دوای ماوەیەکی زۆر، لە ساڵی سێیەمی وشکەساڵی فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەلیاس هات: «بڕۆ و خۆت بۆ ئەحاڤ دەربخە، منیش باران بۆ سەر خاکەکە دەبارێنم.» جا ئەلیاس چوو خۆی بۆ ئەحاڤ دەربخات. قاتوقڕی لە سامیرە پەرەی سەندبوو، ئیتر ئەحاڤ بانگی عۆبەدیای کرد، کە سەرپەرشتیاری کۆشکەکەی ئەو بوو. (عۆبەدیا کەسێکی لەخواترس بوو. کاتێک کە ئیزابێل پێغەمبەرەکانی یەزدانی قڕ دەکرد، عۆبەدیا سەد پێغەمبەری بردبوو و لە دوو ئەشکەوتدا شاردبوونییەوە، هەر پەنجا لە ئەشکەوتێکدا و نان و ئاوی بۆ دابین کردبوون.) ئەحاڤ بە عۆبەدیای گوت: «بەناو خاکەکەدا بڕۆ هەموو دۆڵ و کانیاوەکان، بەڵکو گیا پەیدا بکەین و ئەسپ و هێسترەکان بە زیندوویی بهێڵینەوە و بە ناچاری ئاژەڵەکانمان سەرنەبڕین.» ئینجا خاکەکەیان لەنێوانیان دابەش کرد هەتا بەناویدا بڕۆن، ئەحاڤ بە تەنها بە ڕێگایەکدا ڕۆیشت و عۆبەدیاش بە تەنها بە ڕێگایەکی دیکەدا ڕۆیشت. کاتێک عۆبەدیا لە ڕێگا بوو، تووشی ئەلیاس بوو، جا ناسییەوە و کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «ئەوە تۆی گەورەم، ئەلیاس؟» ئەویش گوتی: «منم، بڕۆ بە گەورەکەت بڵێ: ”ئەلیاس لێرەیە.“» عۆبەدیاش گوتی: «گوناهم چییە، هەتا خزمەتکارەکەت بدەیتە دەستی ئەحاڤ بۆ ئەوەی بمکوژێت؟ بە یەزدانی زیندوو، خودای خۆت، گەلێک و پاشایەتییەک نەماوە پاشای گەورەکەم کەسێکی بەدواتدا نەناردبێ. دەیانگوت کە تۆ لەلای ئەوان نیت، جا سوێندی دەدان بۆ ئەوەی لە قسەکەیان دڵنیابێتەوە. تۆش ئێستا دەڵێیت: ”بڕۆ بە گەورەکەت بڵێ، ’ئەلیاس لێرەیە.‘ “ کاتێک کە من لەلات دەڕۆم ڕۆحی یەزدان هەڵتدەگرێت بۆ شوێنێک کە من نایزانم، جا کە دەچم و بە ئەحاڤ ڕادەگەیەنم، ئەویش ناتدۆزێتەوە، من دەکوژێت. خۆشت دەزانیت خزمەتکارەکەت لە منداڵییەوە لەخواترسە. ئایا ئەوەی کە کردم بە گەورەم ڕانەگەیەنراوە، کاتێک ئیزابێل پێغەمبەرەکانی یەزدانی کوشت، منیش سەد پێغەمبەری یەزدانم شاردەوە، هەر پەنجا و لە ئەشکەوتێک، نان و ئاوم بۆ دابین کردن. ئێستاش تۆ پێم دەڵێیت: ”بڕۆ بە پاشای گەورەت بڵێ، ’ئەلیاس لێرەیە،‘ “ ئەویش دەمکوژێت!» ئەلیاسیش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، خودای سوپاسالار، ئەوەی دەیپەرستم، من ئەمڕۆ خۆم بۆ ئەحاڤ دەردەخەم.» ئینجا عۆبەدیا چوو بۆ لای ئەحاڤ و پێی ڕاگەیاند، ئەحاڤیش چوو بۆ لای ئەلیاس. کاتێک ئەحاڤ ئەلیاسی بینی، پێی گوت: «ئەوە تۆی، ئەی تێکدەری ئیسرائیل؟» ئەلیاسیش گوتی: «من ئیسرائیلم تێکنەداوە، بەڵکو تۆ و ماڵی باوکت ئەمەتان کردووە، بە وازهێنانتان لە فەرمانەکانی یەزدان و ملکەچبوونتان بۆ بەعلەکان.
یەکەم پاشایان 18 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەکەم پاشایان 18
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەکەم پاشایان 1:18-18
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان