سەبارەت بەو شتانەی کە بۆ منتان نووسیوە: «باشە بۆ پیاو ژن نەهێنێت.» بەڵام لەبەر زۆریی داوێنپیسی، با هەر پیاوێک ژنی خۆی هەبێت و هەر ژنێک مێردی خۆی هەبێت. مێرد لەسەریەتی ئەرکی سەرشانی بۆ ژنەکەی بەجێبگەیەنێت، هەروەها ژنیش بۆ مێرد. ژن دەسەڵاتی بەسەر لەشی خۆیدا نییە، بەڵکو هی مێردەکەیەتی. هەروەها مێردیش دەسەڵاتی بەسەر لەشی خۆیدا نییە، بەڵکو هی ژنەکەیەتی. خۆتان لە یەکتری بێبەش مەکەن، مەگەر بە ڕێککەوتن بۆ ماوەیەک تاکو بۆ نوێژکردن دەست بەتاڵ بن و دواتر بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی ژن و مێردایەتی، نەوەک بەهۆی بەسەرخۆدا زاڵنەبوونتانەوە شەیتان تاقیتان بکاتەوە. بەڵام ئەمەی دەیڵێم، وەک ڕێگادانە نەک فەرمان. هیوادارم هەموو خەڵک وەک من بن، بەڵام هەریەکە لەلایەن خوداوە بەهرەی خۆی هەیە، هی یەکێک ئاوایە و ئەوەی دیکەش ئاوا. بەڵام ئەوانەی هاوسەرگیرییان نەکردووە و بێوەژنانیش، پێیان دەڵێم: بۆیان باشە ئەگەر وەک من بمێننەوە. بەڵام ئەگەر خۆیان ڕانەگرت، با هاوسەرگیری بکەن، چونکە هاوسەرگیری لە گڕگرتن باشترە. بەڵام بۆ هاوسەران، ڕایاندەسپێرم، من نیم بەڵکو مەسیحی باڵادەست ڕایاندەسپێرێت: با ژن لە مێردەکەی جیا نەبێتەوە، بەڵام ئەگەر لێی جیا بووەوە، با بێ مێرد بمێنێتەوە یان مێردەکەی ئاشت بکاتەوە. مێردیش با ژنەکەی تەڵاق نەدات. ئەوانی دیکە من پێیان دەڵێم نەک مەسیحی باڵادەست: ئەگەر برایەک ژنێکی بێباوەڕی هەبوو، ژنەش ڕازی بوو لەگەڵیدا بژیێت، با تەڵاقی نەدات. ئەگەر ژنێک مێردێکی بێباوەڕی هەبوو، مێردەکە ڕازی بوو لەگەڵیدا بژیێت، با ژنەکە لێی جیا نەبێتەوە، چونکە مێردە بێباوەڕەکە لە ژندا پیرۆزکراوە و ژنی بێباوەڕ لە پیاودا پیرۆزکراوە، ئەگینا منداڵتان گڵاوە، بەڵام ئێستا پیرۆزە. بەڵام ئەگەر بێباوەڕەکە خۆی جیا کردەوە، با جیا بێتەوە. لە باری ئاوادا براکە یان خوشکەکە نەبەستراوەتەوە، بەڵکو خودا بۆ ئاشتی بانگی کردووین، چونکە ئەی ژن، چۆن دەزانی ئاخۆ مێردەکەت ڕزگار دەکەیت؟ یان ئەی مێرد، چۆن دەزانی ئاخۆ ژنەکەت ڕزگار دەکەیت؟ لەگەڵ ئەوەشدا، با هەر یەکێک بەپێی ئەو بەشەی مەسیحی خاوەن شکۆ پێیداوە و بەو شێوەیەی کە خودا بانگی کردووە بژیێت، لە هەموو کڵێساکان ئاوا فەرمان دەدەم. ئەوەی بە خەتەنەکراوی بانگکراوە، با نەبێتەوە خەتەنەنەکراو. ئەوەش بە خەتەنەنەکراوی بانگکراوە، با خەتەنە نەکات. خەتەنەکردن هیچ نییە، خەتەنەنەکردنیش هیچ نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی خودا گرنگە. با هەر یەکێک لەو بارودۆخەدا بمێنێتەوە کە تێیدا بووە کاتێک خودا بانگی کردووە. ئایا بە کۆیلەیی بانگکرایت؟ گوێی مەدەرێ. بەڵام ئەگەر توانیت ئازاد بیت، بیکە، چونکە ئەوەی کۆیلە بووە کاتێک یەزدان بانگی کردووە ئەوە دەبێتە ئازادکراوی یەزدان. بە هەمان شێوە ئەوەشی کە ئازاد بووە، کاتێک بانگکراوە ئەوە دەبێتە کۆیلەی مەسیح. ئێوە بە نرخێک کڕاون، مەبنە کۆیلەی خەڵک. خوشکان، برایان، با هەرکەسێک بەو شێوەیە لەگەڵ خودا بمێنێتەوە کە تێیدا بووە لەو کاتەی بانگکراوە.
یەکەم کۆرنسۆس 7 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەکەم کۆرنسۆس 7
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەکەم کۆرنسۆس 1:7-24
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان