لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌رقوس 43:14-72

مه‌رقوس 43:14-72 PNTZS

یه‌كسه‌ر، كاتێ هێشتا قسه‌ی ده‌كرد، ئیهوودا یه‌كێک بوو له‌ دوازده‌كه‌، گه‌یشت. كۆمه‌ڵێكی زۆری له‌گه‌ڵ بوو له‌لایه‌ن كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان و پیرانه‌وه‌ نێردرابوون، شمشێر و داریان پێبوو. ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی ده‌كات، نیشانه‌یه‌كی پێدابوون، وتبووی: “ئه‌وه‌ی ماچی ده‌كه‌م، خۆیه‌تی، بیگرن و به‌ پاسه‌وانییه‌وه‌ بیبه‌ن”. كاته‌كه‌ هات و ئیهوودا هاته‌ لای وتی: “گه‌وره‌م، گه‌وره‌م!” و ماچی كرد. ئیتر قۆڵبه‌ستیان كرد و گرتییان. یه‌كێک له‌ ئاماده‌بووان، شمشێره‌كه‌ی هه‌ڵكێشا، له‌ كۆیله‌ی كاهینی باڵا دا و گوێی بڕی. ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “وه‌ک بۆ گرتنی دزێک به‌ شمشێر و كوته‌كه‌وه‌‌ هاتوون بمگرن؟ هه‌موو ڕۆژێک له‌ په‌رستگادا له‌گه‌ڵتان بووم ئامۆژگاریم ده‌كرد، نه‌تانگرتم! به‌ڵام بۆ هاتنه‌دیی سیپاره‌كانه‌”. ئینجا هه‌موو به‌جێیان هێشت و هه‌ڵاتن. گه‌نجێک دوای ئیشۆع كه‌وت پارچه‌ كه‌تانێكی له‌به‌ر بوو ڕووتییه‌كه‌ی داپۆشیبوو، جا گه‌نجان گرتییان. ئه‌ویش كه‌تانه‌كه‌ی به‌جێهێشت و به‌ ڕووتی هه‌ڵات. ئیشۆعیان برده‌ لای كاهینی باڵا، هه‌موو كاهینی باڵا و پیران و ته‌وراتزانه‌كان كۆبوونه‌وه‌. په‌تڕۆسیش دووربه‌دوور تا نێو حه‌وشه‌ی كاهینی باڵا دوای كه‌وت، له‌گه‌ڵ ڕاژه‌وانان له‌به‌رده‌م ئاگر دانیشتبوو خۆی گه‌رم ده‌كرده‌وه‌. كاهینانی باڵا و هه‌موو سه‌نهه‌دریم به‌دوای گه‌واهییه‌ک ده‌گه‌ڕان له‌سه‌ر ئیشۆع تاكو بیكوژن، به‌ڵام ده‌ستیان نه‌كه‌وت. چونكه‌ كه‌سانێكی زۆر به‌ درۆ گه‌واهییان له‌سه‌ری دا و گه‌واهییه‌كانیان كۆک نه‌بوو. هه‌ندێک هه‌ستان و به‌ درۆ گه‌واهییان له‌سه‌ری دا و وتیان: “ئێمه‌ گوێمان لێیبوو ده‌یووت: من ئه‌م په‌رستگایه‌ی ده‌ستكرده‌ ده‌یڕوخێنم، به‌ سێ ڕۆژ یه‌كێكی دیكه‌ بنیاد ده‌نێم كه‌ ده‌ستكرد نه‌بێت”. له‌مه‌شدا گه‌واهییه‌كه‌یان كۆک نه‌بوو. كاهینی باڵاش له‌ناوه‌ڕاست ڕاوه‌ستا و له‌ ئیشۆعی پرسی: “هیچ وه‌ڵام ناده‌یته‌وه‌؟ ئه‌وانه‌ گه‌واهیی چی له‌ دژت ده‌ده‌ن؟” به‌ڵام ئیشۆع بێده‌نگ مایه‌وه‌ و هیچ وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌. دیسان كاهینی باڵا لێی پرسی و پێی وت: “ئایا تۆ مه‌سیحه‌كه‌ی، ڕۆڵه‌ی داڕشتكراوه‌كه‌ی؟” ئیشۆع فه‌رمووی: “من ئه‌وم. وا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بینن له‌ ده‌سته‌ڕاستی هێزدار داده‌نیشێت وله‌گه‌ڵ هه‌وری ئاسماندا دێته‌وه‌”. كاهینی باڵا جله‌كانی خۆی دادڕی و وتی: “ئیتر چ پێویستیه‌كمان به‌ گه‌واهیده‌ران هه‌یه‌؟ خۆ گوێتان له‌ كفره‌كانی بوو! ڕاتان چییه‌؟” هه‌موو بڕیاریان دا كه‌ شایانی مه‌رگه‌. هه‌ندێک تفیان لێ كرد و ڕوویان داپۆشی و مستیان لێ دا و پێیان ده‌ووت: “پێشبینی بكه‌”. ڕاژه‌وانانیش زیللـه‌یان لێ ده‌دا. په‌تڕۆس له‌ خواره‌وه‌ له‌ حه‌وشه‌ بوو، یه‌كێک له‌ كه‌نیزه‌كانی كاهینی باڵا هات. كاتێ په‌تڕۆسی بینی خۆی گه‌رم ده‌كاته‌وه‌، تێیڕووانی و وتی: “تۆش له‌گه‌ڵ ئیشۆعی ناسڕه‌تیی بوویت!”. نكۆڵی كرد و وتی: “نازانم، تێناگه‌م چی ده‌ڵێی!” ده‌رچووه‌ داڵانه‌كه‌. ئینجا كه‌ڵه‌شێر قوولاندی. كه‌نیزه‌كه‌ بینییه‌وه‌، به‌ ئاماده‌بووانی وت: “ئه‌مه‌ش له‌وانه‌!” دیسان نكۆڵی كرد. پاش كه‌مێک ئاماده‌بووان، به‌ په‌تڕۆسیان وت: “به‌ ڕاستی تۆ له‌وانیت، چونكه‌ تۆش گلیلاییت و زاراوه‌كه‌ت وه‌ک زاراوه‌ی ئه‌وانه‌!”. ده‌ستیكرد به‌ نه‌فره‌تكردن و سوێندخواردن: “ئه‌م پیاوه‌ی باسی ده‌كه‌ن نایناسم!”. كه‌ڵه‌شێر بۆ دووه‌م جار قوولاندی، په‌تڕۆس فه‌رمووده‌ی ئیشۆعی بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ پێی فه‌رمووبوو: “پێش ئه‌وه‌ی دوو جار كه‌ڵه‌شێر بقوولێنێت، سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت”. كاتێ بیری لێ كرده‌وه‌ گریا.