لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 13:24-41

لۆقا 13:24-41 PNTZS

هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا، دووان له‌وان ده‌چوونه‌ گوندێكی دوور كه‌ شه‌ست تیرهاوێژ له‌ یروشلایم دوور بوو، ناوی عه‌مائوس بوو. له‌گه‌ڵ یه‌كتری باسی هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌یان ده‌كرد. كاتێ قسه‌ و گفتوگۆیان ده‌كرد، خودی ئیشۆع لێیان نزیكبووه‌وه‌ و له‌گه‌ڵیان ڕێی ده‌كرد، به‌ڵام چاویان له‌ ناسینی به‌سترا. پێی فه‌رموون: “ئه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ به‌ ڕووگرژیه‌وه‌ باسی چی ده‌كه‌ن؟”. یه‌كێكیان ناوی قه‌لیوپا بوو وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت: “ئایا ته‌نیا تۆ له‌ یروشلایم بیانی و ئاگات له‌و شتانه‌ نییه‌ كه‌ له‌م ڕۆژانه‌دا تیایدا ڕوویداوه‌؟” پێی فه‌رموون: “چییه‌؟” پێیان وت: “ده‌رباه‌ری ئیشۆعی ناسڕه‌تی، كه‌ پێغه‌مبه‌رێكی توانادار بوو له‌ فه‌رمووده‌ و كرداردا، له‌به‌رده‌م خودا و هه‌موو گه‌ل. چۆن كاهینانی باڵا و فه‌رمانڕه‌واكانمان ڕاده‌ستی سزای مه‌رگیان كرد و له‌خاچیان دا. ئێمه‌ش هیوادار بووین ئه‌و ئیسڕائیل بكڕێته‌وه‌. به‌ڵام، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا، ئه‌مڕۆ سێیه‌م ڕۆژه‌ ئه‌مه‌ ڕوویداوه‌. كه‌چی هه‌ندێک له‌ ژنانمان سه‌رسامیان كردین، به‌ره‌به‌یان له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ بوونه‌، كه‌ جه‌سته‌كه‌یان نه‌بینیووه‌، هاتنه‌وه‌ وتیان: دیمه‌نی فریشته‌مان بینیوه‌ ده‌ڵێن ئه‌و زیندووه‌. هه‌ندێكی ئێمه‌ش چوونه‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ و بینییان وایه‌، وه‌ک ژنه‌كان وتیان، به‌ڵام ئه‌ویان نه‌بینیبوو”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “ئه‌ی گێل و دڵخاوه‌كان له‌ باوه‌ڕهێنان به‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ران باسیان كردووه‌! نه‌ده‌بووایه‌ مه‌سیح ئازار بچێژێت و بچێته‌ نێو شكۆمه‌ندییه‌كه‌ی خۆی؟” ئه‌وسا ده‌ستی پێكرد له‌ مووشێ و له‌ هه‌موو پێغه‌مبه‌رانه‌وه‌ ئه‌و شتانه‌ی ده‌رباره‌ی خۆی بوو له‌ هه‌موو سیپاره‌كاندا بۆیان ڕاڤه‌ كرد. كاتێ نزیكی ئه‌و گونده‌ بوون كه‌ بۆی ده‌چوون، ئیشۆع وای پیشان دا كه‌ بۆ شوێنێكی دوورتر ده‌چێت. زۆر لێی پاڕانه‌وه‌، وتیان: “له‌لامان بمێنه‌وه‌، چونكه‌ وا ئێواره‌یه‌ و ڕۆژ له‌ ئاوابووندایه‌”. جا چووه‌ ژووره‌وه‌ تاكو له‌گه‌ڵیان بمێنێته‌وه‌. كاتێ له‌گه‌ڵیان دانیشتبوو، نانێكی هه‌ڵگرت، سوپاسی كرد و له‌تیكرد، پێیدان. ئینجا چاویان كرایه‌وه‌ و ناسیانه‌وه‌، ئیتر له‌به‌رچاویان نه‌ما. به‌ یه‌كتریان وت: “ئه‌رێ كاتێ له‌ ڕێگا قسه‌ی بۆ ده‌كردین و سیپاره‌كانی بۆمان ڕوون ده‌كرده‌وه‌، دڵمان له‌ نێوماندا گڕی نه‌گرتبوو؟” ئینجا یه‌كسه‌ر هه‌ستان و هاتنه‌وه‌ یروشلایم، بینییان یازده‌كه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیاندان كۆبوونه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێن: “به‌ ڕاستی په‌روه‌ردگار هه‌ستاوه‌ته‌وه‌ و بۆ شیمعون ده‌ركه‌وتووه‌!”. ئه‌مانیش باسی ڕووداوی ڕێگایان كرد، چۆن له‌ نان له‌تكردنه‌كه‌دا ئه‌ویان ناسیوه‌. كه‌ باسی ئه‌مه‌یان ده‌كرد، خودی ئیشۆع له‌ناوه‌ڕاستیان ڕاوه‌ستا و پێی فه‌رموون: “ئاشتی بۆ ئێوه‌”. سام دایگرتن و ترسان، وایانزانی ڕووحێک ده‌بینن. پێی فه‌رموون: “بۆچی شڵه‌ژاون؟ بۆچی گومان ده‌كه‌وێته‌ دڵتان؟” سه‌یری ده‌ست و پێم بكه‌ن: ئه‌وه‌ خۆمم! ده‌ستم لێ بده‌ن و ببینن، چونكه‌ ڕووح گۆشت و ئێسقانی نییه‌ وه‌ک ده‌مبینن”. كه‌ ئه‌مه‌ی فه‌رموو، ده‌ست و پێی پیشاندان. له‌ خۆشی و سه‌رسوڕماندا باوه‌ڕیان نه‌ده‌كرد، پێی فه‌رموون: “لێره‌ خواردنتان هه‌یه‌؟”