لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 13:1-25

لۆقا 13:1-25 PNTZS

فریشته‌كه‌ پێی فه‌رموو: “زخه‌ریا مه‌ترسه‌، چونكه‌ داواكاریه‌ت بیسترا، ئه‌لیساباتی ژنیشت كوڕێكی بۆت ده‌بێت و ناوی ده‌نێیت یوخه‌ننه‌ن. بۆ تۆ ده‌بێته‌ خۆشی و شادی، زۆر كه‌س به‌ له‌دایكبوونی دڵخۆش ده‌بن، چونكه‌ له‌به‌رده‌م په‌روه‌ردگار مه‌زن ده‌بێت. مه‌ی و سه‌رخۆشكه‌ر ناخواته‌وه‌، له‌ سكی دایكییه‌وه‌ پڕده‌بێت له‌ ڕووحی پارسا و زۆر له‌ ڕۆڵه‌كانی ئیسڕائیل بۆ لای په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندیان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌. به‌ ڕووح و هێزی ئیلییاوه‌ به‌ پێشی ده‌كه‌وێت، تاكو دڵی باوكان بۆ ڕۆڵه‌كان و یاخیبووانیش بۆ هزری خوداناسان بگه‌ڕێنێته‌وه‌، تاكو گه‌لێكی ئاماده‌ بۆ په‌روه‌ردگار ڕێک بخات”. زخه‌ریاش به‌ فریشته‌كه‌ی وت: “به‌ چی ئه‌مه‌ بزانم، چونكه‌ خۆم پیرم و ژنه‌كه‌شم به‌ ساڵدا چووه‌؟” فریشته‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “من جبرائیلم كه‌ له‌به‌رده‌م خودا ڕاده‌وه‌ستم، نێردراوم تاكو له‌گه‌ڵت بدوێم و ئه‌م موژده‌یه‌ت بده‌مێ. ئه‌وه‌تا تۆ بێده‌نگ ده‌بیت و ناتوانیت قسه‌بكه‌یت تاكو ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌مه‌ دێته‌ دی، چونكه‌ بڕوات به‌ قسه‌كه‌م نه‌كرد، ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ كاتی خۆیدا دێته‌ دی”. گه‌ل چاوه‌ڕوانی زخه‌ریایان ده‌كرد و سه‌رسام ببوون له‌ دواكه‌وتنی له‌نێو په‌رستگادا. كاتێ هاته‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌یتوانی له‌گه‌ڵیان بدوێت، جا تێگه‌یشتن كه‌ له‌ په‌رستگادا بینینێكی دیوه‌، ئه‌ویش ئاماژه‌ی بۆ ده‌كردن و به‌ بێده‌نگی مایه‌وه‌. كاتێ ڕۆژانی ڕاژه‌كردنه‌كه‌ی ته‌واوبوو، گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵ. دوای ئه‌و ڕۆژانه‌، ئه‌لیساباتی ژنی سكی كرد، پێنج مانگ خۆی شارده‌وه‌ و ده‌یووت: “په‌روه‌ردگار ئاوای له‌گه‌ڵ كردم له‌م ڕۆژانه‌دا ئاوڕی لێم دایه‌وه‌، تاكو له‌نێو خه‌ڵكی شوره‌ییم لابه‌رێت”.