لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 15:14-35

لۆقا 15:14-35 PNTZS

كاتێ یه‌كێک له‌ دانیشتووان ئه‌مه‌ی بیست، وتی: “به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پاشایه‌تیی خودا نان ده‌خوات”. ئه‌ویش پێی فه‌رموو: “كابرایه‌ک شێوێكی گه‌وره‌ی كرد و خه‌ڵكێكی زۆری بانگكرد. كاتی نانخواردن كۆیله‌یه‌كی خۆی نارد تاكو به‌ بانگكراوان بڵێت: فه‌رموون، هه‌موو شتێک ئاماده‌یه‌. به‌ڵام هه‌موو وه‌ک یه‌ک داوای لێبوردنیان كرد. یه‌كه‌میان پێی وت: من كێڵگه‌یه‌كم كڕیوه‌ و پێویسته‌ بڕۆم بیبینم، تكایه‌ لێم ببوره‌. یه‌كێكی دیكه‌ وتی: پێنج جووت مانگام كڕیوه‌ و ده‌چم تاقییان ده‌كه‌مه‌وه‌، تكایه‌ لێم ببوره‌. یه‌كێكی دیكه‌شیان وتی: ژنم هێناوه‌، بۆیه‌ ناتوانم بێم. كۆیله‌كه‌ش هاته‌وه‌ و ئه‌مانه‌ی به‌ گه‌وره‌كه‌ی ڕاگه‌یاند. خاوه‌ن ماڵ تووڕه‌ بوو و به‌ كۆیله‌كه‌ی وت: خێرا بڕۆ بۆ شه‌قام و كۆڵانه‌كانی شار، هه‌ژار و په‌ككه‌وته‌ و كوێر و شه‌له‌كان بهێنه‌ ئێره‌. كۆیله‌كه‌ وتی: گه‌وره‌م ئه‌وه‌ی فه‌رمانت دا كرا، هێشتا شوێن ماوه‌. گه‌وره‌كه‌ به‌ كۆیله‌كه‌ی وت: بڕۆ ده‌ره‌وه‌ بۆ ڕێگا و ڕێچكۆڵه‌كان به‌ زۆر خه‌ڵک بهێنه‌ ژووره‌وه‌، تاكو ماڵه‌كه‌م پڕبێت. چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم، له‌وانه‌ی بانگهێشت كرابوون كه‌س تامی شێوه‌كه‌م ناكات”. كۆمه‌ڵانێكی زۆری له‌گه‌ڵ بوو، ئاوڕی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “ئه‌گه‌ر یه‌كێک بێته‌ لام و ڕقی له‌ دایک و باوكی، ژن و منداڵی، برا و خوشكه‌كانی نه‌بێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌ خۆشی، ناتوانێت ببێته‌ قوتابی من. ئه‌وه‌ی خاچه‌كه‌ی هه‌ڵنه‌گرێت و دوام نه‌كه‌وێت، ناتوانێت ببێته‌ قوتابی من. كێ له‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت قوللـه‌یه‌ک دروست بكات، یه‌كه‌مجار دانانیشێت و خه‌رجییه‌كه‌ی ناخه‌مڵێنێت، ئاخۆ ئه‌وه‌نده‌ی هه‌یه‌ بۆ ته‌واوكردنی؟ نه‌وه‌ک بناغه‌كه‌ دابنێت و نه‌توانێت ته‌واوی بكات، ئه‌وسا هه‌موو ته‌ماشاكاران گاڵته‌ی پێ ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن: ئه‌م كابرایه‌ ده‌ستی پێكرد بینا بكات و نه‌یتوانی ته‌واوی بكات. یان چ پاشایه‌ک ده‌چێته‌ جه‌نگی پاشایه‌كی دیكه‌ و یه‌كه‌مجار دانانیشێت و ڕاوێژ ناكات، ئایا به‌ ده‌ هه‌زار ده‌توانێت به‌ره‌نگاری ئه‌وه‌ ببێته‌وه‌ كه‌ به‌ بیست هه‌زاره‌وه‌ دێته‌ سه‌ری؟ ئه‌گینا خۆ تاكو دووره‌، په‌یامنێری بۆ ده‌نێرێت و داوای ئاشتی ده‌كات. به‌م شێوه‌یه‌، هه‌ر یه‌كێكتان ئه‌گه‌ر واز له‌ هه‌موو شتێک نه‌هێنێ كه‌ هه‌یه‌تی، ناتوانێت ببێته‌ قوتابی من. خوێ باشه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سوێرییه‌كه‌ی نه‌ما، به‌ چی سوێر ده‌كرێته‌وه‌؟ ئه‌وسا نه‌ به‌كه‌ڵكی زه‌وی و نه‌ په‌یین دێت، به‌ڵكو فڕێده‌درێته‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌وه‌ی دوو گوێی بۆ بیستن هه‌یه‌، با ببیستێت”.

وەڵامەکان بۆ فەرمی نووسینەوەی سۆرانی کوردی؟؟؟ ویدیو بۆ لۆقا 14:15-35 شێوەکاری؟؟؟