لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 7:22-23

لۆقا 7:22-23 PNTZS

ڕۆژی فه‌تیره‌ هات، كه‌ پێویست بوو په‌سخه‌ی تێدا سه‌رببڕدرێت. جا په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌نی نارد و فه‌رمووی: “بڕۆن په‌سخه‌مان بۆ ئاماده‌ بكه‌ن تا بیخۆین”. پێیان وت: “ده‌ته‌وێ له‌كوێ ئاماده‌ی بكه‌ین؟” پێی فه‌رموون: “كاتێ ده‌چنه‌ نێو شار، تووشی پیاوێک ده‌بن گۆزه‌یه‌ک ئاوی هه‌ڵگرتووه‌، دوای بكه‌ون بۆ ئه‌و ماڵه‌ی ده‌چیته‌ ژووره‌وه‌ی. ئینجا به‌ خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ بڵێن: ڕابی پێت ده‌ڵێت: كوا ماڵه‌كه‌ تاكو له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانم په‌سخه‌ی تێدا بخۆم؟ ئه‌ویش له‌ نهۆمی سه‌ره‌وه‌ ژوورێكی گه‌وره‌ و ڕاخراوتان پیشان ده‌دات، له‌وێ ئاماده‌ی بكه‌ن”. جا ڕۆیشتن، هه‌روه‌ک پێی فه‌رمووبوون بینییان و په‌سخه‌یان ئاماده‌ كرد. كه‌ كاته‌كه‌ هات پاڵیدایه‌وه‌، دوانزه‌ په‌یامبه‌ره‌كانیش له‌گه‌ڵی بوون. پێی فه‌رموون: “زۆر ئاره‌زووم كرد پێش ئازار چێژتنم ئه‌م په‌سخه‌تان له‌گه‌ڵ بخۆم. چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم: ئیتر لێی ناخۆم تاكو له‌ پاشایه‌تیی خودا دێته‌ دی”. جامێكی هه‌ڵگرت و سوپاسی كرد، فه‌رمووی: “ئه‌مه‌ بگرن و له‌نێو خۆتان به‌شی بكه‌ن. چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم: ئیتر له‌ به‌رهه‌می مێو ناخۆمه‌وه‌ تاكو پاشایه‌تیی خودا دێت”. نانێكی هه‌ڵگرت، سوپاسی كرد و له‌تیكرد، پێیدان و فه‌رمووی: “ئه‌مه‌ له‌شی منه‌، كه‌ له‌ پێناوی ئێوه‌ به‌خت ده‌كرێت. ئه‌مه‌ بۆ یاده‌وه‌ریم بكه‌ن”. جامه‌كه‌ش ئاوا دوای شێو، فه‌رمووی: “ئه‌م جامه‌ په‌یمانی نوێیه‌ به‌ خوێنی من، كه‌ له‌ پێناوی ئێوه‌ ده‌ڕژێت. به‌ڵام ئه‌وه‌تا ده‌ستی ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستم ده‌كات له‌گه‌ڵ من له‌سه‌ر خوانه‌. ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی بۆی دانراوه‌ ده‌ڕوات، به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵ ئه‌و كه‌سه‌ی ڕاده‌ستی ده‌كات!”. ئیتر له‌نێو خۆیان پرسیان كرد: “ئاخۆ كامیان خه‌ریكه‌ ئه‌مه‌ بكات؟”.