لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:11-12

لۆقا 1:11-12 PNTZS

كه‌ ئیشۆع له‌ شوێنێكدا نوێژی ده‌كرد، كاتێ ته‌واوی كرد، یه‌كێک له‌ قوتابییه‌كانی پێی وت: “په‌روه‌ردگار، فێری نوێژمان بكه‌، هه‌روه‌ک یوخه‌ننه‌نیش قوتابییه‌كانی خۆی فێركرد”. پێی فه‌رموون: “كاتێ نوێژ ده‌كه‌ن، بڵێن: (بابمان وا له‌ ئاسمانانی، ناوت پارسا بێت، پاشایه‌تییه‌كه‌ت بێ، خواستت له‌سه‌ر زه‌وی بێت وه‌ک له‌ ئاسمان. نانی به‌سكردنی ڕۆژانه‌مان بده‌رێ. گوناهه‌كانمان ببه‌خشه‌‌، ئێمه‌ش له‌قه‌رزاره‌كانمان خۆشده‌بین. مه‌مانخه‌ره‌ نێو تاقیكردنه‌وه‌، به‌ڵكو ڕزگارمان بكه‌ له‌ به‌دكار) ”. ئینجا پێی فه‌رموون: “كێ له‌ ئێوه‌ هاوڕێیه‌كی هه‌بێت و له‌ نیوه‌ شه‌ودا بچێته‌ لای و پێی بڵێت: هاوڕێم، سێ كولێره‌م به‌ قه‌رز بده‌رێ، چونكه‌ هاوڕێیه‌كم له‌ دووره‌وه‌ بۆ لام هاتووه‌، هیچم نییه‌ له‌به‌رده‌می دابنێم. ئه‌ویش له‌ ژووره‌وه‌ وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌: هه‌راسانم مه‌كه‌! ئێستا ده‌رگا داخراوه‌، خۆم و منداڵم له‌نێو جێگاداین، ناتوانم هه‌ستم و بتده‌مێ. پێتان ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر له‌به‌ر هاوڕێیه‌تی هه‌ڵنه‌ستێ و بیداتێ، له‌به‌ر پێداگرتنی چه‌ندی پێویست بێت هه‌ڵده‌ستێ و ده‌یداتێ. منیش پێتان ده‌ڵێم: داوا بكه‌ن، پێتان ده‌درێت، بگه‌ڕێن ده‌دۆزنه‌وه‌، له‌ ده‌رگا بده‌ن، لێتان ده‌كرێته‌وه‌. چونكه‌ هه‌ر كه‌سێک داوا بكات، وه‌رده‌گرێت. ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێت، ده‌دۆزێته‌وه‌. ئه‌وه‌ش له‌ ده‌رگا بدات لێی ده‌كرێته‌وه‌. چ باوكێک له‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر كوڕه‌كه‌ی داوای نانی لێ بكات، ئایا به‌ردی ده‌داتێ؟ یان داوای ماسی بكات، ماری ده‌داتێ؟ یان داوای هێلكه‌ بكات دووپشكی ده‌داتێ؟