لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:1-41

لۆقا 1:1-41 PNTZS

ئه‌ی تیئۆپیلای پایه‌ به‌رز، زۆر كه‌س هه‌ستان به‌ داڕشتنی چیرۆكی ئه‌و ڕووداوانه‌ی له‌لای ئێمه‌ ڕوویدابوو، وه‌ک له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ پێمان ڕاده‌ست كراوه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ گه‌واهیده‌ر و ڕاژه‌وانی وشه‌كه‌ بوون. منیش له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ وردی سۆراخی هه‌موو شتێكم كردووه‌، بۆیه‌ به‌ باشم زانی به‌ ڕیزبه‌ندی بۆتی بنووسم، تاكو ڕاستیی ئه‌و قسانه‌ بزانیت كه‌ فێركراوی. له‌ سه‌رده‌می هیڕوودسی شای ئیهوود، كاهینێک له‌ كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌وییا هه‌بوو ناوی زخه‌ریا بوو، ئه‌لیساباتی ژنیشی له‌ نه‌وه‌ی هاڕون بوو. هه‌ردووكیان له‌به‌رده‌م خودا بێتاوان بوون، بێ گله‌یی بوون له‌ په‌یڕه‌وكردنی هه‌موو ڕاسپارده‌ و حوكمه‌كانی په‌روه‌ردگار. منداڵیان نه‌ده‌بوو، چونكه‌ ئه‌لیسابات نه‌زۆک بوو، هه‌ردووكیشیان به‌ ساڵدا چووبوون. كاتێ له‌ نۆره‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی خۆیدا له‌به‌رده‌م خودا كاهینیه‌تی ده‌كرد، به‌گوێره‌ی نه‌ریتی كاهینیه‌تی، تیروپشكی كه‌وته‌ سه‌ر تاكو بچێته‌ نێو په‌رستگای په‌روه‌ردگار و بخوور بسووتێنێت. هه‌موو كۆمه‌ڵی خه‌ڵكه‌كه‌ش له‌ كاتی سووتانی بخووره‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ نوێژیان ده‌كرد. فریشته‌ی په‌روه‌ردگاری بۆ ده‌ركه‌وت، له‌لای ڕاستی قوربانگای بخوور ڕاوه‌ستابوو. كاتێ زخه‌ریا فریشته‌كه‌ی بینی، شڵه‌ژا و ترسی لێ نیشت. فریشته‌كه‌ پێی فه‌رموو: “زخه‌ریا مه‌ترسه‌، چونكه‌ داواكاریه‌ت بیسترا، ئه‌لیساباتی ژنیشت كوڕێكی بۆت ده‌بێت و ناوی ده‌نێیت یوخه‌ننه‌ن. بۆ تۆ ده‌بێته‌ خۆشی و شادی، زۆر كه‌س به‌ له‌دایكبوونی دڵخۆش ده‌بن، چونكه‌ له‌به‌رده‌م په‌روه‌ردگار مه‌زن ده‌بێت. مه‌ی و سه‌رخۆشكه‌ر ناخواته‌وه‌، له‌ سكی دایكییه‌وه‌ پڕده‌بێت له‌ ڕووحی پارسا و زۆر له‌ ڕۆڵه‌كانی ئیسڕائیل بۆ لای په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندیان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌. به‌ ڕووح و هێزی ئیلییاوه‌ به‌ پێشی ده‌كه‌وێت، تاكو دڵی باوكان بۆ ڕۆڵه‌كان و یاخیبووانیش بۆ هزری خوداناسان بگه‌ڕێنێته‌وه‌، تاكو گه‌لێكی ئاماده‌ بۆ په‌روه‌ردگار ڕێک بخات”. زخه‌ریاش به‌ فریشته‌كه‌ی وت: “به‌ چی ئه‌مه‌ بزانم، چونكه‌ خۆم پیرم و ژنه‌كه‌شم به‌ ساڵدا چووه‌؟” فریشته‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “من جبرائیلم كه‌ له‌به‌رده‌م خودا ڕاده‌وه‌ستم، نێردراوم تاكو له‌گه‌ڵت بدوێم و ئه‌م موژده‌یه‌ت بده‌مێ. ئه‌وه‌تا تۆ بێده‌نگ ده‌بیت و ناتوانیت قسه‌بكه‌یت تاكو ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌مه‌ دێته‌ دی، چونكه‌ بڕوات به‌ قسه‌كه‌م نه‌كرد، ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ كاتی خۆیدا دێته‌ دی”. گه‌ل چاوه‌ڕوانی زخه‌ریایان ده‌كرد و سه‌رسام ببوون له‌ دواكه‌وتنی له‌نێو په‌رستگادا. كاتێ هاته‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌یتوانی له‌گه‌ڵیان بدوێت، جا تێگه‌یشتن كه‌ له‌ په‌رستگادا بینینێكی دیوه‌، ئه‌ویش ئاماژه‌ی بۆ ده‌كردن و به‌ بێده‌نگی مایه‌وه‌. كاتێ ڕۆژانی ڕاژه‌كردنه‌كه‌ی ته‌واوبوو، گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵ. دوای ئه‌و ڕۆژانه‌، ئه‌لیساباتی ژنی سكی كرد، پێنج مانگ خۆی شارده‌وه‌ و ده‌یووت: “په‌روه‌ردگار ئاوای له‌گه‌ڵ كردم له‌م ڕۆژانه‌دا ئاوڕی لێم دایه‌وه‌، تاكو له‌نێو خه‌ڵكی شوره‌ییم لابه‌رێت”. له‌ شه‌شه‌م مانگی بوو، جبرائیلی فریشته‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌ بۆ شارێک نێردرا له‌ گلیلا، ناوی ناسڕه‌ت‌ بوو، بۆ پاكیزه‌یه‌كی ماره‌بڕاو له‌ پیاوێک به‌ناوی یۆسپ له‌ بنه‌ماڵه‌ی داوید، ناوی پاكیزه‌كه‌ش مه‌ریه‌م بوو. فریشته‌كه‌ هاته‌ لای و فه‌رمووی: “ئاشتی بۆ تۆ، ئه‌ی به‌خششدار! په‌روه‌ردگارت له‌گه‌ڵه، تۆ پیرۆزیت له‌نێو ژناندا”. كاتێ بینیی له‌ قسه‌كردنه‌كه‌یدا شڵه‌ژا و بیری كرده‌وه‌: “ده‌بێ ئه‌م‌ سڵاوه‌ چی بێت!”. فریشته‌كه‌ پێی فه‌رموو: “مه‌ترسه‌ مه‌ریه‌م، چونكه‌ خودا به‌خششی پێت داوه‌. ئه‌وه‌تا سكت ده‌بێت و كوڕێكت ده‌بێت ناوی ده‌نێیت ئیشۆع. مه‌زن ده‌بێت و به‌ ڕۆڵه‌ی خودای هه‌ره‌به‌رز ناوده‌بردرێت، په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندیش ته‌ختی داویدی باوكی پێ ده‌دات. تا جاویدان حوكمڕانی ماڵی یاقوو ده‌كات، پاشایه‌تیه‌كه‌شی بێ پایانه‌”. مه‌ریه‌م به‌ فریشته‌كه‌ی فه‌رموو: “ئه‌مه‌ چۆن ده‌بێت، كه‌ پیاوم نه‌ناسیوه‌؟” فریشته‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “ڕووحی پارسا دێته‌ سه‌رت و هێزی هه‌ره‌به‌رز سایه‌ت ده‌بێت. بۆیه‌ ئه‌و پارسایه‌ی لێت ده‌بێت به‌ ڕۆڵه‌ی خودا ناوده‌بردرێت. ئه‌وه‌تا ئه‌لیساباتی خزمیشت به‌و پیریه‌ی سكی به‌ كوڕێک هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی به‌ نه‌زۆک ناوده‌برا له‌ شه‌شه‌م مانگیه‌تی. چونكه‌ هیچ شتێک له‌لای خودا مه‌حاڵ نییه‌”. مه‌ریه‌م فه‌رموی: “ئه‌وه‌تا من به‌نده‌ی په‌روه‌ردگارم. با به‌گوێره‌ی قسه‌كانت بۆم ببێت”. فریشته‌كه‌ش به‌جێیهێشت. له‌و ڕۆژانه‌دا، مه‌ریه‌م هه‌ستا و خێرا به‌ره‌و چیاكان بۆ شاری ئیهوود چوو. چووه‌ ماڵی زخه‌ریا و سڵاوی له‌ ئه‌لیسابات كرد. كاتێ ئه‌لیسابات گوێی له‌ سڵاوه‌كه‌ی مه‌ریه‌م بوو، كۆرپه‌له‌كه‌ له‌ سكیدا هه‌ڵبه‌زی و ئه‌لیسابات پڕبوو له‌ ڕووحی پارسا.