لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:19-19

لۆقا 1:19-19 PNTZS

ئینجا چووه‌ نێو ئه‌ریخو و پێیدا تێده‌په‌ڕی. له‌وێ پیاوێک ناوی زه‌كا بوو. گه‌وره‌ی باجگران بوو، ده‌وڵه‌مه‌ند بوو. ده‌یویست ببینێت ئیشۆع كێیه‌، به‌ڵام له‌به‌ر كۆمه‌ڵه‌كه‌ نه‌یده‌توانی، چونكه‌ كورته‌باڵا بوو. ڕایكرده‌ پێش و سه‌ركه‌وته‌ سه‌ر دارهه‌نجیرێک تاكو بیبینێت، چونكه‌ ئیشۆع به‌وێ تێده‌په‌ڕی. كاتێ ئیشۆع گه‌یشته‌ شوێنه‌كه‌، سه‌یری سه‌ره‌وه‌ی كرد و پێی فه‌رموو: “زه‌كا، خێراكه‌ وه‌ره‌ خواره‌وه‌، چونكه‌ ده‌بێت ئه‌مڕۆ له‌ ماڵی تۆ بمێنمه‌وه‌”. جا خێرا هاته‌ خواره‌وه‌ و به‌ خۆشییه‌وه‌ پێشوازی لێكرد. كاتێ هه‌موو بینییان بۆڵه‌بۆڵیان كرد و وتیان: “چووه‌ بووه‌ته‌ میوانی گوناهبارێک”. زه‌كا ڕاوه‌ستا و به‌ په‌روه‌ردگاری وت: “په‌روه‌ردگار، ئه‌وه‌تا نیوه‌ی سامانه‌كه‌م ده‌ده‌مه‌ هه‌ژاران، ئه‌گه‌ر شتێكم له‌ یه‌كێک خواردووه‌ ئه‌وا چوار ئه‌وه‌نده‌ی ده‌ده‌مه‌وه‌”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ئه‌مڕۆ ڕزگاری بۆ ئه‌م ماڵه‌ هات، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌میش ڕۆڵه‌ی ئه‌وڕاهه‌مه‌. چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ هاتووه‌ به‌دوای له‌ناوچواندا بگه‌ڕێت و ڕزگاریان بكات”. كه‌ ئه‌مانه‌یان ده‌بیست، په‌ندێكی دیكه‌ی هێنایه‌وه‌، چونكه‌ له‌ یروشلایم نزیک بوو، وایانده‌زانی كه‌ پاشایه‌تی خودا خه‌ریكه‌ ئێستا ده‌رده‌كه‌وێت. ئینجا فه‌رمووی: “پیاوماقوڵێک بۆ وڵاتێكی دوور ڕۆیشت، تاكو پاشایه‌تییه‌ک بۆ خۆی وه‌ربگرێت و بێته‌وه‌. ده‌ له‌ كۆیله‌كانی خۆی بانگكرد و ده‌ مینای پێدان و پێی وتن، تاكو دێمه‌وه‌ بازرگانی بكه‌ن. به‌ڵام هاوڵاتییانی ڕقیان لێیبوو، شاندێكیان به‌ دوایدا نارد و وتیان: نامانه‌وێت ئه‌مه‌ پاشایه‌تیمان بكات. كاتێ گه‌ڕایه‌وه‌ پاشایه‌تییه‌كه‌ی وه‌رگرتبوو، فه‌رمانی دا ئه‌و كۆیلانه‌ی زیوه‌كه‌ی پێدابوون بانگ بكرێنه‌ لای، تاكو بزانێت له‌ بازرگانی چییان قازانج كردووه‌. یه‌كه‌میان هات و وتی: گه‌وره‌م میناكه‌ت ده‌ مینای قازانج كردووه‌. ئه‌ویش پێی وت: ئافه‌رین كۆیله‌ی چاک! چونكه‌ له‌ كه‌م ده‌ستپاک بوویت، ده‌سه‌ڵاتدار به‌ له‌سه‌ر ده‌ شار. دووه‌میان هات و وتی: گه‌وره‌م میناكه‌ت پێنج مینای كردووه‌. به‌مه‌شیانی وت: تۆش به‌سه‌ر پێنج شار به‌.

پلانی خوێندنەوەی بێبەرامبەر و بابەتی پەرستشی پەیوەست بە لۆقا 1:19-19