لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 28:9-62

لۆقا 28:9-62 PNTZS

نزیكه‌ی هه‌شت ڕۆژ دوای ئه‌م فه‌رموودانه‌، په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌ن و یاقووی برد و سه‌ركه‌وته‌ سه‌ر چیایه‌ک تاكو نوێژ بكات. كاتێ نوێژی ده‌كرد، شێوه‌ی ڕووخساری گۆڕا و جله‌كانی سپی بریسكه‌دار هه‌ڵگه‌ڕان. دوو پیاویش له‌گه‌ڵی ده‌دووان، مووشێ و ئیلییا بوون. به‌ شكۆوه‌ ده‌ركه‌وتن و له‌باره‌ی ده‌رچوونه‌كه‌ی كه‌ خه‌ریكبوو له‌ یروشلایم ته‌واوی بكات قسه‌یان كرد. به‌ڵام په‌تڕۆس و هاوڕێیانی خه‌و چاوی قورس كردبوون، كاتێ خه‌به‌ریان‌ بووه‌وه‌ شكۆی ئه‌و و دوو پیاوه‌كه‌یان بینی كه‌ له‌گه‌ڵی ڕاوه‌ستابوون. كاتێ لێی جیا ده‌بوونه‌وه‌، په‌تڕۆس به‌ ئیشۆعی وت: “ڕابی، پێمان باشه‌ لێره‌ بین. با سێ كه‌پر هه‌ڵبده‌ین، یه‌كێک بۆ تۆ، یه‌كێک بۆ مووشێ، یه‌كێكیش بۆ ئیلییا”. نه‌یده‌زانی چی ده‌ڵێت. كاتێ ئه‌م قسانه‌ی ده‌كرد، هه‌ورێک هات و سێبه‌ری خسته‌ سه‌ریان، كه‌ كه‌وتنه‌ نێو هه‌وره‌كه‌، ترسان. ده‌نگێک له‌ نێو هه‌وره‌كه‌وه‌ هات و فه‌رمووی: “ئه‌مه‌یه‌ ڕۆڵه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌م، گوێی لێ بگرن”. كه‌ ده‌نگه‌كه‌ دووا، ئیشۆع به‌ ته‌نیا بینرا. ئه‌وانیش بێده‌نگ بوون و له‌و ڕۆژانه‌دا له‌لای كه‌س باسی ئه‌و شتانه‌یان نه‌كرد كه‌ بینییان. بۆ به‌یانی، كه‌ له‌ چیاكه‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌، كۆمه‌ڵێكی زۆر تووشی بوون. له‌نێوان كۆمه‌ڵه‌كه‌دا پیاوێک هاواری كرد: “ڕابی، لێت ده‌پاڕێمه‌وه‌ ته‌ماشای كوڕه‌كه‌م بكه‌، چونكه‌ تاقه‌ كوڕمه‌. ڕووحێک ده‌یبات و له‌ناكاو هاوار ده‌كات، خووگرتی ده‌كات و كه‌ف ده‌كات، به‌ زه‌حمه‌ت وازی لێ ده‌هێنێت و برینداری ده‌كات. له‌ قوتابییه‌كانت پاڕامه‌وه‌ تاكو ده‌ریبكه‌ن، به‌ڵام نه‌یانتوانی”. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئه‌ی نه‌وه‌ی بێباوه‌ڕ و چه‌وت، تا كه‌ی له‌گه‌ڵتان بم و به‌رگه‌تان بگرم؟ كوڕه‌كه‌ت بهێنه‌ ئێره‌!”. كاتێ كوڕه‌كه‌ ده‌هات، شه‌یتانه‌كه‌ ڕایته‌كاند و خووگرتی كرد، ئیشۆعیش له‌ ڕووحه‌ گڵاوه‌كه‌ی ڕاخوڕی و كوڕه‌كه‌ی چاككرده‌وه‌، ڕاده‌ستی باوكی كرد. هه‌موو له‌ مه‌زنایه‌تیی خودا سه‌رسام بوون. كاتێ هه‌موو سه‌رسام مابوون له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی ئیشۆع كردی، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “با ئه‌م وته‌یه‌ بچێته‌ گوێتانه‌وه‌: وا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ستی خه‌ڵک ده‌كرێت”. به‌ڵام ئه‌وان ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ تێنه‌گه‌یشتن، لێیان شاردرابووه‌وه‌ تاكو حاڵی نه‌بن، ترسان ده‌رباه‌ری ئه‌م فه‌ردمووده‌یه‌ پرسیشی لێ بكه‌ن. بیركردنه‌وه‌یه‌ک له‌نێوانیان په‌یدا بوو، كامیان مه‌زنتره‌؟ ئیشۆع به‌ ئه‌ندێشه‌یانی زانی، منداڵێكی هێنا و له‌لای خۆی ڕایگرت، پێی فه‌رموون: “ئه‌وه‌ی به‌ ناوی منه‌وه‌ ئه‌م منداڵه‌ په‌سه‌ند بكات، ئه‌وا منی په‌سه‌ند كردووه‌، ئه‌وه‌ش من په‌سه‌ند بكات، ئاوا ئه‌وه‌ی په‌سه‌ند كردووه‌ كه‌ ناردوومی. چونكه‌ بچووكترینی هه‌مووتان مه‌زنتره‌”. یوخه‌ننه‌ن وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “ڕابی، یه‌كێكمان بینی به‌ ناوی تۆوه‌ شه‌یتانی ده‌رده‌كرد، نه‌مانهێشت چونكه‌ له‌گه‌ڵمان دوات ناكه‌وێت”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “قه‌ده‌غه‌ی لێ مه‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی دژمان نه‌بێت، له‌گه‌ڵمانه‌”. كه‌ ڕۆژانی به‌رزكردنه‌وه‌ی نزیكبووه‌وه‌، ڕووی خۆی چه‌سپاند تا به‌ره‌و یروشلایم بڕوات. په‌یامبه‌ری له‌پێش خۆی نارد، ئه‌وانیش ڕۆیشتن و چوونه‌ گوندێكی شمرنیه‌كان تاكو شوێنی بۆ ئاماده‌ بكه‌ن، به‌ڵام پێشوازییان لێ نه‌كرد، چونكه‌ به‌ره‌و یروشلایم ده‌چوو. كاتێ یاقوو و یوخه‌ننه‌نی قوتابییانی ئه‌وه‌یان بینی، وتیان: “په‌روه‌ردگار، ده‌ته‌وێ داوا بكه‌ین له‌ ئاسمانه‌وه‌ ئاگر بێته‌ خواره‌وه‌ و له‌ناویان ببات، وه‌كو ئیلییا وای كرد؟” ئاوڕی دایه‌وه‌ و سه‌رزه‌نشتی كردن و فه‌رمووی: “ئێوه‌ نازانن له‌ چ ڕووحێكن!”. چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ نه‌هاتووه‌ تاكو گیانی خه‌ڵكی له‌ناوببات، به‌ڵكو بۆئه‌وه‌ی ڕزگاری بكات” ئینجا چوونه‌ گوندێكی دیكه‌. كاتێ به‌ ڕێگادا ده‌ڕۆیشتن، یه‌كێک پێی وت: “گه‌وره‌م، بۆ كوێ بڕۆیت دوات ده‌كه‌وم”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ڕێوی كونی هه‌یه‌ و باڵنده‌ی ئاسمانیش هێلانه‌، به‌ڵام ڕۆڵه‌ی مرۆڤ جێیه‌كی نییه‌ سه‌ری لێ دابنێت”. به‌ یه‌كێكی دیكه‌ی فه‌رموو: “دوام بكه‌وه‌”. ئه‌مه‌یان وتی: “گه‌وره‌م، ڕێگام بده‌ یه‌كه‌مجار بچم باوكم بنێژم”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “با مردووان مردووه‌كانیان بنێژن، به‌ڵام تۆ بڕۆ بانگه‌وازی پاشایه‌تی خودا بكه‌”. یه‌كێكی دیكه‌ش وتی: “گه‌وره‌م، دوات ده‌كه‌وم، به‌ڵام جارێ لێم گه‌ڕێ با ماڵئاوایی له‌ خانه‌واده‌كه‌م بكه‌م”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “كه‌سێک ده‌ست له‌سه‌ر گاسن دابنێت و ئاوڕ له‌ دواوه‌ بداته‌وه‌، به‌كه‌ڵكی پاشایه‌تیی خودا نایه‌ت”.