لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی 45:27-66

مه‌تته‌ی 45:27-66 PNTZS

له‌ كاژێر دوازده‌وه‌ تاكو سێ، تاریكایی به‌سه‌ر هه‌موو زه‌وییه‌وه‌ بوو. نزیكه‌ی كاژێر سێ ئیشۆع به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد و وتی: “ئێلی، ئێلی، له‌ما شه‌به‌قته‌نی؟” واتا: خودایه‌، خودایه‌، بۆ به‌جێت هێشتم؟ هه‌ندێک له‌وانه‌ی له‌وێ ڕاوه‌ستابوون و گوێیان لێیبوو، وتیان: “ئه‌وه‌ بانگی ئیلییا ده‌كات”. یه‌كسه‌ر یه‌كێک له‌وان ڕایكرد و هه‌ورییه‌كی برد، له‌ سركه‌ی هه‌ڵكێشا و به‌سه‌ری قامیشێكه‌وه‌ پێیدا، تاكو بیخواته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانی دیكه‌ وتیان: “لێگه‌ڕێ، با بزانین ئیلییا دێت ڕزگاری بكات!”. ئیشۆع دیسان به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد و ڕووحی سپارد. له‌و كاته‌دا په‌رده‌ی په‌رستگا له‌ سه‌ره‌وه‌ تاكو خواره‌وه‌ دڕا و بووه‌ دوو له‌ت. زه‌وی له‌رزی و به‌رد درزیان برد و گۆڕه‌كان كرانه‌وه‌، زۆرێک له‌ جه‌سته‌ی پارساكانی نووستوو هه‌ستانه‌وه‌. دوای هه‌ستانه‌وه‌كه‌شی له‌ گۆڕه‌كان هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و چوونه‌ نێو شاری پارسا، بۆ زۆر كه‌سیش ده‌ركه‌وتن. به‌ڵام سه‌رپه‌له‌كه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و چاودێری ئیشۆعیان ده‌كرد، بوومه‌له‌رزه‌كه‌ و ئه‌و شتانه‌یان بینی كه‌ ڕوویدا، زۆر ترسان و وتیان: “به‌ ڕاستی ئه‌مه‌ ڕۆڵه‌ی خودا بوو!” زۆر ژن له‌وێ بوون، له‌ دووره‌وه‌ ته‌ماشایان ده‌كرد، ئه‌وانه‌ی له‌ گلیلاوه‌ دوای ئیشۆع كه‌وتبوون و ڕاژه‌یان ده‌كرد، مه‌ریه‌می مه‌گدانی و مه‌ریه‌می دایكی یاقوو و یۆسپ، له‌گه‌ڵ دایكی دوو كوڕه‌كه‌ی زه‌بدی له‌نێویان بوون. ده‌مه‌و ئێواره‌ پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی خه‌ڵكی ڕه‌متا هات، ناوی یۆسپ بوو، ئه‌ویش قوتابیی ئیشۆع بوو. چووه‌ لای پیڵاتوس و داوای ته‌رمی ئیشۆعی لێكرد، پیڵاتوسیش فه‌رمانی دا ته‌رمه‌كه‌ی بدرێتێ. یۆسپیش ته‌رمه‌كه‌ی برد و به‌ كه‌تانی پێگه‌رد پێچای و له‌و گۆڕه‌ نوێیه‌ی خۆی ناشتی كه‌ له‌ به‌رد هه‌ڵكه‌ندرابوو، ئینجا به‌ردێكی گه‌وره‌ی گلۆر كرده‌وه‌ سه‌ر ده‌رگای گۆڕه‌كه‌ و ڕۆیشت. مه‌ریه‌می مه‌گدانی و مه‌ریه‌مه‌كه‌ی دیكه‌ش له‌وێ بوون، به‌رامبه‌ر گۆڕه‌كه‌ دانیشتبوون. بۆ سبه‌ینێ كه‌ دوای ئاماده‌كردنه‌، كاهینانی باڵا و په‌ڕیشییه‌كان له‌لای پیڵاتوس كۆبوونه‌وه‌، وتیان: “گه‌وره‌م، بیرمان كه‌وته‌وه‌، ئه‌و گومڕاكاره‌ كاتێ زیندوو بوو وتی: من دوای سێ ڕۆژ هه‌ڵده‌ستمه‌وه‌. جا فه‌رمان بده‌ تا ڕۆژی سێیه‌م گۆڕه‌كه‌ی پاس بكرێت، نه‌وه‌ک قوتابییه‌كانی بێن و بیدزن، ئه‌وسا به‌ گه‌ل بڵێن: له‌نێوان مردووان هه‌ستاوه‌ته‌وه‌. جا گومڕایی دوایی له‌وه‌ی یه‌كه‌م خراپتر ده‌بێت!” پیڵاتوسیش وتی: پاسه‌وانتان هه‌یه‌، بڕۆن چۆنتان پێ باشه‌ وا پاسی بكه‌ن”. ئه‌وانیش چوون گۆڕه‌كه‌یان پاس كرد، مۆریان له‌ به‌رده‌كه‌ دا و پاسه‌وانیان دانا.