لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم پاشایان 1:11-13

یەکەم پاشایان 1:11-13 KSS

سلێمان پاشا سەرەڕای کچەکەی فیرعەون زۆر ژنی دیکەی بێگانەی خۆشویست، لە مۆئابی و عەمۆنی و ئەدۆمی و سەیدائی و حیتییەکان، لەو گەلانەی کە یەزدان بە نەوەی ئیسرائیلی فەرموو: «ژن و ژنخوازییان لەگەڵ مەکەن، نەوەک دڵتان بۆ لای خوداوەندەکانیان ڕابکێشن.» لەگەڵ ئەوەشدا سلێمان خۆشیویستن و دڵی پێیانەوە بەند بوو. حەوت سەد ژنی خانەدان و سێ سەد کەنیزەی هەبوو، جا ژنەکانی دڵیان هەڵگەڕاندەوە. ئەوە بوو لە تەمەنی پیری سلێمان، ژنەکانی دڵیان بەلای خوداوەندەکانی دیکەدا ڕاکێشا، دڵی وەک دڵی داودی باوکی لەگەڵ یەزدانی پەروەردگاری خۆی تەواو نەبوو. ئیتر سلێمان دوای عەشتۆرەتی خواژنی سەیدائییەکان و دوای مۆلەخی خوداوەندی قێزەونی عەمۆنییەکان کەوت. سلێمان لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بە پێچەوانەی داودی باوکی، بە تەواوی دوای یەزدان نەکەوت. لەو کاتەدا سلێمان لەسەر یەکێک لە کێوەکانی بەرامبەر ئۆرشەلیم لەلای ڕۆژهەڵاتی شارەکە نزرگەیەکی سەر بەرزایی بۆ کەمۆشی خوداوەندی قێزەونی مۆئابییەکان و هەروەها بۆ مۆلەخی خوداوەندی قێزەونی عەمۆنییەکان بنیاد نا. هەمان کاریشی بۆ هەموو ژنە بێگانەکانی کرد، کە بخووریان دەسووتاند و قوربانییان سەردەبڕی بۆ خوداوەندەکانیان. یەزدان لە سلێمان تووڕە بوو، چونکە دڵی لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل هەڵگەڕایەوە، ئەوەی دوو جار بۆی دەرکەوت. هەرچەندە فەرمانی بە سلێمان کردبوو کە دوای خودای دیکە نەکەوێت، بەڵام ئەوەی یەزدان فەرمانی پێکرد، سلێمان گوێڕایەڵ نەبوو. یەزدان بە سلێمانی فەرموو: «لەبەر ئەم هەڵوێستەت و گوێڕایەڵنەبوونت بۆ پەیمان و فەرزەکەی من کە فەرمانم پێ کردیت، پاشایەتییەکەت لێ پارچەپارچە دەکەم و دەیدەمە خزمەتکارەکەت، بەڵام لەبەر داودی باوکت لە ماوەی پاشایەتی خۆت نایکەم. لە دەستی کوڕەکەت پارچەپارچەی دەکەم، لەگەڵ ئەمەش هەموو پاشایەتییەکەی لێ ناستێنمەوە، بەڵکو هۆزێکی پێدەدەم، لەبەر داودی بەندەم و لەبەر ئۆرشەلیم کە هەڵمبژاردووە.»