لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم پوختەی مێژوو 10:29-20

یەکەم پوختەی مێژوو 10:29-20 KSS

داود لەبەردەم هەموو کۆمەڵەکە ستایشی یەزدانی کرد و گوتی: «ستایش بۆ تۆ ئەی یەزدان، خودای ئیسرائیل، باوکمانی لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە. ئەی یەزدان، بۆ تۆیە گەورەیی و توانا، مەزنی و پایەبەرزی و شکۆ، چونکە هەموو ئەوەی لە ئاسمان و لە زەویدایە هی تۆیە. ئەی یەزدان، پاشایەتی هی تۆیە و تۆ هەرەبەرزیت و لە هەمووان پایەبەرزتری. دەوڵەمەندی و ڕێز لەلای تۆوە دێن، تۆ فەرمانڕەوای هەمووانیت. هێز و توانا لە دەستی تۆدان تاکو هەمووان بەهێز و ورەبەرز بکەیت. ئێستاش ئەی خودای ئێمە، سوپاست دەکەین و ستایشی ناوە شکۆدارەکەت دەکەین. «بەڵام من کێم و گەلەکەم کێیە هەتا بتوانین بەم دڵفراوانییەوە ببەخشین؟ هەموو شتێک لە تۆوە دێت، لەوەی کە هی تۆیە بە تۆمان بەخشییەوە. ئێمە لەبەرچاوی تۆدا نامۆین و وەک هەموو باوباپیرانمان ئاوارەین. ڕۆژانمان لەسەر زەوی وەک سێبەرن و ئومێدیش نییە. ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، هەموو ئەم سامانەی کە ئامادەمان کردووە بۆ ئەوەی پەرستگایەک بۆ ناوی پیرۆزت بنیاد بنێین، هەمووی لە تۆوە هاتووە و هەموو شتێکیش هی تۆیە. خودایە من دەزانم کە تۆ دڵەکان تاقی دەکەیتەوە و بە دڵی پاک دڵخۆش دەبیت. من بە خواستی خۆم و بە ڕاستگۆییەوە هەموو ئەم شتانەم بەخشیوە. ئێستاش دڵخۆش بووم کە گەلەکەی تۆم لێرە بینی چۆن بە خواستی دڵی خۆیان پیتاکیان پێ بەخشیت. ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیلی باوباپیرانمان، ئەم بیرکردنەوەیە بۆ هەتاهەتایە لە دڵی گەلەکەتدا بپارێزە و دڵیان بەلای خۆتدا ڕابکێشە. هەروەها وا بکە سلێمانی کوڕم پڕ بە دڵ فەرمان و یاسا و فەرزەکانت بەجێبهێنێت، هەموویان پەیڕەو بکات و ئەو پەرستگایە بنیاد بنێت کە ئامادەکاریم بۆی کردووە.» پاشان داود بە هەموو کۆمەڵەکەی گوت: «تکایە ستایشی یەزدانی پەروەردگارتان بکەن.» ئینجا هەموو کۆمەڵەکە ستایشی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆیان کرد و بە چۆکدا هاتن و کڕنۆشیان بۆ یەزدان و پاشا برد.