لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:5-11

لۆقا 1:5-11 PNTZS

له‌و كاته‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ پاڵه‌په‌ستۆیان ده‌كرد تاكو گوێ له‌ وشه‌ی خودا بگرن، ئه‌و له‌لای ده‌ریای گینیسه‌ڕ ڕاوه‌ستابوو، دوو كه‌شتیی له‌ كه‌ناری ده‌ریاكه‌ بینی، ماسیگران لێیان ده‌رچووبوون و تۆڕه‌كانیان ده‌شوشت. چووه‌ نێو یه‌كێک له‌ كه‌شتیه‌كان، كه‌ هی شیمعون بوو، داوای لێكرد كه‌مێک له‌ وشكایی دووری بخاته‌وه‌، ئینجا دانیشت و له‌نێو كه‌شتیه‌كه‌وه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی ئامۆژگاری ده‌كرد. كاتێ فه‌رمووده‌كانی ته‌واو كرد به‌ شیمعونی فه‌رموو: “دووریبخه‌ره‌وه‌ بۆ قووڵایی و تۆڕه‌كانتان بۆ ڕاوكردن فڕێبده‌ن”. شیمعون وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت: “ڕابی، به‌ درێژایی شه‌و ماندووبووین و هیچمان نه‌گرت. به‌ڵام له‌به‌ر فه‌رمووده‌ی تۆ، تۆڕه‌كان فڕێده‌ده‌م”. كاتێ ئه‌مه‌یان كرد ماسییه‌كی زۆر زۆریان گرت، تۆڕه‌كانیان خه‌ریک بوو ده‌دڕا. جا ئاماژه‌یان بۆ هاوكارانی نێو كه‌شتیه‌كه‌ی دیكه‌ كرد، تاكو بێن و یارمه‌تییان بده‌ن، جا هاتن و هه‌ردوو كه‌شتیه‌كه‌یان پڕكرد، تا وایلێهات خه‌ریک بوو نوقوم ببن. شیمعون په‌تڕۆس كه‌ ئه‌مه‌ی بینی و له‌به‌رده‌م چۆكی ئیشۆعدا كه‌وت و وتی: “په‌روه‌ردگار له‌ كه‌شتیه‌كه‌م ده‌رچۆ‌، چونكه‌ من مرۆڤێكی گوناهبارم!” چونكه‌ خۆی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون سه‌رسام بوون له‌م ماسی گرتنه‌ی هه‌ڵیانگرته‌وه‌، یاقوو و یوخه‌ننه‌نی كوڕه‌كانی زه‌بدیش، هاوبه‌شی شیمعون بوون. ئیشۆع به‌ شیمعونی فه‌رموو: “مه‌ترسه‌! له‌مه‌وپاش خه‌ڵک ڕاو ده‌كه‌یت!” دوای ئه‌وه‌ی كه‌شتیه‌كانیان هێنا وشكایی، هه‌موو شتێكیان به‌جێهێشت و دوای كه‌وتن.