لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی 32:27-56

مه‌تته‌ی 32:27-56 PNTZS

كاتێ ده‌رچوون پیاوێكی قه‌ورینێیان بینی ناوی شیمعون بوو، ناچاریان كرد خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت. كه‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی پێی ده‌ووترا گاغولتا، ناونراوه‌ “شوێنی كاسه‌سه‌ر” سركه‌ی تێكه‌ڵ به‌ زراویان دایه‌ ئیشۆع تاكو بیخواته‌وه‌، كه‌ تامی كرد نه‌یویست بیخواته‌وه‌. كه‌ له‌خاچیان دا، به‌ تیروپشک كراسه‌كه‌یان دابه‌شكرد. تا ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌رێک وتراوه‌ بێته‌دی: {پۆشاكه‌كه‌م نێوان خۆیان دابه‌شكرد و له‌سه‌ر كراسه‌كه‌م تیروپشكیان كرد} ئینجا له‌وێ دانیشتن و ئێشكیان بۆ گرت. له‌ ژوور سه‌ریه‌وه‌ تاواننامه‌كه‌یان دانا كه‌ نووسرابوو: “ئه‌مه‌ ئیشۆعه‌، پاشای جوو”. ئه‌وسا دوو دز له‌گه‌ڵی له‌خاچدران، یه‌كێک له‌لای ڕاستی و یه‌كێک له‌لای چه‌پی. ڕێبواران جنێویان پێده‌دا و سه‌ریان ده‌له‌قاند و ده‌یانووت: “ئه‌ی ڕووخێنه‌ری په‌رستگا و بنیادنه‌ره‌وه‌ی له‌ سێ ڕۆژدا، خۆت ڕزگار بكه‌! ئه‌گه‌ر تۆ ڕۆڵه‌ی خودای، له‌ خاچه‌كه‌ دابه‌زه‌!” به‌هه‌مان شێوه‌ كاهینانی باڵا له‌گه‌ڵ ته‌وراتزان و پیران گاڵته‌یان پێده‌كرد و ده‌یانووت: “خه‌ڵكی دیكه‌ی ڕزگار كرد، به‌ڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بكات! ئه‌گه‌ر ئه‌و پاشای ئیسڕائیله‌! با ئێستا له‌ خاچه‌كه‌ دابه‌زێت، باوه‌ڕی پێده‌هێنین. پشتی به‌ خودا به‌ست، با ئێستا ڕزگاری بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌می ده‌وێت! چونكه‌ وتی: من ڕۆڵه‌ی خودام!”. دزه‌كانیش كه‌ له‌گه‌ڵی له‌خاچدرابوون گاڵته‌یان پێده‌كرد. له‌ كاژێر دوازده‌وه‌ تاكو سێ، تاریكایی به‌سه‌ر هه‌موو زه‌وییه‌وه‌ بوو. نزیكه‌ی كاژێر سێ ئیشۆع به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد و وتی: “ئێلی، ئێلی، له‌ما شه‌به‌قته‌نی؟” واتا: خودایه‌، خودایه‌، بۆ به‌جێت هێشتم؟ هه‌ندێک له‌وانه‌ی له‌وێ ڕاوه‌ستابوون و گوێیان لێیبوو، وتیان: “ئه‌وه‌ بانگی ئیلییا ده‌كات”. یه‌كسه‌ر یه‌كێک له‌وان ڕایكرد و هه‌ورییه‌كی برد، له‌ سركه‌ی هه‌ڵكێشا و به‌سه‌ری قامیشێكه‌وه‌ پێیدا، تاكو بیخواته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانی دیكه‌ وتیان: “لێگه‌ڕێ، با بزانین ئیلییا دێت ڕزگاری بكات!”. ئیشۆع دیسان به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد و ڕووحی سپارد. له‌و كاته‌دا په‌رده‌ی په‌رستگا له‌ سه‌ره‌وه‌ تاكو خواره‌وه‌ دڕا و بووه‌ دوو له‌ت. زه‌وی له‌رزی و به‌رد درزیان برد و گۆڕه‌كان كرانه‌وه‌، زۆرێک له‌ جه‌سته‌ی پارساكانی نووستوو هه‌ستانه‌وه‌. دوای هه‌ستانه‌وه‌كه‌شی له‌ گۆڕه‌كان هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و چوونه‌ نێو شاری پارسا، بۆ زۆر كه‌سیش ده‌ركه‌وتن. به‌ڵام سه‌رپه‌له‌كه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و چاودێری ئیشۆعیان ده‌كرد، بوومه‌له‌رزه‌كه‌ و ئه‌و شتانه‌یان بینی كه‌ ڕوویدا، زۆر ترسان و وتیان: “به‌ ڕاستی ئه‌مه‌ ڕۆڵه‌ی خودا بوو!” زۆر ژن له‌وێ بوون، له‌ دووره‌وه‌ ته‌ماشایان ده‌كرد، ئه‌وانه‌ی له‌ گلیلاوه‌ دوای ئیشۆع كه‌وتبوون و ڕاژه‌یان ده‌كرد، مه‌ریه‌می مه‌گدانی و مه‌ریه‌می دایكی یاقوو و یۆسپ، له‌گه‌ڵ دایكی دوو كوڕه‌كه‌ی زه‌بدی له‌نێویان بوون.