لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی 1:14-21

مه‌تته‌ی 1:14-21 PNTZS

له‌و كاته‌دا هیڕوودسی تیترارک ناوبانگی ئیشۆعی بیست، به‌ پیاوه‌كانی وت: “ئه‌مه‌ یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكاره‌ له‌نێو مردوواندا هه‌ستاوه‌ته‌وه‌! بۆیه‌ هێزی په‌رجو له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌كرێت”. چونكه‌ هیڕوودس، له‌به‌ر هیڕوودییای ژنی پیلیپوسی برای، یوخه‌ننه‌نی گرتبوو و په‌لبه‌ستی كردبوو و خستبوویه‌ زیندانه‌وه‌. چونكه‌ یوخه‌ننه‌ن پێی ده‌فه‌رموو: دروست نییه‌ تۆ بیخوازیت. ئه‌ویش ده‌یویست بیكوژێت، به‌ڵام له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌ترسا، چونكه‌ به‌ پێغه‌مبه‌ریان داده‌نا. جا له‌ جه‌ژنی له‌دایكبوونی هیڕوودس، كچی هیڕوودییا له‌ ناوه‌ڕاستدا سه‌مای كرد و هیڕوودسی دڵخۆش كرد، ئه‌وه‌بوو به‌ سوێنده‌وه‌ به‌ڵێنی پێی دا، چی داوا بكات بیداتێ. كچه‌ش به‌ فیتی دایكی، وتی: “لێره‌ له‌سه‌ر سینییه‌ک سه‌ری یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكارم بده‌رێ”. پاشاش دڵگران بوو، به‌ڵام له‌به‌ر سوێنده‌كان و میوانه‌كان، فه‌رمانی دا بیده‌نێ. ئینجا ناردی و له‌ زیندان سه‌ری یوخه‌ننه‌ن بڕا و سه‌ره‌كه‌ی له‌سه‌ر سینییه‌ک هێنرا و درایه‌ كچه‌كه‌، ئه‌ویش بردییه‌ لای دایكی. قوتابییه‌كانی هاتن ته‌رمه‌كه‌یان هه‌ڵگرت و ناشتییان. ئینجا هاتن هه‌واڵیان دایه‌ ئیشۆع. كه‌ ئیشۆع ئه‌مه‌ی بیست، به‌ ته‌نها به‌ره‌و شوێنێكی چۆڵ، به‌ كه‌شتیه‌ک ئه‌وێی به‌جێهێشت. كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كان بیستیان، له‌ شاره‌كانه‌وه‌ به‌ پیاده‌ دوای كه‌وتن. كاتێ ده‌رچوو، كۆمه‌ڵانێكی زۆری بینی، دڵی پێیان سووتا و نه‌خۆشه‌كانیانی چاككرده‌وه‌. كاتێ ئێواره‌ داهات، قوتابییه‌كانی هاتنه‌ لای و وتیان: “شوێنه‌كه‌ چۆڵه‌ و كاتیش دره‌نگه‌. خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ڕێكه‌ با بڕۆنه‌ گونده‌كان، خواردن بۆ خۆیان بكڕن”. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “پێویست ناكات بڕۆن. خۆتان شتێكیان بده‌نێ با بیخۆن”. ئه‌وانیش پێیان وت: “لێره‌ له‌ پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییه‌”. ئه‌ویش فه‌رمووی: “بۆمی بهێننه‌ ئێره‌”. فه‌رمانی به‌ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ دا له‌سه‌ر گیاكه‌ دانیشن. ئینجا پێنج نانه‌كه‌ و دوو ماسییه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و چاوی هه‌ڵبڕیه‌ ئاسمان، داڕشتی كرد و له‌تی كردن، ئینجا نانه‌كانی دایه‌ قوتابییه‌كان، قوتابیه‌كانیش دایانه‌ كۆمه‌ڵانه‌كه‌. هه‌موو خواردیان و تێر بوون. پاشان له‌و له‌ته‌نانه‌ی مایه‌وه‌ دوازده‌ سه‌به‌ته‌ی پڕیان هه‌ڵگرته‌وه‌. نانخۆران نزیكه‌ی پێنج هه‌زار پیاو بوون، بێجگه‌ له‌ ژن و منداڵ.