم بخواته‌وه‌ ژیانی جاویدانی هه‌یه‌، منیش له‌ ڕۆژی دوایی هه‌ڵیده‌ستێنمه‌وه‌. چونكه‌ جه‌سته‌م خۆراكی ڕه‌وایه و خوێنیشم خواردنه‌وه‌ی ڕه‌وایه‌. ئه‌وه‌ی جه‌سته‌م بخوات و خوێنم بخواته‌وه‌ له‌ مندا جێگیر ده‌بێت و منیش له‌ ئه‌ودا. وه‌ک باوكی زیندوو ناردوومی، منیش به‌ باوک زیندووم، ئاواش ئه‌وه‌ی من بخوات به‌هۆی من ده‌ژیێت. ئه‌مه‌ ئه‌و نانه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌، نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی باوباپیران خواردیان و مردن. ئه‌وه‌ی له‌م نانه‌ بخوات تاهه‌تایه‌ ده‌ژیێت”. ئه‌مانه‌ی له‌ كه‌نیشتێكدا فه‌رموو، كه‌ له‌ كپه‌ڕناخوم ئامۆژگاریی ده‌كرد.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان