لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم پاشایان 30:18-39

یەکەم پاشایان 30:18-39 KSS

ئەلیاس بە هەموو گەلی گوت: «وەرنە پێشەوە بۆ لام.» ئەوانیش لێی چوونە پێشەوە. ئینجا قوربانگا وێرانکراوەکەی یەزدانی چاککردەوە. پاشان ئەلیاس دوازدە بەردی برد، هێندەی ژمارەی هۆزەکانی نەوەی یاقوب کە فەرمایشتی یەزدانی بۆ هاتبوو، پێی فەرمووبوو: «ناوت ئیسرائیل دەبێت.» لەو بەردانە قوربانگایەکی بە ناوی یەزدان بنیاد نا و لە دەوری قوربانگاکە ئاوەڕۆیەکی دروستکرد کە جێگای دوو پێوانە تۆوی تێدا دەبووەوە. ئینجا تەختەدارەکانی ڕێکخست و جوانەگاکەی لەتوپەت کرد و لەسەر تەختەدارەکان داینا. ئینجا گوتی: «چوار گۆزە ئاو پڕ بکەن و بەسەر قوربانییەکە و بەسەر دارەکانیدا بکەن.» گوتی: «دووبارەی بکەنەوە.» دووبارەیان کردەوە. گوتی: «سێ بارەی بکەنەوە.» سێ بارەیان کردەوە. جا ئاو لە دەوری قوربانگاکە ڕۆیشت و ئاوەڕۆکەش پڕ بوو لە ئاو. لە کاتی پێشکەشکردنی قوربانی، ئەلیاسی پێغەمبەر هاتە پێشەوە و گوتی: «ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیل، ئەمڕۆ با بزانرێت کە تۆ لە ئیسرائیل خودایت، منیش بەندەی تۆم و بە فەرمایشتی تۆ هەموو ئەم کارانەم کردووە. وەڵامم بدەوە ئەی یەزدان، وەڵامم بدەوە تاکو ئەم گەلە بزانن کە تۆ یەزدانی پەروەردگاریت، تۆ دڵیان بەرەو لای خۆت ڕادەکێشیت.» ئینجا ئاگری یەزدان کەوتە خوارەوە، قوربانی و تەختەدار و بەرد و خۆڵەکەی خوارد، ئاوی ناو ئاوەڕۆکەشی وشک کرد. کاتێک هەموو گەل ئەوەیان بینی، بە ڕوودا کەوتن و گوتیان: «یەزدان خودایە، یەزدان خودایە!»