لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم پاشایان 16:18-40

یەکەم پاشایان 16:18-40 KSS

ئینجا عۆبەدیا چوو بۆ لای ئەحاڤ و پێی ڕاگەیاند، ئەحاڤیش چوو بۆ لای ئەلیاس. کاتێک ئەحاڤ ئەلیاسی بینی، پێی گوت: «ئەوە تۆی، ئەی تێکدەری ئیسرائیل؟» ئەلیاسیش گوتی: «من ئیسرائیلم تێکنەداوە، بەڵکو تۆ و ماڵی باوکت ئەمەتان کردووە، بە وازهێنانتان لە فەرمانەکانی یەزدان و ملکەچبوونتان بۆ بەعلەکان. ئێستاش بنێرە و لە کێوی کارمەل هەموو ئیسرائیلم لێ کۆبکەوە، هەروەها چوار سەد و پەنجا پێغەمبەرەکەی بەعل و چوار سەد پێغەمبەرەکەی ئەشێراش، کە لەسەر خوانەکەی ئیزابێل نان دەخۆن.» جا ئەحاڤ بەدوای هەموو نەوەی ئیسرائیلیدا نارد، هەموو پێغەمبەرەکانی لە کێوی کارمەل کۆکردەوە. ئەلیاسیش لە هەموو گەل چووە پێشەوە و گوتی: «هەتا کەی لەنێوان ئەم دووانەدا دوو دڵ دەبن؟ ئەگەر یەزدان خودایە دوای بکەون، ئەگەر بەعلیش خودایە دوای ئەو بکەون.» بەڵام گەل بە یەک وشەش وەڵامیان نەدایەوە. پاشان ئەلیاس بە گەلی گوت: «بە تەنها من بە پێغەمبەری یەزدان ماومەتەوە، پێغەمبەرەکانی بەعلیش چوار سەد و پەنجا پیاون. دوو جوانەگامان بدەنێ، با ئەوان گایەک بۆ خۆیان هەڵبژێرن و لەتی بکەن و لەسەر تەختەدارەکان دایبنێن، بەڵام با ئاگری تێبەر نەدەن. منیش گایەکەی دیکە بەو جۆرە لێ دەکەم و لەسەر تەختەدارەکان دایدەنێم و ئاگری تێبەر نادەم. ئینجا بە ناوی خوداوەندی خۆتانەوە بپاڕێنەوە و منیش بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە. ئەو خودایەی کە بە ئاگر وەڵام دەداتەوە، ئەو خودایە.» هەموو گەل وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «قسەیەکی جوانە.» ئینجا ئەلیاس بە پێغەمبەرەکانی بەعلی گوت: «جوانەگایەک بۆ خۆتان هەڵبژێرن و یەکەم جار ئێوە ئامادەی بکەن لەبەر ئەوەی ئێوە زۆرترن، بە ناوی خوداوەندەکەشتانەوە بپاڕێنەوە، بەڵام ئاگری تێبەر مەدەن.» ئیتر ئەوان ئەو جوانەگایەیان برد کە پێیان درابوو، ئامادەیان کرد. لە بەیانییەوە هەتا نیوەڕۆ بە ناوی بەعلەوە پاڕانەوە و گوتیان: «ئەی بەعل، وەڵاممان بدەوە!» بەڵام نە دەنگ هەبوو، نە کەسیش وەڵامی دایەوە. هەروەها بە دەوری ئەو قوربانگایەدا هەڵدەبەزینەوە کە دروستیان کردبوو. لە نیوەڕۆدا ئەلیاس دەستی کرد بە گاڵتەپێکردنیان و گوتی: «قاییمتر هاوار بکەن! ئەو خوداوەندە! لەوانەیە داڵغەی لێدابێت، چووبێتە سەرئاو، لە گەشت بێت، یان لەوانەیە نوستبێت و دەبێت خەبەر بکرێتەوە.» ئەوانیش بە دەنگی بەرز هاواریان کرد، وەک پیشەی خۆیان بە شمشێر و ڕم لە خۆیان دا، هەتا خوێنیان لێ چۆڕایەوە. کاتێک عەسر داهات هەتا کاتی قوربانی ئێوارە حاڵیان کرد، بەڵام کوا دەنگ و کوا وەڵام و کوا گوێگر؟ ئەلیاس بە هەموو گەلی گوت: «وەرنە پێشەوە بۆ لام.» ئەوانیش لێی چوونە پێشەوە. ئینجا قوربانگا وێرانکراوەکەی یەزدانی چاککردەوە. پاشان ئەلیاس دوازدە بەردی برد، هێندەی ژمارەی هۆزەکانی نەوەی یاقوب کە فەرمایشتی یەزدانی بۆ هاتبوو، پێی فەرمووبوو: «ناوت ئیسرائیل دەبێت.» لەو بەردانە قوربانگایەکی بە ناوی یەزدان بنیاد نا و لە دەوری قوربانگاکە ئاوەڕۆیەکی دروستکرد کە جێگای دوو پێوانە تۆوی تێدا دەبووەوە. ئینجا تەختەدارەکانی ڕێکخست و جوانەگاکەی لەتوپەت کرد و لەسەر تەختەدارەکان داینا. ئینجا گوتی: «چوار گۆزە ئاو پڕ بکەن و بەسەر قوربانییەکە و بەسەر دارەکانیدا بکەن.» گوتی: «دووبارەی بکەنەوە.» دووبارەیان کردەوە. گوتی: «سێ بارەی بکەنەوە.» سێ بارەیان کردەوە. جا ئاو لە دەوری قوربانگاکە ڕۆیشت و ئاوەڕۆکەش پڕ بوو لە ئاو. لە کاتی پێشکەشکردنی قوربانی، ئەلیاسی پێغەمبەر هاتە پێشەوە و گوتی: «ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیل، ئەمڕۆ با بزانرێت کە تۆ لە ئیسرائیل خودایت، منیش بەندەی تۆم و بە فەرمایشتی تۆ هەموو ئەم کارانەم کردووە. وەڵامم بدەوە ئەی یەزدان، وەڵامم بدەوە تاکو ئەم گەلە بزانن کە تۆ یەزدانی پەروەردگاریت، تۆ دڵیان بەرەو لای خۆت ڕادەکێشیت.» ئینجا ئاگری یەزدان کەوتە خوارەوە، قوربانی و تەختەدار و بەرد و خۆڵەکەی خوارد، ئاوی ناو ئاوەڕۆکەشی وشک کرد. کاتێک هەموو گەل ئەوەیان بینی، بە ڕوودا کەوتن و گوتیان: «یەزدان خودایە، یەزدان خودایە!» ئینجا ئەلیاس پێی گوتن: «پێغەمبەرەکانی بەعل بگرن و مەهێڵن پیاوێکیان لێ دەرباز بێت.» ئەوانیش گرتیانن، ئەلیاس بردنییە خوارەوە بۆ دۆڵی قیشۆن و لەوێ سەری بڕین.