لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

بینین 5:5-14

بینین 5:5-14 PNTZS

یه‌كێک له‌ پیره‌كان پێی وتم: “مه‌گری، ئه‌وه‌تا ئه‌و شێره‌ی له‌ هۆزی ئيهوودایه‌ و له‌ ڕه‌گی داویده‌ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا، سیپاره‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌ و حه‌وت مۆره‌كه‌ی ده‌شكێنێت”. ئینجا له‌ ناوه‌ڕاستی ته‌خته‌كه‌ و چوار بوونه‌وه‌ره‌كه‌دا، له‌ناوه‌ڕاستی پیره‌كان، كاوڕێكم بینی ڕاوه‌ستابوو وه‌ک سه‌ربڕابێت، حه‌وت قۆچ و حه‌وت چاوی هه‌بوو، كه‌ حه‌وت ڕووحه‌كه‌ی خودان بۆ هه‌موو زه‌وی نێردراون. هات و سیپاره‌كه‌ی له‌ لای ڕاستی دانیشتووی سه‌ر ته‌خته‌كه‌ وه‌رگرت. كاتێ سیپاره‌كه‌ی وه‌رگرت، چوار بوونه‌وه‌ره‌كه‌ و بیست و چوار پیره‌كه‌ كه‌وتنه‌ به‌رده‌م كاوڕه‌كه‌، هه‌ریه‌كه‌یان ته‌میره‌ و جامی زێڕینی پڕ بخووریان پێبوو، ئه‌وه‌ش نوێژه‌كانی پارساكانه‌، په‌سنیی نوێیان ده‌ووت: “تۆ شایسته‌ی ئه‌وه‌ی سیپاره‌كه‌ ببه‌یت و مۆره‌كانی بكه‌یته‌وه‌، چونكه‌ تۆ سه‌ربڕایت و به‌ خوێنی خۆت ئێمه‌ت بۆ خودا كڕییه‌وه‌، له‌ هه‌موو خێڵ و زمان و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ک. ئێمه‌شت كرده‌ پاشا و كاهین بۆ خوداوه‌ندمان و حوكمڕانیی زه‌وی ده‌كه‌ین”. ئینجا ته‌ماشام كرد و گوێم له‌ ده‌نگی فریشته‌یه‌كی زۆر بوو له‌ ده‌وری ته‌خته‌كه‌ و بوونه‌وه‌ره‌كان و پیره‌كان، ژماره‌یان هه‌زار هه‌زار و ده‌ هه‌زار ده‌ هه‌زار ده‌بوو، به‌ ده‌نگێكی مه‌زن ده‌یانووت: “كاوڕه‌ سه‌ربڕاوه‌كه‌ شایسته‌ی وه‌رگرتنی توانا و ده‌وڵه‌مه‌ندی و دانایی و هێز و ڕێز و شكۆ و ستایشه‌!” هه‌موو ئافریده‌یه‌كی ئاسمان و سه‌ر زه‌وی و ژێر زه‌وی و نێو ده‌ریاش، هه‌ر ئه‌وه‌ی تیایاندایه‌، بیستم ده‌یانووت: “ستایش و ڕێز و شكۆ و ده‌سه‌ڵات، بۆ دانیشتووی سه‌ر ته‌خت و كاوڕه‌كه‌ بێت، تاهه‌تایه‌!” چوار بوونه‌وه‌ره‌كه‌ش ده‌یانووت: “ئامین”. بیست و چوار پیره‌كانیش كه‌وتن و كڕنۆشیان برد بۆ ئه‌وه‌ی تا هه‌تایه‌ زیندووه‌.

وەڵامەکان بۆ فەرمی نووسینەوەی سۆرانی کوردی؟؟؟ ویدیو بۆ بینین 5:5-14 شێوەکاری؟؟؟