لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم پاشایان 22:18-28

یەکەم پاشایان 22:18-28 KSS

پاشان ئەلیاس بە گەلی گوت: «بە تەنها من بە پێغەمبەری یەزدان ماومەتەوە، پێغەمبەرەکانی بەعلیش چوار سەد و پەنجا پیاون. دوو جوانەگامان بدەنێ، با ئەوان گایەک بۆ خۆیان هەڵبژێرن و لەتی بکەن و لەسەر تەختەدارەکان دایبنێن، بەڵام با ئاگری تێبەر نەدەن. منیش گایەکەی دیکە بەو جۆرە لێ دەکەم و لەسەر تەختەدارەکان دایدەنێم و ئاگری تێبەر نادەم. ئینجا بە ناوی خوداوەندی خۆتانەوە بپاڕێنەوە و منیش بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە. ئەو خودایەی کە بە ئاگر وەڵام دەداتەوە، ئەو خودایە.» هەموو گەل وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «قسەیەکی جوانە.» ئینجا ئەلیاس بە پێغەمبەرەکانی بەعلی گوت: «جوانەگایەک بۆ خۆتان هەڵبژێرن و یەکەم جار ئێوە ئامادەی بکەن لەبەر ئەوەی ئێوە زۆرترن، بە ناوی خوداوەندەکەشتانەوە بپاڕێنەوە، بەڵام ئاگری تێبەر مەدەن.» ئیتر ئەوان ئەو جوانەگایەیان برد کە پێیان درابوو، ئامادەیان کرد. لە بەیانییەوە هەتا نیوەڕۆ بە ناوی بەعلەوە پاڕانەوە و گوتیان: «ئەی بەعل، وەڵاممان بدەوە!» بەڵام نە دەنگ هەبوو، نە کەسیش وەڵامی دایەوە. هەروەها بە دەوری ئەو قوربانگایەدا هەڵدەبەزینەوە کە دروستیان کردبوو. لە نیوەڕۆدا ئەلیاس دەستی کرد بە گاڵتەپێکردنیان و گوتی: «قاییمتر هاوار بکەن! ئەو خوداوەندە! لەوانەیە داڵغەی لێدابێت، چووبێتە سەرئاو، لە گەشت بێت، یان لەوانەیە نوستبێت و دەبێت خەبەر بکرێتەوە.» ئەوانیش بە دەنگی بەرز هاواریان کرد، وەک پیشەی خۆیان بە شمشێر و ڕم لە خۆیان دا، هەتا خوێنیان لێ چۆڕایەوە.