لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌رقوس 20:15-41

مه‌رقوس 20:15-41 PNTZS

دوای ئه‌وه‌ی گاڵته‌یان پێكرد، كراسه‌ مۆره‌كه‌یان له‌به‌ردا داكه‌ند و جلی خۆیان له‌به‌ر كرده‌وه‌ و بۆ له‌خاچدان بردییانه‌ ده‌ره‌وه‌. ڕێبوارێک له‌ كێڵگه‌ ده‌هاته‌وه‌، ناوی شیمعونی قه‌ورینێییی بوو، باوكی ئسكه‌نده‌ر و ڕۆپۆس، ناچاریان كرد خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت. ئینجا بردیانه‌ شوێنی گاغولتا، واتا “كاسه‌سه‌ر”. مه‌یی تێكه‌ڵكراو به‌ موڕیان پێ دا بیخواته‌وه‌، به‌ڵام نه‌یخوارده‌وه‌. كاتێ له‌خاچیاندا، كراسه‌كه‌یان دابه‌شكرد، تیروپشكیان له‌سه‌ركرد، هه‌ریه‌كه‌یان چی به‌رده‌كه‌وێت. كاژێر سێ بوو له‌خاچیاندا، ناونیشانی تاوانه‌كه‌شی نووسرابوو: “پاشای جوو”. دوو دزیشیان له‌گه‌ڵی له‌خاچدا، یه‌كێک له‌لای ڕاستی و یه‌كێک له‌لای چه‌پی. سیپاره‌كه‌‌ هاته‌ دی كه‌ ده‌ڵێت: {له‌ ڕیزی تاوانباران دانرا} . ئه‌وانه‌ی به‌وێدا تێده‌په‌ڕین، جنێویان پێی ده‌دا و سه‌ریان باده‌دا، ده‌یانووت: “ها! ئه‌ی ڕوخێنه‌ری په‌رستگا و بنیادنه‌ره‌وه‌ی به‌ سێ ڕۆژ، خۆت ڕزگار بكه‌ و له‌ خاچه‌كه‌ دابه‌زه‌!”. به‌ هه‌مان شێوه‌ كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان گاڵته‌یان ده‌كرد و به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: “خه‌ڵكی ڕزگار كرد، به‌ڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بكات! با ئێستا مه‌سیحی پاشای ئیسڕائیل له‌ خاچه‌كه‌ دابه‌زێت، تاكو ببینین و باوه‌ڕ بهێنین!”. ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی له‌خاچدران تانه‌یان لێ ده‌دا. كاتێ بووه‌ كاژێری شه‌ش، تاكو كاژێری نۆ تاریكایی به‌سه‌ر هه‌موو زه‌وییه‌وه‌ بوو. له‌ كاژێری نۆ، ئیشۆع به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد: “ئیلۆی، ئیلۆی، له‌ما شه‌به‌قته‌نی؟” واتا، خودایه‌، خودایه‌، بۆ به‌جێت هێشتم؟ هه‌ندێک له‌ ئاماده‌بووان كه‌ گوێیان لێبوو، وتیان: “ئه‌وه‌تا بانگی ئیلییا ده‌كات”. یه‌كێک ڕایكرد و هه‌وریه‌كی له‌ سركه‌ هه‌ڵكێشا و به‌سه‌ر قامیشێكه‌وه‌ پێی دا، وتی: “لێگه‌ڕێن با ببینین ئیلییا دێت دایبگرێت!” ئیشۆعیش به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواریكرد و ڕووحی سپارد. په‌رده‌ی په‌رستگاش له‌ سه‌ره‌وه‌ تاكو خواره‌وه‌ شه‌قبوو و بووه‌ دووله‌ت. ئه‌و سه‌رپه‌له‌ی به‌رامبه‌ر ئیشۆع ڕاوه‌ستابوو، گوێی له‌ هاواری بوو و بینی چۆن ڕووحی سپارد، وتی: “به‌ ڕاستی ئه‌م مرۆڤه‌ ڕۆڵه‌ی خودا بوو!” چه‌ند ژنێكیش له‌ دووره‌وه‌ ته‌ماشایان ده‌كرد، له‌نێوانیاندا مه‌ریه‌می مه‌گدانی و مه‌ریه‌می دایكی یاقووی بچووک و یوسی و سالومه‌یان له‌گه‌ڵ بوو، ئه‌مانه‌ له‌ گلیلاوه‌ دوای ئیشۆع كه‌وتبوون و ڕاژه‌یان ده‌كرد، زۆری دیكه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی سه‌ركه‌وتبوونه‌ یروشلایم.