لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:14-24

لۆقا 1:14-24 PNTZS

ئه‌وه‌بوو له‌ شه‌ممه‌دا كاتێ ئیشۆع بۆ نانخواردن چووه‌ ماڵی یه‌كێک له‌ سه‌ركرده‌ په‌ڕیشییه‌كان، چاودێرییان ده‌كرد. پیاوێكیش نه‌خۆشی ئاوبه‌ندی هه‌بوو له‌ به‌رامبه‌ری بوو. ئیشۆع له‌ ته‌وراتزان و په‌ڕیشییه‌كانی پرسی و فه‌رمووی: “ئایا له‌ شه‌ممه‌دا چاككردنه‌وه‌ دروسته‌؟” ئه‌وان بێده‌نگ بوون. ئه‌ویش كابرای گرت و چاكیكرده‌وه‌ و به‌ڕێی كرد. ئینجا پێی فه‌رموون: “كامه‌تان كه‌ره‌كه‌ی یان گاكه‌ی له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌دا بكه‌وێته‌ بیره‌وه‌ یه‌كسه‌ر ده‌ریناهێنێت؟” نه‌یانتوانی وه‌ڵامی ئه‌و شته‌ بده‌نه‌وه‌. په‌ندێكی بۆ بانگهێشتكراوان هێنایه‌وه‌ كه‌ سه‌رنجی دا چۆن ڕیزی پێشه‌وه‌ ده‌گرن، پێی فه‌رمون: “كاتێ یه‌كێک بۆ شایی بانگهێشتت ده‌كات، له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ دامه‌نیشه‌، نه‌وه‌ک له‌ تۆ ڕێزدارتریشی بانگهێشت كردبێت. ئینجا ئه‌وه‌ی تۆ و ئه‌وی بانگهێشت كردووه‌، دێت و پێت ده‌ڵێ: شوێنه‌كه‌ت بۆ ئه‌مه‌ چۆڵ بكه‌، تۆش ته‌ریق ده‌بیته‌وه‌ و ڕیزی دواوه‌ ده‌گریت. به‌ڵكو كاتێ بانگهێشت ده‌كرێیت بڕۆ له‌ دواوه‌ دانیشه‌، تاكو كاتێ ئه‌وه‌ی بانگهێشتی كردوویت، بێت و پێت بڵێت: براده‌ر، هه‌سته‌ وه‌ره‌ پێشه‌وه‌. ئه‌وسا له‌به‌رچاوی دانیشتووان شكۆدار ده‌بیت. چونكه‌ ئه‌وه‌ی خۆی به‌رز بكاته‌وه‌ نزم ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش خۆی نزم بكاته‌وه‌ به‌رز ده‌كرێته‌وه‌”. ئینجا به‌وه‌ی وت كه‌وا بانگهێشتی كردووه‌: “كاتێ چێشت یان شێو ده‌كه‌یت، هاوڕێ و برا و خزم و دراوسێ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانت بانگ مه‌كه‌، نه‌وه‌ک ئه‌وانیش بانگت بكه‌نه‌وه‌، بۆت ده‌بێته‌ پاداشت. به‌ڵكو ئه‌گه‌ر میواندارییه‌كت كرد، هه‌ژار و په‌ككه‌وته‌ و شه‌ل و كوێر بانگ بكه‌. به‌خته‌وه‌ری بۆ تۆ، چونكه‌ نییانه‌ پاداشتت بده‌نه‌وه‌، تۆش له‌ هه‌ستانه‌وه‌ی خوداناسان پاداشت ده‌درێیته‌وه‌”. كاتێ یه‌كێک له‌ دانیشتووان ئه‌مه‌ی بیست، وتی: “به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پاشایه‌تیی خودا نان ده‌خوات”. ئه‌ویش پێی فه‌رموو: “كابرایه‌ک شێوێكی گه‌وره‌ی كرد و خه‌ڵكێكی زۆری بانگكرد. كاتی نانخواردن كۆیله‌یه‌كی خۆی نارد تاكو به‌ بانگكراوان بڵێت: فه‌رموون، هه‌موو شتێک ئاماده‌یه‌. به‌ڵام هه‌موو وه‌ک یه‌ک داوای لێبوردنیان كرد. یه‌كه‌میان پێی وت: من كێڵگه‌یه‌كم كڕیوه‌ و پێویسته‌ بڕۆم بیبینم، تكایه‌ لێم ببوره‌. یه‌كێكی دیكه‌ وتی: پێنج جووت مانگام كڕیوه‌ و ده‌چم تاقییان ده‌كه‌مه‌وه‌، تكایه‌ لێم ببوره‌. یه‌كێكی دیكه‌شیان وتی: ژنم هێناوه‌، بۆیه‌ ناتوانم بێم. كۆیله‌كه‌ش هاته‌وه‌ و ئه‌مانه‌ی به‌ گه‌وره‌كه‌ی ڕاگه‌یاند. خاوه‌ن ماڵ تووڕه‌ بوو و به‌ كۆیله‌كه‌ی وت: خێرا بڕۆ بۆ شه‌قام و كۆڵانه‌كانی شار، هه‌ژار و په‌ككه‌وته‌ و كوێر و شه‌له‌كان بهێنه‌ ئێره‌. كۆیله‌كه‌ وتی: گه‌وره‌م ئه‌وه‌ی فه‌رمانت دا كرا، هێشتا شوێن ماوه‌. گه‌وره‌كه‌ به‌ كۆیله‌كه‌ی وت: بڕۆ ده‌ره‌وه‌ بۆ ڕێگا و ڕێچكۆڵه‌كان به‌ زۆر خه‌ڵک بهێنه‌ ژووره‌وه‌، تاكو ماڵه‌كه‌م پڕبێت. چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم، له‌وانه‌ی بانگهێشت كرابوون كه‌س تامی شێوه‌كه‌م ناكات”.

وەڵامەکان بۆ فەرمی نووسینەوەی سۆرانی کوردی؟؟؟ ویدیو بۆ لۆقا 14:1-24 شێوەکاری؟؟؟