لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 39:22-62

لۆقا 39:22-62 PNTZS

ئینجا ده‌رچوو و وه‌ک هه‌موو جارێک چووه‌ كێوی زه‌یتوون، قوتابییه‌كانیش دوای كه‌وتن. كاتێ گه‌یشته‌ شوێنه‌كه‌، پێی فه‌رموون: “نوێژ بكه‌ن نه‌وه‌ک بكه‌ونه‌ تاقیكردنه‌وه‌”. ئینجا نزیكه‌ی به‌ردهاوێژێک لێیان دووركه‌وته‌وه‌، چۆكی دادا و نوێژی ده‌كرد. فه‌رمووی: “باوكه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت ئه‌م جامه‌م له‌سه‌ر لاببه‌، به‌ڵام نه‌ک به‌ خواستی من، به‌ڵكو به‌ خواستی خۆت بێت”. فریشته‌یه‌كیش له‌ ئاسمانه‌وه‌ بۆی ده‌ركه‌وت به‌هێزی ده‌كرد. كه‌ له‌ ململانێدا بوو، به‌ پێداگرتنێكی توند نوێژی ده‌كرد، ئاره‌قه‌كه‌ی وه‌ک دڵۆپی خوێن ده‌كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وی. ئینجا له‌ نوێژه‌كه‌ هه‌ستا و هاته‌ لای قوتابییه‌كانی، بینی له‌ خه‌مان خه‌ویان لێ كه‌وتووه‌. پێی فه‌رموون: “بۆچی خه‌وتوون؟ هه‌ستن، نوێژ بكه‌ن نه‌وه‌ک بكه‌ونه‌ تاقیكردنه‌وه‌”. كاتێ قسه‌ی ده‌فه‌رموو كۆمه‌ڵێک په‌یدابوون، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ووترا ئیهوودا و یه‌كێكه‌ له‌ دوازده‌كه‌ پێشیان كه‌وتووه‌، له‌ ئیشۆع نزیكبووه‌وه‌ تاكو ماچی بكات. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ئیهوودا، به‌ ماچێک ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ست ده‌كه‌یت؟” ئه‌وانه‌ی ده‌وروپشتی كه‌ ئه‌وه‌یان بینی خه‌ریكه‌ ڕووبدات، وتیان: “په‌روه‌ردگار، شمشێر بوه‌شێنین؟” جا یه‌كێكیان له‌ كۆیله‌ی كاهینی باڵا دا و گوێی ڕاستی بڕی. به‌ڵام ئیشۆع فه‌رمووی: “واز له‌مه‌ بهێنن!” ئینجا ده‌ستی له‌ گوێی دا و چاكیكرده‌وه‌. ئینجا ئیشۆع به‌ كاهینانی باڵا و فه‌رمانده‌ی په‌رستگا و پیرانی فه‌رموو: “هه‌روه‌ک بۆ گرتنی دزێک به‌ شمشێر و كوته‌كه‌وه‌ هاتوون! هه‌موو ڕۆژێک له‌ په‌رستگا له‌گه‌ڵتان بووم ده‌ستتان درێژ نه‌كرده‌ سه‌رم. به‌ڵام ئه‌مه‌ كاتی ئێوه‌یه‌ و ده‌سه‌ڵاتی تاریكییه‌”. ئیتر گرتییان، بردییان و هێنایانه‌ ماڵی كاهینی باڵا. به‌ڵام په‌تڕۆس دووربه‌دوور دوای كه‌وت. كاتێ له‌ ناوه‌ڕاستی حه‌وشه‌دا ئاگریان كرده‌وه‌ و پێكه‌وه‌ دانیشتن، په‌تڕۆسیش له‌نێویاندا دانیشت. كه‌نیزه‌یه‌ک ئه‌وی بینی له‌به‌ر ئاگره‌كه‌ دانیشتووه‌، تێیڕووانی و وتی: “ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵی بوو!”. ئه‌وه‌یش نكۆڵی كرد و وتی: “نه‌خێر خانم، نایناسم!”. دوای كه‌مێک، یه‌كێكی دیكه‌ بینی، وتی: “تۆش له‌وانیت!” په‌تڕۆس وتی: “كاكه‌، من نیم!” دوای نزیكه‌ی كاژێرێک، یه‌كێكی دیكه‌ مكوڕ بوو، وتی: “به‌ ڕاستی ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵی بوو، چونكه‌ ئه‌مه‌ش گلیلاییه‌!”. په‌تڕۆس وتی: “كاكه‌، نازانم چی ده‌ڵێی!”. هه‌ر له‌و كاته‌دا كه‌ قسه‌ی ده‌كرد، كه‌ڵه‌شێر قولاندی. په‌روه‌ردگاریش ئاوڕی دایه‌وه‌ و سه‌یری په‌تڕۆسی كرد، ئینجا په‌تڕۆس فه‌رمووده‌كه‌ی په‌روه‌ردگاری بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ پێی فه‌رموو: “پێش ئه‌وه‌ی كه‌ڵه‌شێر بقوولێنێت، تۆ سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت”. ئیتر په‌تڕۆس چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌كوڵ گریا.