لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

په‌سنییه‌كان 12:31-24

په‌سنییه‌كان 12:31-24 PNTZS

له‌ بیر كراوم وه‌ک ئه‌وه‌ی مردبم. وه‌ک قاپێكی شكاوم به‌سه‌ر هاتووه‌. چونكه‌ گوێم له‌ چپه‌چپی زۆركه‌س بووه‌. ترس له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ده‌وری داوم، هه‌موو پێكه‌وه‌ پیلان له‌ دژم ده‌گێڕن، بیر له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ ژیانم له‌ناو ببه‌ن. به‌ڵام ئه‌ی په‌روه‌ردگار من پشتم به‌ تۆ به‌ستووه‌. ده‌ڵێم: “تۆ خوداوه‌ندی منیت”. ڕۆژگارم له‌نێو ده‌ستی تۆدایه‌. له‌ ده‌ستی دوژمنانم و ئه‌وانه‌ی قاوم ده‌ده‌ن ده‌ربازم بكه‌. با ڕوخسارت به‌سه‌ر به‌نده‌كه‌تدا بدره‌وشێته‌وه‌. به‌ میهره‌بانیی خۆت ڕزگارم بكه‌. با شه‌رمه‌زار نه‌بم ئه‌ی په‌روه‌ردگار، چونكه‌ هاوار بۆ تۆ ده‌كه‌م، با به‌دكاران شه‌رمه‌زار بن. له‌نێو دۆڵی بێبن خامۆش بن. با زمانه‌ درۆزنه‌كانیان لاڵ بێت، كه‌ به‌ فیز و وشه‌ی ناشرینه‌وه‌، سووكایه‌تی به‌ له‌خواترسان ده‌كه‌ن. چاكه‌ت چه‌ند مه‌زنه‌، كه‌ هه‌ڵتگرتووه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی ترسی تۆیان له‌ دڵ دایه‌، ئه‌وه‌ی به‌ به‌رچاوی ئاده‌میزادانه‌وه‌، به‌وانه‌ی ده‌به‌خشیت كه‌ په‌نات بۆ ده‌هێنن. له‌نێو په‌رده‌ی ڕووی خۆت ده‌یانشاریته‌وه‌، له‌ پیلانه‌كانی خه‌ڵكی، له‌ ژێر سێبه‌ری خۆت ده‌یانپارێزیت، له‌ زمانی سكاڵاكاران. پیرۆزه‌ په‌روه‌ردگار، چونكه‌ میهره‌بانیه‌ سه‌ر سووڕهێنه‌ره‌كه‌ی خۆی نیشاندام، كاتێ له‌ شارێكی ئابڵوقه‌دار بووم. له‌ كاتی سه‌ره‌رگه‌ردانیم وتم: “له‌ به‌ر چاوت نه‌ماوم” به‌ڵام تۆ گوێت له‌ ده‌نگی پاڕانه‌وه‌م گرت، كه‌ هاوارم بۆت هێنا. په‌روه‌ردگارتان خۆشبووێت ئه‌ی هه‌موو خۆشه‌ویستانی. په‌روه‌ردگار سه‌رڕاسته‌كان ده‌پارێزێت، به‌ڵام به‌ ته‌واوی سزای لووتبه‌رزه‌كان ده‌دات. ئازابن و دڵتان به‌ هێز بكه‌ن، ئه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانی په‌روه‌ردگارن.