لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی 19:6-34

مه‌تته‌ی 19:6-34 PNTZS

له‌سه‌ر زه‌وی گه‌نجینه‌ بۆ خۆتان كۆ مه‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ مۆرانه‌ و ژه‌نگ خراپی ده‌كه‌ن، دزیش ده‌یبڕێت و ده‌یدزێت. به‌ڵكو گه‌نجینه‌ بۆ خۆتان له‌ ئاسماندا كۆبكه‌نه‌وه‌، كه‌ نه‌ مۆرانه‌ و نه‌ ژه‌نگ خراپی ده‌كه‌ن، نه‌ دزیش ده‌یبڕێت و ده‌یدزێت. چونكه‌ گه‌نجینه‌ت له‌كوێ بێت، دڵیشت له‌وێ ده‌بێت. چاو چرای له‌شه‌، ئه‌گه‌ر چاوت ساغ بێت، ئه‌وا له‌شت هه‌مووی ڕووناكه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاوت به‌دكار بێت، ئه‌وا هه‌موو له‌شت تاریک ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕووناكییه‌ی له‌ تۆدایه‌ تاریكی بێت، ئاخۆ ده‌بێ چ تاریكییه‌ک بێت! كه‌س ناتوانێت كۆیلایه‌تی دوو گه‌وره‌ بكات، چونكه‌ ڕقی له‌ یه‌كێكیان ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی دیكه‌ی خۆشده‌وێت، یان ده‌ست به‌ یه‌كێكیانه‌وه‌ ده‌گرێت و ئه‌وه‌ی دیكه‌ پشتگوێ ده‌خات. ناتوانن كۆیله‌ی خودا و پاره‌ بن. بۆیه‌ پێتان ده‌ڵێم: خه‌می ژیانی خۆتان نه‌بێت. چی ده‌خۆن و چی ده‌خۆنه‌وه‌، یان بۆ له‌شتان چی ده‌پۆشن. ئایا ژیان له‌ خواردن باشتر نییه‌؟ یان له‌ش له‌ پۆشاک؟ بڕواننه‌ باڵنده‌ی ئاسمان، نه‌ ده‌ڕوێنن و نه‌ دروێنه‌ ده‌كه‌ن و نه‌ له‌ ئه‌مباردا كۆده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌چی باوكی ئاسمانیتان به‌خێویان ده‌كات. ئایا ئێوه‌ له‌وان باشتر نین؟ كامتان ئه‌گه‌ر خه‌می خوارد، ده‌توانێت یه‌ک كاژێر له‌ ته‌مه‌نی خۆی زیاد بكات؟ بۆچی خه‌می پۆشاكتانه‌؟ بڕواننه‌ گوڵه‌كانی كێڵگه‌ چۆن گه‌شه‌ ده‌كه‌ن، نه‌ ماندوو ده‌بن و نه‌ ده‌ڕێسێن، به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: ته‌نانه‌ت شلیمونیش له‌وپه‌ڕی شكۆمه‌ندیدا وه‌ک یه‌كێک له‌وانه‌ی نه‌پۆشیوه‌. ئه‌گه‌ر خودا گیای كێڵگه‌ ئاوا بپۆشێت كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌یه‌ و سبه‌ینێ فڕێده‌درێته‌ ته‌نووره‌وه‌، ئاخۆ ده‌بێ ئێوه‌ چه‌ند باشتر پۆشته‌تان بكات، ئه‌ی كه‌م باوه‌ڕینه‌؟ جا خه‌م مه‌خۆن بڵێن چی بخۆین؟ یان چی بخۆینه‌وه‌؟ یان چی بپۆشین؟ چونكه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ نه‌ته‌وه‌كان هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن، باوكی ئاسمانیشتان ده‌زانێت پێویستیتان به‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ هه‌یه‌. به‌ڵكو یه‌كه‌مجار داوای پاشایه‌تی و بێتاوانیی خودا بكه‌ن، هه‌موو ئه‌مانه‌تان بۆ زیاد ده‌بێت. بۆیه‌ خه‌می سبه‌ینێ مه‌خۆن، چونكه‌ سبه‌ینێ خه‌می خۆی ده‌خوات. هه‌ر ڕۆژێک خراپیی خۆی به‌سه‌.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان