لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 20:6-42

لۆقا 20:6-42 PNTZS

ئینجا چاوی بۆ قوتابییه‌كانی هه‌ڵبڕی و فه‌رمووی: “به‌خته‌وه‌ری بۆ ئێوه‌، ئه‌ی هه‌ژاران، چونكه‌ پاشایه‌تیی خودا هی ئێوه‌یه‌. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئێوه‌ كه‌ ئێستا برسین، چونكه‌ تێر ده‌بن. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئێوه‌ كه‌ ئێستا ده‌گریێن، چونكه‌ پێده‌كه‌نن. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵک ڕقی لێتان ببێته‌وه‌ و جیاتان بكه‌نه‌وه‌ و جنێوتان پێ بده‌ن و به‌ به‌دكار ناوتان ببه‌ن، له‌پێناوی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ. له‌و ڕۆژه‌دا دڵخۆش بن و شاد بن، چونكه‌ له‌ ئاسماندا پاداشتتان مه‌زنه‌، چونكه‌ باوكانیان ئاوایان به‌ پێغه‌مبه‌ران ده‌كرد. به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندان، چونكه‌ دڵنه‌وایی خۆتان وه‌رگرتووه‌. وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی تێره‌كان، چونكه‌ برسی ده‌بن. وه‌ی به‌حاڵتان ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ئێستا پێده‌كه‌نن، چونكه‌ خه‌م ده‌خۆن و ده‌گریێن. وه‌ی به‌حاڵتان كاتێ هه‌موو خه‌ڵک ستایشتان ده‌كات، چونكه‌ باوكانیان ئاوایان به‌ پێغه‌مبه‌ره‌ درۆزنه‌كان كردووه‌. به‌ڵام ئه‌ی گوێگران پێتان ده‌ڵێم: “دوژمنه‌كانتان خۆشبووێ، چاكه‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وانه‌ی ڕقیان لێتان ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی نه‌فره‌تتان لێده‌كه‌ن داوای داڕشتیان بۆ بكه‌ن، نوێژ بكه‌ن له‌پێناوی ئه‌وانه‌ی خراپه‌تان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ی له‌ ڕوومه‌تت ده‌دات، لایه‌كه‌ی دیكه‌شی بۆ ڕابگره‌. ئه‌وه‌ی چاكه‌ته‌كه‌ت ده‌بات، لاریت نه‌بێت بۆ كراسه‌كه‌شت. كێ داوای لێكردیت بیده‌رێ. ئه‌وه‌ش كه‌ شتێكت لێ ده‌بات لێی داوا مه‌كه‌وه‌. وه‌كو ده‌تانه‌وێ خه‌ڵكی چیتان بۆ بكه‌ن، ئێوه‌ش ئاوایان بۆ بكه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌تان خۆشبووێ كه‌ ئێوه‌یان خۆشده‌وێت، چ چاكه‌یه‌كتان كردووه‌؟ ته‌نانه‌ت گوناهبارانیش ئه‌وانه‌یان خۆشده‌وێت كه‌ خۆشیان ده‌وێن. ئه‌گه‌ر چاكه‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وانه‌ی چاكه‌تان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، چ چاكه‌یه‌كتان كردووه‌؟ گوناهبارانیش ئاوا ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر قه‌رز بده‌نه‌ ئه‌وانه‌ی هیوادارن لێیان وه‌ربگرنه‌وه‌، چ چاكه‌یه‌كتان كردووه‌؟ گوناهبارانیش قه‌رز ده‌ده‌نه‌ گوناهباران تاكو ئه‌وه‌نده‌ وه‌ربگرنه‌وه‌. به‌ڵام دوژمنه‌كانتان خۆشبووێ، چاكه‌ بكه‌ن و قه‌رز بده‌ن، چاوه‌ڕێی وه‌رگرتنه‌وه‌ش مه‌كه‌ن، به‌مه‌ پاداشتتان مه‌زن ده‌بێت و ده‌بنه‌ ڕۆڵه‌ی خودای هه‌ره‌به‌رز، چونكه‌ ئه‌و له‌گه‌ڵ سوپاسگوزار و به‌دكاران به‌خششكاره‌. به‌ به‌زه‌یی بن، وه‌ک باوكتان به‌ به‌زه‌ییه‌. حوكم مه‌ده‌ن، حوكم نادرێن. كه‌س تاوانبار مه‌كه‌ن تاوانبار ناكرێن. ببه‌خشن ده‌به‌خشرێن. بده‌ن، پێتان ده‌درێت، پێوانه‌یه‌كی چاكی په‌ستێنراوی هه‌ژێندراوی لێڕژاوتان ده‌خرێته‌ باوه‌ش، چونكه‌ به‌و پێوانه‌یه‌ی ده‌پێون بۆتان ده‌پێورێته‌وه‌”. په‌ندێكی بۆ هێنانه‌وه‌: “ئایا كوێر ده‌توانێت ڕابه‌رایه‌تی كوێر بكات؟ هه‌ردووكیان ناكه‌ونه‌ چاڵه‌وه‌؟ قوتابی له‌ ڕابیه‌كه‌ی به‌رزتر نییه‌، به‌ڵكو هه‌ر كه‌سێک ته‌واو فێربێت، وه‌ک ڕابیه‌كه‌ی لێدێت. بۆچی پووشی نێو چاوی براكه‌ت ده‌بینیت، به‌ڵام تێبینی كاریته‌كه‌ی نێو چاوی خۆت ناكه‌یت؟ یان چۆن ده‌توانی به‌ براكه‌ت بڵێی: برام با پووشه‌كه‌ی نێو چاوت ده‌ربهێنم كه‌ كاریته‌كه‌ی نێو چاوی خۆت نابینیت؟ ئه‌ی ڕووپاما! یه‌كه‌مجار كاریته‌كه‌ی نێو چاوت ده‌ربهێنه‌، ئینجا باش ده‌بینیت بۆ ده‌رهێنانی پووشه‌كه‌ی نێو چاوی براكه‌ت.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان

پلانی خوێندنەوەی بێبەرامبەر و بابەتی پەرستشی پەیوەست بە لۆقا 20:6-42