لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی 1:21-22

مه‌تته‌ی 1:21-22 PNTZS

كاتێ له‌ یروشلایم نزیک بوونه‌وه‌، گه‌یشتنه‌ بێتفاجی لای كێوی زه‌یتوون، ئیشۆع دووان له‌ قوتابییه‌كانی نارد پێی فه‌رموون: “بڕۆنه‌ ئه‌و گونده‌ی به‌رامبه‌رتان، یه‌كسه‌ر ماكه‌رێک ده‌بینن به‌ستراوه‌ته‌وه‌، جاشه‌كه‌ی له‌گه‌ڵه‌. بیكه‌نه‌وه‌ و بۆمیان بهێنن. ئه‌گه‌ر یه‌كێک شتێكی پێ وتن، بڵێن: په‌روه‌ردگار پێویستی پێیانه‌، ئه‌ویش یه‌كسه‌ر ده‌یاننێرێت”. ئه‌مه‌ش ڕوویدا تاكو ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ وتراوه‌ بێته‌دی كه‌ ده‌فه‌رمووێ: {به‌ كچه‌كه‌ی سهیۆن بڵێن، ئه‌وه‌تا پاشاكه‌ت دێته‌ لات، دڵنه‌رمه‌ و سواری ماكه‌رێک و جاشی ماكه‌رێک بووه‌} . دوو قوتابییه‌كه‌ ڕۆیشتن، وه‌ک ئیشۆع فه‌رمانی پێدابوون، كردیان. ماكه‌ر و جاشه‌كه‌یان هێنا، جلوبه‌رگه‌كانیان له‌سه‌ر پشتیان ڕاخست و ئیشۆع سواربوو. كۆمه‌ڵانێكی زۆرتر جلوبه‌رگه‌كانیان له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ ڕاخست. خه‌ڵكی دیكه‌ لقیان له‌ دار بڕییه‌وه‌ و له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ ڕایانخست. ئه‌و كۆمه‌ڵانه‌ی وا له‌ پێشی ده‌ڕۆیشتن و ئه‌وانه‌ش كه‌ دوای كه‌وتبوون، هاواریان ده‌كرد: “هۆشانا بۆ ڕۆڵه‌ی داوید! پیرۆزه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ دێت! هۆشانا له‌ به‌رزایی!” كاتێ چووه‌ نێو یروشلایم، هه‌موو شاره‌كه‌ خرۆشا و وتیان: “ئه‌مه‌ كێیه‌؟” كۆمه‌ڵانه‌كه‌ش وتیان: “ئه‌مه‌ پێغه‌مبه‌ر ئیشۆعه‌، خه‌ڵكی ناسڕه‌تی گلیلایه‌”. ئیشۆع چووه‌ نێو په‌رستگای خودا، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌ركرد كه‌ كڕین و فرۆشتنیان له‌ په‌رستگادا ده‌كرد، مێزی پاره‌گۆڕه‌وان و ته‌ختی كۆترفرۆشانی وه‌رگێڕا. پێی فه‌رموون: “نووسراوه‌، {ماڵه‌كه‌م به‌ ماڵی نوێژ ناوده‌بردرێت} ، به‌ڵام ئێوه‌ كردووتانه‌ به‌ {ئه‌شكه‌وتی دزان!} نابینا و شه‌له‌كان له‌ په‌رستگا هاتنه‌ لای و ئه‌ویش چاكیكردنه‌وه‌. به‌ڵام كاتێ كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ئه‌م كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌یان بینی كه‌ ئه‌و كردی و منداڵانیش له‌ په‌رستگا هاواریان ده‌كرد: “هۆشانا بۆ ڕۆڵه‌ی داوید”، ڕقیان هه‌ستا و پێیان وت: “گوێت لێیه‌ ئه‌وانه‌ چی ده‌ڵێن؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “به‌ڵێ! ئه‌ی قه‌ت نه‌تانخوێندۆته‌وه‌: {له‌ زاری منداڵان و شیره‌خۆرانه‌وه‌ ستایشت بۆ خۆت داڕشتووه‌؟} ” ئه‌وسا به‌جێیهێشتن و به‌ره‌و بتعه‌نیا چووه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار، شه‌و له‌وێ مایه‌وه‌. به‌یانی كه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ شار، برسیی بوو. دارهه‌نجیرێكی له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ بینی و هاته‌ لای، له‌ گه‌ڵا زیاتر هیچی پێوه‌ نه‌بینی، ئینجا پێی فه‌رموو: “ئیتر تاهه‌تایه‌ به‌ر نه‌گریت!”. یه‌كسه‌ر دارهه‌نجیره‌كه‌ وشک بوو. كاتێ قوتابییه‌كان ئه‌وه‌یان بینی، سه‌رسام بوون و وتیان: “چۆن یه‌كسه‌ر دارهه‌نجیره‌كه‌ وشک بوو؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر باوه‌ڕتان هه‌بێت و گومان نه‌كه‌ن، نه‌ک هه‌ر ئه‌مه‌ی دارهه‌نجیره‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر به‌م كێوه‌ش بڵێن، هه‌ڵبكه‌ندرێ و بكه‌وه‌ نێو ده‌ریاوه‌، وا ده‌بێت. جا هه‌رچی له‌ نوێژدا به‌ باوه‌ڕه‌وه‌ داوای بكه‌ن، وه‌ریده‌گرن”.